"كەس ناتوانێت زیانتان پێبگەیەنێت"
هەوڵێكی نوێ بۆ رزگاركردنی ئێزیدییە رفێنراوەكان دەدرێت

دهۆك/ كانونی دووەمی 2025/ كچە رفێنراوێكی ئێزیدی (سلڤانا لە دەستی چەپی وێنەكە)، دوای رزگاركردنی، یەكێك لە خوشكەكانی باوەشی پێدادەكات. فۆتۆ: عەمار عەزیز

كەركوك ناو

نوسینگەی رفێنراوانی ئێزیدی هەوڵێكی نوێ دەدات بۆ رزگاركردنی ئەو ئێزیدییە رفێنراوانەی لە سەردەمی دەسەڵاتی داعش لە عیراق رفێنرابون، ئەوەش دوابەدوای گۆڕانكارییە نوێیەكان لە سوریا و رادەستكردنی كەمپی هۆل بە سوپای عەرەبی سوریا كە نزیكەی پێنج هەزار عیراقی تێدایە.

بەپێی ئاماری نوسینگەی رفێنراوانی ئێزیدی - نوسینگەیەكی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە-، هێشتا زیاتر لە دوو هەزار و 500 رفێنراوی ئێزیدی چارەنوسیان نادیارە، بەڵام رون نییە لەو ژمارەیە چەند كەسیان لە كەمپی (هۆل)دان.

خەیری بۆزانی، سەرپەرشتیاری دۆسییەی رفێنراوانی ئێزیدی لە نوسینگەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ژمارەیەك كەسوكاری ئێمە لە كەمپی هۆلدا مابونەوە لە رۆژئاوای كوردستان، پێشتر هەوڵی زۆرماندا رزگاریان بكەین، بەڵام كارەكە قورس بوو، ئێستا دەرفەتێكی تر هاتۆتە پێشەوە و كۆمەڵێك گۆڕانكاریی رویداوە لەسەر ئەو بنەمایانە هەوڵەكانی خۆمان چڕ و باشتر دەكەین لەپێناو رزگاركردنی رفێنراوان".

هاوكات لە راگەیەنراوێكدا كە نوسینگەكە یەكشەممە 26ی كانونی دووەم بڵاویكردەوە، دڵنیاییدایە ئەو رفێنراوانەی ئێزیدی كە هێشتا رزگارنەكراون و لە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان (باكوری سوریا)دان، لەوەی "كەس ناتوانێت زیانتان پێبگەیەنێت"و هاتووە "خێزان و كەسوكارتان چاوەڕێی‌ ئێوە دەكەن".

بۆ ئەوەش نوسینگەكە ژمارەیەك پەیوەندی تەلەفونی داناوە تا پەیوەندییان پێوەبكەن و رزگاریان بكەن.

ژمارە تەلەفونی نوسینگەی رفێنراوانی ئێزیدی:

 009647504676173

 009647504458024

 009647502212982

خەیری بۆزانی وتی "هێشتا نوسینگەكەمان لە كاركردن بەردەوامە و بەدوای چارەنوسی دوو هەزار و 500 بێسەروشوێنی ئێزیدیدا دەگەڕێین و بۆ ئەو مەبەستەش چەند كەسێك لە رۆژئاوای كوردستان (باكوری سوریا)، لەگەڵماندا كاردەكەن".

وەزارەتی كۆچ و كۆچەبەرانی عیراق لە 22ی كانونی دووەم بڵاویكردەوە كە تائێستا توانیویانە نزیکەی 19 هەزار دەستگیركراوی كەمپی هۆل بە 31 قۆناغ بگەڕێننەوە و كەمتر لە پێنج هەزار كەسی تر لە كەمپەكە ماون.

كەمپی هۆل، یەكێكە لە گەورەترین كەمپەكانی سوریا لە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكە و دەكەوێتە سەر سنوری پارێزگای نەینەوا لە عیراق، سەرەتا 72 هەزار كەس لێی نیشتەجێ بون و لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان، بەڵام لە هەفتەی رابردوەوە رادەستی سوپای سوریای عەرەبی كرا.

دانیشتوانی هۆل تێكەڵەیەكن لە كەسوكاری (د.ا.ع.ش)، بیانییەكان و ژنان و منداڵانی سەردەمی دەسەڵاتی ئەو رێكخراوە لە عیراق و سوریا، هەروەها ئەو ئاوارانەی لە دوامەنزڵگەی داعش لە باغۆز و لە ئازاری 2018دا ئاوارەبون، لەگەڵ ئەو ئێزیدییە رفێنراوانەی كە داعش وەكو سەبایە كڕین و فرۆشتنیان پێوەدەكردن.

هاوكات لەگەڵ ئەو هەوڵەی نوسینگەی رفێنراوانی ئێزیدی، هەریەكە لە میری ئێزیدیان و جڤاتی رۆحانی ئێزیدی، پەیوەندییان بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە تا بۆ ئەو مەبەستە هاوكارییان بكەن لە دۆزینەوە و رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی.

ئێزیدییەكانی نیشتەجێی نەینەوا، بە تایبەت قەزای شنگال لە ئابی 2014ـدا روبەڕوی هێرشی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" بوونەوە، دوو هەزار و 293 كەسیان كوژراون، لەپاڵ رفاندنی 6417 ئێزیدی لەنێویاندا ژن و منداڵ، بەڵام تا ئێستا تەنیا زیاتر لە 3580یان رزگاركراون. 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT