نۆ كورسی كۆتا بە 121 هەزار دەنگ
دەنگەكانی كریستیان، ئێزیدی و سابیئە بۆ دوو هێندە زیادیكردووە

دهۆك/ 9ی تشرینی دوەمی 2025/ ئێزیدییەك لەساتی بەشداریكردنی لە دەنگدانی تایبەتدا لە كەمپی ئاوارەكان. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

نۆ كاندیدە براوەكەی كورسی كۆتای كەمینە لە عیراق، بە زیاتر لە 121 هەزار دەنگ كورسییەكانیان مسۆگەر كردووە، كە دەنگی هەندێك پێكهاتە بۆتە دوو هێندە بەراورد بە بە هەڵبژاردنی رابردوو.

بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراق، كە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەچوو، تەواوی دەنگی كاندیدانی كۆتای پێكهاتە ئایینیی و نەتەوەییەكان گەیشتۆتە زیاتر لە 270 هەزار دەنگ، ئەوەش زیاترە لە چاو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی 2021ـدا، كە ژمارەكە كەمتر بوو لە 226 هەزار دەنگ.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارە 53 كاندیدی كۆتا هەبوو لە كاتێكدا هەڵبژاردنی رابردوو 67 كاندید بوون.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن، لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عیراق، تەنیا نۆ كورسی بۆ پێكهاتەكانی كریستیان، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، كوردی فەیلی و شەبەك تەرخانكراوە، تەواوی عیراق بۆ پێكهاتەكان یەك بازنەی هەڵبژاردن بوو؛ لە هەر ناوچەیەكی وڵاتەكەدا، دەنگدەری هەموو نەتەوە و ئایینێك دەیانتوانی دەنگ بە كاندیدی كۆتا بدەن.

ئەو نۆ كاندیدەی توانیویانە كورسی كۆتا بەدەستبهێنن، پێكەوە 121 هەزار و 192 دەنگیان هەیە، لەكاتێكدا هەڵبژاردنی رابردوو نۆ كورسییەكە 96 هەزار و 76 دەنگی هەبوو.

كریستیان: ململانێیەكی گەرم

لەكۆی نۆ كورسی كەمینە ئایینیی و نەتەوەییەكان؛ كاندیدانی كریستیان توانیویانە بە 78 هەزار و 406 دەنگ پێنج كورسی كۆتا بەدەستبهێنن. كە هەڵبژاردنی رابردوو ئەو پێنج كورسییە بە 46 هەزار و 596 دەنگ یەكلابۆوە.

كۆی دەنگی كریستیان لەم هەڵبژاردنەدا گەیشتە 154 هەزار و 227 دەنگ، كێبڕكێ لە نێوان 19 كاندیدا بوو، بەهۆی دەستتوەردانی حزب و لایەنەكانی دەرەوەی كۆتا، ململانێیەكی توند رویدا، لە كاتێكدا هەڵبژاردنی پێشوو كۆی دەنگەكانیان 118 هەزار و سێ دەنگ بوو لە نێوان 34 كاندیدا.

پێنج كورسییەكەی كۆتای كریستیان دەكەونە پارێزگاكانی بەغدا، كەركوك، نەینەوا، هەولێر و دهۆك، كورسییەكانی بەغدا و نەینەوا بۆ كاندیدەكانی بزوتنەوەی بابلیۆن رۆیشتون بە سەرۆكایەتی رەیان كلدانی، فەرماندەی كەتائیبی بابلیۆن سەر بە حەشدی شەعبی. بابلیۆن پێشتر چوار كورسی كۆتای هەبوو.

هەریەك لە ئیڤان فائیق یەعكوب جابرۆ، وەزیری ئێستای كۆچ و كۆچبەران بە 13 هەزار و 137 دەنگ لە پشكی پارێزگای بەغدا بۆتە پەرلەمانتار، لە نەینەواش ئەسوان سالم كلدانی بە شەش هەزار و 234 دەنگ.

سێ كاندیدە براوەكەی دیكەی كریستیان لە كەركوك، دهۆك و هەولێر بەشێوەی سەربەخۆ بەشداربوون و بە ناڕاستەوخۆ لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پشتگیری دەكران.

سامی ئۆشانە لە پشكی كۆتای كریستیانی دهۆك، توانیویەتی بە 22 هەزار و 838 دەنگ كورسی مسۆگەر بكات لە بەرانبەردا كاندیدەكەی بابلیۆن بە پشتگیری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە 22 هەزار و 67 دەنگ سەركەوتوو نەبووە.

