سكاڵای یاسایی لە داواكاریی گشتی سلێمانی لە دژی مەلا مەزهەر خوراسانی تۆماركرا، بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە ژنان و شەڕڤانانی كورد لە پرسی شەڕەكەی شاری حەلەب لە سوریا.
سكاڵاكە لەلایەن هەریەكە لە تۆڕی 8ی مارس و داواكاریی گشتی ئەمڕۆ سێشەممە 13ی كانونی دووەم تۆماركرا، دوابەدوای ئەوەی مەلا مەزهەر لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی سوكایەتی بە ژنان كرد.
چاوپێكەوتنەكەی مەلا مەزهەر یەكشەممە 11ی كانونی دووەم هاوكات بوو لەگەڵ كۆتاییهاتنی شەڕی هەردوو گەڕەكی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە نێوان هێزەكانی ئاسایشی ئەو دوو گەڕەكە و سوپای ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سوریا، كە بە سەركەوتنی ئەوەی دووەمیان كۆتاییهات و لە دیمەنێكدا چەكدارانی سەر بە سوپاكەی ئەحمەد شەرع، تەرمی ژنە شەڕڤانێك لە بینایەكی بەرزەوە فڕێدەدەنە خوارەوە و سوكایەتی پێدەكەن.
مەلا مەزهەر، لە چاوپێكەوتنەكەدا وتی "لە ئایینی ئیسلامدا ئافرەت دەبێت لە ماڵی خۆیدا دابنیشێت و چا بۆ مێردەكەی تێبكات، ئافرەت نابێت چەكدار بێت"، وەك ئاماژەیەكیش بۆ تەرمی ئەو ژنە شەڕڤانەی كە لەسەر بیناكەدا فڕێدرایە خوارەوە، وتی "شەڕڤان یەعنی چی و چیئەكات لەسەر بینا".
هەروەها زیاتر وتی "ئافرەت شەڕی پێناكرێت، بۆیە حەلەبیان بەجێهێشت و فیتنەكەشیان بۆ كۆمەڵگەی كوردی زەقتركردەوە... ئافرەت لە سیسرك دەترسێت".
وتەكانی مەلا مەزهەر ناڕەزایی فراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەدواداهات و لە راگەیەنراوێكدا زیاتر لە 100 ئەكادیمیست، نوسەر، مامۆستا، چاكوانی مەدەنی و رۆژنامەنوس داوایانكرد بدرێتە دادگا.
لە بەشێكی راگەیەنراوەكەدا هاتووە "ئەم لێدوانانە برین لە هەستی ئافرەتانی كوردستان و نیشتیمانپەروەری دروستدەكات، خۆی لە هیچ قیەم و بەها و پرەنسیپەكانی نیشتیمانپەروەری و وڵاتپارێزی ناپارێزێت و ستایشی توندوتیژی دەكات"، زیاتر هاتووە "ئەم لێدوانانەی مەلا مەزهەر بە كەمزانینی رۆڵی ئافرەتان و هاندان بۆ توندوتیژی بەهەر بیانویەك بێت، جۆرێكە لە تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە و ئاسایشی نەتەوەیی".
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی كانونی دووەم، تۆڕی 8ی مارس كە لە كۆمەڵێك رێكخراوی بواری بەرگریكردن لە مافی ژنان، یاساناسان و چالاكوانانی بواری مافەكانی ژنان پێكدێت، سكاڵای یاساییان دژی مەلا مەزهەر خوراسانی تۆماركرد.
گەشە دارا، ئەندامی تۆڕەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "سكاڵاكەمان لە داواكاریی گشتی تۆماركرد، ئەوان خۆشیان سكاڵایان لەسەر مەلا مەزهەر تۆماركردووە"، زیاتر وتی "مەلا مەزهەر هەستی گشتی بریندار كردووە، لەكاتێكدا گەلەكەمام خوێنی لێ دەچۆڕا، ئەو هات سوكایەتی بەخودی ژن و شەڕڤان كرد، لەكاتێكدا كۆمەڵگە ئەكوڵا و دڵی لەگەڵ ئەو جەنگە بووە".
گەشە دارا وتی "هیوادارین یاسا ئەمجارە دادپەروەری بەدیبهێنێت و سزای ناوبراو بدات".
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە مەلا مەزهەر چەند جارێكی تر لەڕێی لێدوان و وتارەكانییەوە سوكایەتی بە ژنان كردووە و سكاڵاكان لە دژی جێی خۆی نەگرتووە.
لەگەڵ ئەو هەوڵانەی بۆ دادگاییكردنی دەدرێن، مەلا مەزهەر لە لێدوانێكی تریدا وتی "لەدادگا ناترسم، ئەوانیش سوكایەتییان بەمن كردووە لە سۆشیال میدیا"، لەگەڵئەوەشدا وتی "من سەرخۆشی لە بنەماڵەی ئەو كچە شەڕڤانە دەكەم كە چەكدارەكان سوكایەتییان پێكردووە".