هەفتە نییە دوكەڵێكی رەشی تێكەڵ بە ماددەی شێرپەنجەیی، لە چەقی گەڕەكی شۆرجەی خۆرهەڵاتی كەركوكەوە بەرەو موسەڵا و گەڕەكەكانی خۆرئاوای شار نەڕوات، وەك "ترسناكترین" هەڕەشە بۆ تەندروستی هاوڵاتیان و ژینگە.
سوتێنەر (مەحرقە)ـەكەی سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە، بۆتە مۆتەكەی خەڵك و ئاو و خاك و سەوزایی، هەرچی پاشماوەی تەندروستی هەیە تیایدا دەسوتێنرێت و دوكەڵەكەیشی بێ فلتەر خۆی دەکات بە ماڵ بەماڵی هاوڵاتییانی چەند گەڕەكێكی ناوشاردا.
ئەو سەنتەرە لە گەڕەكی شۆرجە، لە دەروازەی شەقامی دوسایدی پەنجاعەلی، نزیكە لە هەردوو پەیكەری مامەڕیشە و چوار برا، باڵەخانەی سەنتەرەكە لە دوو بەش پێكدێت؛ بەشێكی بینایەكی كۆنە و پێشتر فەرمانگەی هاتوچۆی ناوشار بووە ناسراوە بە (بەلدە) و بەشەكەی دیكەش بینایەكی سێ نهۆمییە بە هاوبەشی ئیدارەی پارێزگا و خێرخوازان بنیاتنراوە.
رۆژانە لە نێوان 50 بۆ 100 هاوڵاتی بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی سەنتەرەكە دەكەن، کە نەخۆشی جۆراجۆری شێرپەنجەن و سیستمی بەرگریی لەشیان لاوازە و پێویستە لە شوێنی خاوێن و گونجاودابن، جگە لە سەردانیكردنی دەیان هاوڵاتی دیكە بۆ پشكنینی جیاواز. مەحرەقەكەش راستەوخۆ لەناو گۆڕەپانی بیناكەدایە و دوكەڵەكەی پێش خەڵك، بۆ نەخۆشەكان دەڕوات.
"لەرووی تەندروستی و ژینگەییەوە، ئەم دووکەڵە زیانی زۆری بۆ هاوڵاتیان هەیە، هەروەها مەترسی زیاتریشی لەسەر کارمەندانی نەخۆشخانەکەمان هەیە" دکتۆر نیاز ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
لەرووی تەندروستی و ژینگەییەوە، ئەم دووکەڵە زیانی زۆری بۆ هاوڵاتیان هەیە
چواردەوری سەنتەرەكە پێكهاتووە لە شوێنکار و شوێنکاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل، بازاڕی میللی، گۆڕەپانی کڕین و فرۆشتنی کانزایی (ئاسن)، بەشی پشتەوەیشی خانوو و شوێنی نیشتەجێبونی هاوڵاتیانە کە دوو قوتابخانەشی تێدایە؛ هاوکات، بەدرێژایی دیواری سەنتەرەكە و لەسەر شۆستەکە، کۆمەڵێک فرۆشیاری سەوزە و میوەی گەڕۆك کاردەکەن.
ماڵی دارەوان جاسم (33 ساڵ)، بە چوار كۆڵان دەكەوێتە پشتەوەی سەنتەرەكە، لەو ماڵانەیە بە ئاسانی دوكەڵی مەحرەقەكەیان پێدەگات و هەستی پێدەكەن، "بەڕاستی بێزاری کردووین، خۆمان هەواكەمان زۆر پاک نییە، لەلایەکەوە دووکەڵی ئاگری بیرە نەوتەکانی نزیک شۆرجە و ئینجا ئەمەی نەخۆشخانەکەشی هاتۆتە سەر".
مەحرقەكە لانیكەم هەفتانە جارێك یان دوو جار كاری پێدەكرێت، بەپێی قەبارەی پاشماوەی كەڵەكەبوو، كە جێگیر نییە و بڕەكەی دەگۆڕێت، هەر جارێك لە نێوان كاتژمێرێك بۆ كاتژمێر و نیوێك دەسوتێت، بەپێی ئاڕاستەی با، دوكەڵ و بۆنەكەی دەڕوات، لە شۆرجەوە بەرەو گەڕەكەكانی خۆرئاوا، یان بەرەو بوڵاغ و ئیسكان لە باكوری خۆرهەڵاتی شاردا بڵاودەبێتەوە.
نەسرین جیهاد (57 ساڵ)، ژنێكی كابانە لە گەڕەكی بوڵاغ، بە دوری دوو كیلۆمەتر لە سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە، بە (كەركوك ناو)ـی وت "زۆرجار ئەگەر ئاڕاستەی با ڕووەو گەڕەکەکەی ئێمە بێت، ئەوا ئەو دووکەڵ و بۆنە ناخۆشە دەگاتە لای ماڵی ئێمە و ئیتر حاڵمان نامێنێت".