5226904538890046397
نەینەوا/ 9ی تشرینی دووەمی 2025/ دوو دەنگدەری هێزە ئەمنییەكان لەكاتی بەشداریكردنیان لە دەنگدانی تایبەت. فۆتۆ: ئەحمەد بلە

لە پارێزگای كەركوك كاندیدی كریستیان عیماد یوخەنا، بە 17 هەزار و 680 كورسی بردووە لە بەرانبەر كاندیدەكەی بابلیۆن كە 12 هەزار و 838 دەنگی هەبوو. هەروەها لە هەولێر كورسییەكەی كۆتا بۆ كلدۆ رەمزی بووە بە 18 هەزار و 517 دەنگ، لە بەرانبەر شكستی كاندیدی بابلیۆن كە 13 هەزار و 614 دەنگی هێنا.

كریستیان لە كۆتای ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدا پشكی شێریان بەردەكەوێت؛ لە چوار پارێزگادا چوار كورسی هەیە لە كۆی 10 كورسی كۆتا.

ئایینی مه‌سیحی، دووه‌م گه‌وره‌ترین ئایینه‌ له‌ عیراق دوای ئیسلام، به‌پێی ده‌ستوری عیراق دانیپێدانراوه‌ و زمانیشیان پارێزراوه‌ كه‌ سریانییه.

كاتێك "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" لە ساڵی 2014ـدا دەستیگرت بەسەر نەینەوا و چەندین ناوچەی كەركوك، كریستیانەكان لە بەردەم سێ بژاردەدا بون؛ بون بە ئیسلام، پێدانی باج یان كۆچكردن، بۆیە زۆرینە بە ناچاری ئاوارەبون.

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، ئاداری ساڵی رابردوو لە ئامارێكدا بڵاویكردەوە، ژمارەی كریستیانەكان بۆ 250 هەزار كەس كەمبۆتەوە كە زۆرینە لە هەرێمی كوردستانن، لەكاتێكدا پێش ساڵی 2003 دەگەیشتنە ملیۆن و نیوێك.

دەنگی ئێزیدی بۆتە دوو هێندە

ئێزیدییەكان بە حەوت كاندیدەوە چوونە ناو كێبڕكێی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و پێكەوە 32 هەزار و 169 دەنگیان بەدەستهێنا، لەكاتێكدا هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمان هەمان ژمارەی كاندید خاوەنی 12 هەزار و 935 دەنگ بوون.

كورسی كۆتای ئێزیدی لە پارێزگای نەینەوا بۆ خالد سیدۆ خالیدی بوو، بە نۆ هەزار و 687 دەنگ، كە كاندیدی سەربەخۆیە و پارتی پشتگیری كردووە، بەوەش كورسییەكەی لە پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی وەرگرتەوە، كە پێشتر بە زیاتر لە سێ هەزار دەنگ بەدەستیانهێنابوو.

ئێزیدی لە ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدا تەنیا لە نەینەوا یەك كورسی كۆتای هەیە.

ژمارەی ئێزیدییەکان لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون ‌و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش كۆچیانكردووە، بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

زۆرینەی ئێزیدییەكان لە قەزای شنگال، كه‌ ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكی خۆرئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وایە‌ دەژین، قەزاكە لە 3ـی ئابی 2014دا كەوتە دەست داعش و بەهۆیەوە هه‌زاران كه‌س له‌و پێكهاته‌یه روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی بونەوە. بەشێكی تری ئێزیدییەكان لە شێخان، باشیك و ناوچەكانی تری دەشتی نەینەوا دەژین.

دەنگی سابیئە هەڵكشا

هاوشێوەی ئێزیدی، دەنگەكانی پێكهاتەی سابیئەی مەندائی لەم هەڵبژاردنەدا بۆتە دوو هێندە، بە 14 كاندید بونەتە خاوەنی 27 هەزار و 457 دەنگ، لەكاتێكدا هەڵبژاردنی خولی پێشوی پەرلەمان بە هەشت كاندید خاوەنی 12 هەزار و 133 دەنگ بوون.

كورسی كۆتای سابیئەی مەندائی، كە لە پشكی پارێزگای بەغدایە لە هەموو عیراقەوە دەنگی بۆ رۆیشتووە، بەسام جاسب زوهێری، بە پێنج هەزار و 410 دەنگ، وەك كاندیدی سەربەخۆ توانیویەتی مسۆگەری بكات.

