ئێڤلین جۆزێف، ئەو ژنە کریستیانەی بەهۆی بڕگەیەکی یاساییەوە لە نێوان "ئایینەکەی" و "کارتی نیشتمانی"ـدا سەرپشک کرابوو، توانی کێشەکەی چارەسەر بکات و پارێزگاری لە هەردووکیان پێکەوە بكات.
كێشەكەی ئێڤلین كاتێك سەریهەڵدا، سەرقاڵی مامەڵەی بەدەستهێنانی كارتی نیشتیمانی بوو، دوای ئەوەی فەرمانگەی کارتی نیشتمانی بە پاساوی موسڵمانبوونی دایکی لە ساڵانی ڕابردوودا، داوایان لە ئێڤلین کردبوو ئایینی خۆی بگۆڕێت بۆ ئەوەی خاوەنی ناسنامەی عیراقی بێت.
(كەركوك ناو) لە ساڵی 2024ـدا بەدواچونی بۆ دۆسیەكە كرد و دەنگی ئەو خێزانەی بە رایگشتی گەیاند.
لەوكاتەوە ئێڤلین و هاوژینەكەی كەیسەكەیان بردە دادگا، بەردەوام لە نێوان دادگا هەرێم و بەغدا هاتوچۆیان دەكرد، ئەوەش لە پێناو بەدەستهێنانی كارتی نیشتیمانی و ناساندنی ئێڤلین وەك كریستیان.
سامی پۆترس، هاوسەری ئێڤلین بە (کەرکوك ناو)ـی وت كە دادگای دهۆك دوای لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی رای پیاوانی ئایینی کریستیان، بڕیاریداوە کە ئێڤلین كریستیانە و نابێت کێشەی پێشتری خێزانەکەی بکرێتە رێگر لەبەردەم مافە مەدەنییەکانی، "دادوەری دهۆك لەبەرژەوەندی ئێمەدا بڕیاریدا لەسەر ئایینەكەی خۆی (كریستیان) هەموو مامەڵەكانی پەیوەست بەكارتی نیشتیمانی و پاسپۆرتى بۆ بكرێت".
ئێڤلین لە ساڵی 1991 لە دایك و باوكێكی كریستیانی لەدایكبووە، لە گوندی ئینشكێ سەر بە ناحیەی سەرسەنگ دەژیت لە قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆك، کاتێک تەمەنی 15 ساڵ بووە، دایکی دوای جیابوونەوە لە باوکی، هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی مسوڵمان کردووە و ئایینی خۆی گۆڕیوە. بەپێی یاساکانی باری شارستانی و کارتی نیشتمانی عیراق، هەر منداڵێکی خوار تەمەنی 18 ساڵ ئەگەر یەکێک لە دایک یان باوکی مسوڵمان بێت، ئەوا ئایینی منداڵەكەش دەبێت بە ئیسلام.
ئێڤلین پێشتر بە (كەركوك ناو)ـی وت "دەمەوێت وەكو هەر هاوڵاتییەكی عیراقی خاوەنی كارتی نیشتیمانی بم، ئەوە مافی خۆمە، هەروەها ئازادیش بم لە هەڵبژاردنی ئایینەكەم".
هەرچەندە خوشك و براکانی کرانه مسوڵمان، بەڵام ئێڤلین چەندجارێك لە نوێکردنەوەی بەڵگەنامەکانیدا و دوای هاوسەرگیری لەگەڵ گەنجێکی کریستیانیش لە ساڵی 2010ـدا هەر بە کریستیان تۆمارکرابوو، تا لە دەرهێنانی کارتی نیشتمانی، حكومەت گەڕایەوە بۆ كاتی مسوڵمانبونی دایکی و تەمەنی ئەوکاتەی ئێڤلین، بەوەش داوای گۆڕینی ئایینەکەیان لێکرد، بەڵام كۆڵی نەدا و لەرێی دادگاوە مافەكانی بەدەستهێنایەوە.
"بڕیارەكەی دادگامان بردە فەرمانگەی كارتی نیشتمانی و دواتر دەستمان كرد بەرێكارەكانی دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی و پاسپۆرت كرد، دوای ماوەیەك كارتی نیشتیمانی و پاسپۆرتی ئێڤلین گەڕایەوە، كێشەكە بەتەواوی چارەسەر بوو" هاوسەری ئێڤلین وای وت.
دەیان دۆسیەی دیكەی هاوشێوەی ئێڤلین لە دادگاكانی دهۆك، موسڵ و كەركوك هەن، كە چاوەڕێی بڕیاری یەكلاییكەرەوە و چارەسەر دەكەن.
سامی پۆترس، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی كرد كە هاوکار بوون، لە نێویاندا "سوپاسی (كەركوك ناو) دەكەم كە بەوردی و راستی كێشەكەی ئێمەیان بڵاوكردەوە".