لەمەودوا خەڵكی شنگال پێویست ناكات، دەیان كیلۆمەتر بە ئۆتۆمبێل ببڕن لە پێناو گەیشتن بە هەندێك خزمەتگوزاریی تەندروستی كە 10 ساڵێك دەبێت لێی بێبەشن، ئەمە دوای ئەوە هات كە دووشەممە 3ی شوبات خەونی كردنەوەی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی بەدیهات.
نەخۆشخانەی تەندروستیی فەرەنسی كە لەسەر روبەری 20 دۆنم زەوی لە شنگال بونیاتنراوە لە 3ی شوباتەوە خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشكەش دەكات و بە تەواوی كەلوپەلی پێویستەوە بەڕوی هاوڵاتیاندا كرایەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2022وە دەستكرا بە دروستكردنی.
نەخۆشخانەكە لەلایەن رێكخراوی (سلسلە الامل الفرنسی)، بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی دەستپێشخەری نادیا موراد، براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە دروستكراوە، پاڵپشتییە داراییەكەی لەلایەن بنكەی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ئەوروپا و كاروباری دەرەوەی فەرەنسا و یەكێتی ئەوروپاوە دابینكراوە.
حەسەن خودێدا، دانیشتوی ناحیەی سنونێ سەر بە قەزای شنگال بە (كەركوك ناو)ی وت "زۆر دڵخۆشبووین بە كردنەوەی نەخۆشخانەكە، هەرچەندە دەبوایە زوتر بكرایەتەوە، بەڵام ئێستاش هەنگاوێكی زۆر باشە"، زیاتر وتی "لەمەودوا لەجیاتی ئەوەی بچم بۆ دهۆك و موسڵ بۆ سەردانی پزیشك و وەرگرتنی هەندێك چارەسەر، لە ناوەندی شنگال ئەوەم دەستدەكەوێت".
بەپێی تێڕوانینی لێپرسراوانی تەندروستی شنگال، دەتوانن لەمەودوا لەڕێی ئەو نەخۆشخانەیەوە خزمەتگوزاریی جۆراوجۆری تر پێشكەش بكەن كە پێشتر لە شنگال نەبووە.
حەسەن خودێدا، كە باوكی چوار كوڕ و دوو كچە، وتی "داواكارین پزیشكی باش و شارەزا دابینبكەن، لەگەڵ دەرمانی پێویست".
مانگێك لەمەوبەر حەسەن ناچاربوو بۆ نەشتەرگەریی ئێسك بۆ یەكێك لە كوڕەكانی بچێتە شاری هەولێر، كە 211كم لە شنگالەوە دورە، وتی "چونكە لە شنگال ئەو نەشتەگەرییە ناكرا و پزیشكی پسۆڕیشی لێ نەبوو... تائێستاش تەنانەت بۆ لە دایكبوون و سەردانی زۆر پزیشكی تر ناچاربوین بچینە موسڵ و دهۆك و شارەكانی تر، ئەوەش خەرجی زیاتر و ماندوبونی زیاتری دەوێت".
بۆیە بەلای حەسەنەوە گرنگە چیتر خەڵكی شنگال ناچار نەبن بۆ نەشتەرگەریی و سەرداین پزیشك بچنە دەرەوەی قەزاكە.
قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا، دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای موسڵ و زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتووانەكەی ئێزیدین، هەر لەو ناوچانەشەوە لە ساڵی 2014دا داعش هاتەناو خاكی عیراقەوە و بەهۆیەوە قەزاكە كەوتوو خەڵكەكەی روبەڕوی كوشتن و ئاوارەبون بونەوە و تەواوی دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانی خاپوربون لە نێویاندا كەرتی تەندروستی، كە تائێستاش لێكەوتەی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵكەكەی هەیە.
نەخۆشخانەكە لە چەندین بەشی جۆراوجۆر پێكهاتووە، لە نێویاندا نەشتەرگەی گشتی، راوێژكاریی نەخۆشییەكانی دڵ و هەناو، نەخۆشییەكانی قوڕگ و گوێ، چاو، راوێژكاریی نەشتەرگەریی میزەڕۆ، نەخۆشییەكانی ژنان و جومگە.
ئەمە لەپاڵ چەند بەشێكی تر وەك بەشی نەخۆشییەكانی ژنان و لەدایكبووان، بەشی نەشتەرگەرییەكان، فریاكەوتن، تیشك و چەندین بەشی كارگێڕی و داتا.
بینای نەخۆشخانەكە لەكۆتایی ساڵی 2024 تەواوبوو، بەڵام بەهۆی چەند رێكار و پێداویستییەكەوە كردنەوەكەی دواكەوت بۆ دووشەممە 3ی شوباتی 2026.
فەلاح حەسەن، لێپرسراوی رگەیاندنی دەستپێشخەری نادیا موراد بە (كەركوك ناو )ی وت "هەموو بەشەكان بەڕوی هاوڵاتیاندا كراوەتەوە و لە خزمەتی هاوڵاتیاندایە، گرنگی ئەم نەخۆشخانەیە لەوەدایە چیتر هاوڵاتیان ناچار نابن رێگەیەكی دور ببڕن لەپێناو وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، ئیتر ئەو بۆشاییەی لە كەرتی تەندروستیدا هەبوو، پڕكرایەوە".
لە سنوری قەزای شنگال 20 بنكەی تەندروستی و دوو نەخۆشخانە هەن، بە نزیكەیی چوار هەزار كارمەندی تەندروستی هەن، لەگەڵ ژمارەیەك پزیشكی پسپۆڕ.
دكتۆر جەمال حسێن، لێپرسراوی كەرتی تەندروستی شنگال بە (كەركوك ناو)ی وت "بەشێكی زۆری كارمەند و پزیشكەكانی نەخۆشخانەی ناوەندی شنگال دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی فەرەنسی، بەپێی زانیارییەكان بەشی منداڵان لە نەخۆشخانەی ناوەندی شنگال دەمێنێتەوە، بەدڵنیایی ئەو نەخۆشخانەی كراوەتەوە خزمەتێكی زۆر دەگەینێتە هاوڵاتیان"، زیاتر وتی "ناتوانم بڵێم بەیەكجاریی خەڵك سەردانی شارەكانی تر ناكات بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام بۆ زۆرینەی جۆری نەخۆش هەر لە شنگال دەتوانن چارەسەری خۆیان وەربگرن".
لەبارەی ئەوەی بۆ چ جۆرە نەخۆشیی و چارەسەرێك هێشتا خەڵكی شنگال ناچاردەبن بچنە دەرەوەی قەزاكە، جەمال حسێن وتی "پشكنینی رەنین لێرە نییە، هەروەها بۆ حاڵەتەكانی وەكو چاودێریی چڕ خەڵك ناچاردەبێت سەردانی شارەكانی تر بكات".