ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بە رێككەوتنی هەموو فراكسیۆنەكان نۆ پۆستی باڵایان یەكلاییكردەوە لە نێواندا هەڵبژاردنی هەردوو جێگری پارێزگاری نەینەوا كە بۆ هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی بابلیۆن بوو.
ئەنجومەن ئەمڕۆ سێشەممە 27ی كانونی دووەم، لە كۆبونەوەیەكی ئاسایی خۆیدا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد حاسود، پۆستی قایمقامی موسڵ و حەوت بەڕێوەبەری ناحیەیان یەكلاییكردەوە، لەگەڵ هەردوو جێگری پارێزگار بۆ كاروباری ئیداریی و هونەری.
محەمەد جاسم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە (كەركوك ناو )ی وت "بەر لە كۆبونەوەكە، هەموو كوتلەكانی ئەنجومەنی پارێزگا رێككەوتنیان كردبوو لەسەر دەنگدان بۆ هەر نۆ كاندیدەكەی ئەو نۆ پۆستە، هەر بۆیە كۆبونەوەكە بەبێ كێشە و ئاڵۆزی كۆتایی هات و هەموو لایەنەكان پشكی خۆیان وەرگرت".
ئەنجومەن بە نیازە هەنگاوی تر بنێت، بۆ یەكلاییكردنەوەی 27 پۆستی تر، لەوانە بەڕێوەبەرە گشتییەكان و راوێژكارانی پارێزگار و پۆستی تر.
محەمەد جاسم وتیشی "بێگۆمان ئەوانیش دەبێت پێشتر زەمینەسازیی و لێكتێگەیشتنی بۆ بكرێت تاوەكو لە ئەنجۆمەنی پارێزگا بەبێ كێشە دەنگیان لەسەر بدرێت و یەكلاییبكرێنەوە، دەمانەوێت پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگا بەخێرایی ئەم كێشانە تێپەڕێنێت".
ئەو پێشهاتە نوێیە دوای زیاتر لە دوو ساڵ دێت بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، كە بەهۆی ناكۆكی نێوان فراكسیۆنە جیاوازەكانەوە نەتوانرا كاندیدی پۆستە حكومییەكان یەكلاییبكرێنەوە.
رێككەوتنی هەموو فراكسیۆنەكان بە نەتەوە و ئایینی جیاوازەكان و جۆرێك لە یەك دەنگیان، هاوكاتیشە لەگەڵ پێشهاتە نوێیەكانی سوریا كە هاوسنورە لەگەڵ پارێزگای نەینەوا. لە هەفتەی رابردووەوە حكومەتی عیراق هێزی جۆراوجۆری بە چەكی قورسەوە لە سنورەكە جێگیركردووە، وەك ئامادەكارییەك بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو و پەڕێنەوەی شەڕ بۆ سنورەكانی.
نەینەوا/27ی كانونی دووەمی 2026/ كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا. فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن
یەكلاییكردنەوەی ئەو نۆ پۆستە، لەكاتێكدایە زیاتر لە ساڵێكە پۆستی قایمقامی شنگال و مەخمور هەر لەناو ئەنجومەنی پارێزگادا یەكلاییكراونەتەوە، بەڵام هێشتا دەستبەكارنەبون و رێگرییان لێدەكرێت.
محەمەد جاسم وتی "پارتی دیموكراتی كوردستان رێگرە لە دەستبەكاربونی ئەو دوو قایمقامە"، پارتی ئەو دوو پۆستە بە مافی خۆی دەزانێت.
"دەستبەكاربونی ئەو دوو قایمقامە ئێجگار گرنگە، بەڵام دەمانەوێت ئەم پرسەش بە رێككەوتن چارەسەر بكرێت، ناكرێت خەڵكی ئەو دوو قەزایە لە چاوەڕوانیدابن و خزمەتگوزاریی پەكیبكەوێت".