ئەو بە گلەیی و ناڕەزاییەوە دەپرسێت؛ بۆچی لەناو نەخۆشخانەدا پاشماوە دەسوتێنن و ژەهرەكەی بەسەر خەڵكدا دەكەن تا توشی نەخۆشی بن، ئایا نەخۆشخانە شوێنی چارەسەرە یان بڵاوكردنەوەی دوكەڵ و ژەهر؟، بەڵام چاوەڕێی وەڵامی لێپرسراوان نییە و هەر خۆی وەڵام دەداتەوە "بەداخەوە کەس خەمی خەڵکی نییە".
ڤیدیۆ: مەحرەقەكەی سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە لەكاتی كاركردندا
سەدا 90ـی خەڵك هەوای پیس و ناتەندروست هەڵدەمژن، لە نێویاندا هەوای عیراق یەكێكە لە "هەرە پیسترینی" وڵاتانی جیهان، بەگوێرەی (ئا کیو ئێر) کە کۆمپانیاییەکی سویسری تەکنۆلۆژیی کواڵیتی هەوایە، لەكاتێكدا رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات كە پیسبونی هەوای ناو ماڵ و دەرەوە، لە هەڕەشە گەورەكانی سەر ژیان و ئاووهەوان کە ساڵانە دەبنە هۆی مردنی پێشوەختەی حەوت ملیۆن كەس لە جیهاندا.
محەمەد خزر، پزیشکی راوێژکار و شارەزا لە بواری ژینگە بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەکاتی سوتاندنی پاشماوە تەندروستییەکاندا، چەند جۆرە گازێکی ترسناک دەردەدرێت، لەوانە، دیۆکسینات و فۆڕانات، کە دوو ماددەی شێرپەنجەیین و راستەوخۆ کاردەکەنە سەر تەندروستیی مرۆڤ"، دەشڵێت كاریگەریی نەرێنی دەكەنە سەر ئاو، زەویی کشتوکاڵی، ئاو و هەوای ناوچەکە و بەروبوومی ئاژەڵی.
بەپێی یاسا و رێنماییە بەركارەكانی ژینگە، پێویستە سوتێنەرە پزیشکییەکان لە دەرەوە و دووری شار بن، بەجۆرێک بە مەودایەکی دوور بێت لە شوێن و ناوچەی نیشتەجێبونی هاوڵاتیان، چونکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر تەندروستیی هاوڵاتییان و دەبێتە هۆی توشبوون بە چەندین نەخۆشی.
"ئێستا لە عیراق، پاشماوە تەندروستییەکان یەکێکە لە هەرە ترسناکترین هەڕەشە جددییەکان لەسەر ژینگە و تەندروستی هاوڵاتییان" بەوتەی دكتۆر محەمەد.
گۆڕەپانەكەی سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە، جگە لە مەحرەقە، پانتاییەکی فراوانە بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێل، لەو گۆڕەپانەدا کەمترین سەوزایی بەرچاودەکەوێت، باخچەیەکی بچووکی سەوزایی تێدایە کە ڕووبەرەکەی نزیکەی دووسەد مەترێك دەبێت، ئەویش دەكەوێتە ناو بەشی بینا کۆنەکە لەگەڵ ژمارەیەک دار لەبەشی پێشەوەی نەخۆشخانەکەدا.
هیچ کام لە مەحرەقەكانی كەركوك ستانداردی پاراستنی ژینگەی تێدا نییە
"زیاتر بە شەوان مەحرەقەکە ئیش دەکات و پاشماوەکان دەسوتێنن، بەڕاستی دیمەنێکی زۆر نەگونجاوە و بێجگە لەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ توشبوون بە جۆرەها نەخۆشی"، عەباس عەبدوڵا (42 ساڵ)، وای وت. عەباس فەرمانبەرە و ماڵەكەی چەند سەد مەترێک لە سەنتەرەكەوە دوورە.
بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێت "چۆن دەبێت حکومەت لەم بابەتە بێ ئاگا بێت!"، ئەو چاوەڕێی چارەسەری بەپەلەی ئیدارەی شارەكەی دەكات، جارێكیتر جەخت لە قسەكانی دەكاتەوە، "بە چ عەقڵ و مەنتقێک قبوڵە نەخۆشخانەکە شوێنی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە بێت و شەوانیش دووکەڵ و گازی ژەهراوی بەسەر هاوڵاتیاندا بڵاوبکاتەوە".