ئامارێكی ورد و رەسمی لەسەر ژمارەی پەیڕەوكارانی پێكهاتەی سابیئەی مەندائی لە عیراق نییە، بەڵام بە 15 تا 20 هەزار كەس دەخەمڵێنرێن، لەكاتێكدا پێش ساڵی 2003 ژمارەیان بە 75 تا 100 هەزار كەس دەخەمڵێنرا، بەپێی ئامارەكانی سەرۆكایەتی پێكهاتەكە كە پێشتر بە (كەركوك ناو)ـی داوە.

مەندائی بە کۆنترین ئاین دادەنرێت، کە لەسەر خاکى دۆڵى رافیدەین و بە دیاریکراوى لە شارى ئورى باشورى عیراق و ناوچەکانى دەوروبەرى هۆر و روبارەکان گەشەیکردوە، پەیڕەوکارانى خاوەنى چەندین رێوڕەسم و تایبەتمەندىی تایبەت بە خۆیانن.

زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی سابیئەی مەندائی‌ ده‌كه‌ونه‌ پارێزگاكانی به‌غدا و میسان له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی دیكه‌ی به‌سره‌، زیقار، كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان. دوو كورسی كۆتایان لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی بەغدا و میسان هەیە.

كوردی فەیلی دەنگی كەمبۆتەوە

كوردی فەیلی بە نۆ كاندیدەوە چووە كێبڕكێی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، پێكەوە توانیویانە 39 هەزار و 55 دەنگ بەدەستبهێنن، ئەوەش كەمترە بەراورد بە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، كە بە 10 كاندید خاوەنی 43 هەزار و 371 دەنگ بوون.

كاندیدی كوردی فەیلی بۆ یەك كورسی كۆتا لە پشكی پارێزگای واست، حەیدەر عەلی بە 17 هەزار و 188 دەنگ توانی بەدەستیبهێنێت، وەك كاندیدی سەربەخۆ و پشتگیری ناڕاستەوخۆ پارتی دیموكراتی كوردستان.

ژماره‌ی فه‌یلییه‌كان له‌ عیراق به‌ زیاتر له‌ 800 هه‌زار كه‌س هه‌ژمارده‌كرێت، زۆرینه‌یان له‌ ناوچه‌كانی دیاله‌، به‌غدا و واست نیشته‌جێن.

كوردانی فەیلی دوو كورسی كۆتای ئەنجومەنی پارێزگاكانیشیان هەیە لە بەغدا و واست.

كوردانی فه‌یلی له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا له‌ عیراق، روبه‌ڕوی راگواستن، وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناسنامه‌ بونه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌یەک کاتدا هەم کورد بوون و هەم شیعه‌، ئه‌و تاوانه‌ش له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانه‌وه‌ له‌ 2010 وه‌كو جینۆساید ناسێنرا.

دەنگی شەبەك بۆتە نیوە

دەنگی پێكهاتەی شەبەك، بە چوار كاندیدەوە تەنیا 17 هەزار و 158 دەنگە لە هەڵبژاردنەكەی ئەمساڵدا، لە كاتێكدا هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2021 دەنگەكانیان بە هەشت كاندید گەیشتە 39 هەزار و 516 دەنگ.

تاكە كورسییەكەی كۆتای شەبەك لە پشكی نەینەوایە، وەعد مەحمود قەدۆ، ناسراو بە ئەبوجەعفەر شەبەكی، وەكو كاندیدی سەربەخۆ جارێكیتر كورسییەكەی بەدەستهێناوەتەوە بە 10 هەزار و 501 دەنگ.

ژمارەی شه‌به‌ك به‌ 300 بۆ 350 هه‌زار كه‌س له‌ عیراق هه‌ژمارده‌كرێت؛ سه‌دا 60ـیان له‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌ و ئه‌وانیتر سونه‌مه‌زهه‌بن، به‌ زۆری ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی باشیك، به‌رتڵه‌، حه‌مدانیه‌، تلكێف و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی موسڵ و گونده‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواش كورسییەكی كۆتایان هەیە.

پێكهاتەكانی كاكەیی، بەهائیی و ئەرمەن كۆتایان لە پەرلەمانی عیراق بۆ تەرخاننەكراوە. سەرباری نەبونی كۆتا، بەڵام كاكەیی لەنێو لیستەكانی دیكەدا، ژمارەیەك كاندیدیان هەبوو و توانییان لە نەینەوا نوێنەرێكیان بنێرنە پەرلەمان، لە كاتێكدا خولی رابردووی پەرلەمان دوو نوێنەریان لە نەینەوا و كەركوك سەركەوتن.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2025ـدا زیاتر لە 21 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەبوو بەپێی تۆماری بایۆمەتری و رێژەی بەشداری گەیشتە زیاتر لە سەدا 54 لە سەرتاسەری عیراق.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT