پێكهاتەی كورد كورسییەكی پەرلەمانی لە پارێزگای كەركوك بۆ پێكهاتەی عەرەب لەدەستدا، لەكاتێكدا بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی عیراق 80 هەزار دەنگ زیادیكردووە، بەپێچەوانەوە پێكهاتەی عەرەب كە 62 هەزار و 949 دەنگی زیادكردووە، ژمارەی كورسییەكانی لە چوار كورسییەوە بۆ پێنج كورسی بەرزكردەوە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق چوارشەممە 12ی تشرینی دووەم، ئەنجامە بەراییەكانی پەرلەمانی عیراقی راگەیاند و تیایدا هەریەكە لە عەرەب و كورد پێنج كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا و توركمان دوو كورسی. ئەوە لەكاتێكدایە كورد 17 هەزار و 21 دەنگی زیاترە لە عەرەب.
لە كەركوك تەنیا یەكێتی بە چوار كورسی و پارتی بە یەك كورسی توانیان كورسی پەرلەمانی ببەنەوە، دەنگی تەواوی لایەنە كوردییەكان لەم هەڵبژاردنەدا 252 هەزار و 736 دەنگ بوو، لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی رابردوو 172 هەزار و 795 دەنگیان بەدەستهێنا.
بەو پێیە كورد سەرەڕای زیادكردنی 80 هەزار دەنگ لەم هەڵبژاردنەدا، بەڵام ژمارەی كورسییەكانی لە شەش كورسییەوە بۆ پێنج كورسی كەمیكرد.
كورد لە بازنەی كەركوك بە پێنج لیستی جیا بەشداربون، لە نێیواندا نەوەی نەوەی كە 12 هەزار و 320 دەنگی هێنا، تاكە كورسییەكەی لەدەستدا، پارتیش كە دوو كورسی هەبوو كردییە یەك كورسی و یەكێتیش لە سێ كورسییەوە كردیە چوار.
پێكهاتەی عەرەب، وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەبینرێت، دوای ئەوەی ژمارەی كورسییەكانی لە چوار كورسییەوە بۆ پێنج كورسی بەرزكردەوە.
لە هەڵبژاردنی رابردودا لایەنە عەرەبی و كوردییەكان بەگشتی لە دەنگدا یەكسان بون بە 172 هەزار دەنگ بۆ هەر یەكێكیان، ئەمجارە لایەنە عەرەبییەكان ژمارەی دەنگەكانیان بۆ 235 هەزار و 718 دەنگ بەرزكردۆتەوە، بەڵام هێشتا 17 هەزار و 21 دەنگی كەمترە لە دەنگی هەموو لایەنە كوردییەكان.
لەنێو لایەنە عەرەبییەكاندا حزبی تەقەدوم بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، براوەی یەكەمی نێو لایەنە عەرەبییەكان بوو، دوای ئەوەی سێ كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی هاوپەیمانی عەرەبی، بە سەرۆكایەتی راكان سەعید و هاوپیەیمانی عەزم یەكی بە یەك كورسی.
هەرچی پێكهاتەی توركمانە، دوو كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا و بەرەی توركمانی هەردوو كورسییەكەی مسۆگەركرد، ئەوەش بە بەدەستهێنانی 66 هەزار و 175 دەنگ.
بە گشتی توركمان 98 هەزار و 927 دەنگی بەدەستهێنا و لەو ژمارەیە 32 هەزار و 752 دەنگی بۆ هاوپەیمانی ئینقازی توركمانی بوو كە زیاتر لە هێزە شیعییەكان پێكهاتبوو و كاندیدەكانی زۆرینەی توركمانی شیعە مەزهەب بون.
توركمان بەگشتی لە هەڵبژاردنی رابردودا 65 هەزار و 89 دەنگی هەبوو، بەو پێیە 33 هەزار و 838 دەنگی لەم هەڵبژاردن زیادی كردووە.