عیراق پێنجەم وڵاتی جیهانە بۆ مەترسییەكانی گۆڕانی ئاووهەوا، بەپێی رێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەوپێیەی تەحەدی زۆری ژینگەیی روبەڕوبۆتەوە لە بەرهەمهێنانی نەوت و گازەکان تا نەبونی چارەسەری زانستیی خۆڵ و خاشاك، كە ساڵانە دەگاتە 12 ملیۆن تۆن و سەدا 13ـی دەسوتێنرێت، ئەوەش دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا.
پیسبونی ژینگە و ئاووهەوا، بەپێی هۆشدارییەكانی وەزارەتی تەندروستی، یەكێكە لە هۆكارەكانی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، كە تەنیا لە ساڵی 2024دا لە سەنتەری چارەسەری شێرپەنجەی كەركوك، هەزار و 276 تووشبووی وەرەمی رەق و هەزار و 628 تووشبوی نەخۆشییەكانی خوێن لە نێویاندا هیمۆفیلیا تۆماركراون. بە گشتی لە عیراق شێرپەنجەی سییەكان دووەم بەرزترین جۆری شێرپەنجەیە.
عەلی عیزەدین، بەرێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی کەرکوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "هیچ کام لە مەحرەقەكانی كەركوك ستانداردی پاراستنی ژینگەی تێدا نییە". لە كەركوك چوار مەحرەقەی تەندروستی هەن، لەوانە مەحرەقەی نەخۆشخانەی ئازادی، نەخۆشخانەی کۆماری و یەکێکی دیكەش لە گەڕەکی سەیادەیە، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە خاوەندارێتییان دەكرێت.
هیچ یەكێك لە مەحرەقە تەندروستییەكان رێپێدراوی فەرمی ژینگەییان نییە و دەبنە هۆی دروستبونی دووکەڵ کە کاردەکاتە سەر ژینگە و تەندروستیی هاوڵاتیان، بەوتەی عیزەدین، لە كاتێكدا نوسراوی ئاگادارکردنەوە دەكەن و سزای دارایی و هەندێكجار گەیشتوون بە فەرمانی داخستنی مەحرەقەكە، "بەڵام ناتوانرێت دابخرێت، چونکە دەبێتە هۆی کەڵەکە بوونی زیاتری پاشماوە تەندرووستییەکان".
کامەران قادر (37 ساڵ)، دانیشتوی گەڕەکی شۆرجەیە و ماڵەكەی سێ کۆڵان لە نەخۆشخانەکەوە دوورە، ئەو دەڵێت "سوتاندنی ئەو پاشماوانە هەم بۆنێکی ناخۆشی هەیە و دووکەڵەکەشی بەسەر گەڕەک و بازاڕەکەدا بڵاو دەبێتەوە... بەداخەوە کەسێکیش نییە خەمێکی لێ بخوات و چارەسەری بکات".
چارەسەری ئەو كێشەیە قورس نییە، وەكو لێپرسراوەكەی ژینگە رونیكردەوە، ئەگەر مەحرەقەكان ئامێری وردكەر (مەثرمة)ـەیان هەبێت، ئەوا پاشماوەكان پێش سوتاندن ورد دەكەن و پاشماوەیەكی 10 كیلۆیی بچوك دەبێتەوە بۆ نزیكەی دوو كیلۆ، ئەوكات "مەترسییەکە سەدا 90 كەمدەبێتەوە و دوكەڵەكەی كەمدەكات".
ئیدارەی پارێزگای كەركوك، لە ئاداری ئەمساڵدا، بڕیاریدا بە كڕینی دوو ئامێری تایبەتی ریسایکلینی پاشماوە تەندروستییەکان تا پاشماوەكان بەشێوەیەکی سەردەمیانە چارەسەر بکرێن لە بری سوتاندنیان، هەروەها بڕی 500 ملیۆن دیناری تەرخانكرد بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستی تەندروستی بۆ سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە.
مەحرەقەكەی سەنتەری شێرپەنجە لە ساڵی 2023ـەوە كەوتۆتە كار، کارمەندی تایبەتی بۆ تەرخانكراوە، پێشتر ئامێری وردكەر (مثرمة)ـەیان هەبووە، بەڵام لە كاركەوتووە، نیاز ئەحمەد وتی "بەڵێنمان پێدراوە کە ئامێرێکی نوێمان بۆ دابینبکەن بۆ کەمکردنەوەی دووکەڵی مەحرەقەکە... موخاتەبەی لایەنی پەیوەندیدارم کردووە بۆ دروستکردنی مەحرەقەیەک کە بەستانداردی جیهانی بێت و لەدەرەوەی شار بێت و فلتەری تایبەت بەخۆی لەگەڵدا بێت".