عیراق سێیەم وڵاتە لە زیانە گیانییەكاندا
لە هەولێر دوو هاوسەر بە درۆنی بۆمبڕێژكراو "شەهید" بوون

وێنە و ماڵی ئەو دوو هاوسەرەكەی لە سنوری هەولێر كرایە ئامانج

كەركوك ناو

پێشمەرگەیەك و هاوسەرەكەی لە هەولێر "شەهید" بوون، بەهۆی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە كە لە "ئێرانەوە" ئاڕاستە كرابوو و هەمان كات، چەند هێرشێكی "ئەمریكا/ئیسرائیل" لە كەركوك، سەڵاحەدین و ئەنبار بۆ بارەگای حەشدی شەعبی، "شەهید"ـێك و ژمارەیەك برینداری لێكەوتەوە.

هێرشەكەی سنوری پارێزگای هەولێر، كاتژمێر 12:15 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی نیسان خانوی هاوڵاتییەكی كردۆتە ئامانج لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە ناحیەی دارەشەکران و درۆنەكەش وەكو دژەتیرۆری كوردستان لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە "لە ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوو".

لەو هێرشەدا دوو هاوسەر بەناوەكانی موسا ئەنوەر ڕەسوڵ (39 ساڵ) و مژدە ئەسعەد حەسەن (35 ساڵ) "شەهید بوون" و دوای خۆی دوو كچیان بەجێهێشت.

روداوەكە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كاردانەوەی لێكەوتەوە و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە لایەنێكی دەسەڵات لە عیراق لەوبارەیەوە بەیاننامەی نەبووە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت "ئه‌م هێرشانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک قبووڵکراو نین و به‌ ته‌واوی ڕه‌تکراوه‌ن"، داوا لە ‌ حکومەتی فیدراڵیی عیراق دەكات ئه‌رك و بەرپرسیاريه‌تیی خۆی جێبەجێبکات بۆ رێگريكردن له‌م تاوان و هێرشانە.

هاوكات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی "بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و ماڵی هاووڵاتییان، تاوانی جەنگە و داوای خەڵکی بێ تاوانی کوردستان، دەگەینینە هەموو جیهان بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو ستەمکارییە.. دابندرێت".

ئەو هاوڵاتییەی لە هێرشەكەدا بۆتە قوربانی، پێشمەرگەیەیە و بەوهۆیەوە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا هۆشداری دەدات "گیانی هاووڵاتیان و سەروەریی خاکەکەمان هێڵی سوورە". داوا لە حکومەتی عیراقی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بێدەنگ نەبن.

لە سەرەتای شەڕەوە، چەندینجار ناوشار و گەڕەكە نیشتەجێكانی شارەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق كراونەتە ئامانج، بەرەبەیانی 6ـی نیسان بەهۆی هێرشی درۆنییەوە خانوویەك لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی، بەدوری كەمتر لە 500 مەتر لە نوسینگەی سەرەكی دەزگای میدیایی (كەركوك ناو) و رێكخراوی (وادی) بۆردومان كرا و زیان بەر چەندین ئۆتۆمبێل، دوكان و ماڵی هاوڵاتیان كەوت.

هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە پارێزگای ئەنبار، بە دیاریكراوی لە قەزای قائم هێرشكرایە سەر بارەگای حەشدی شەعبی و بەهۆیەوە چەكدارێكیان "شەهید" بوو، وەكو حەشد لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت بەهۆی هێرشی ئاسمانی "ئەمریكا/ئیسرائیل"ـەوە بووە.

لە پارێزگای كەركوكیش، هێرشی ئاسمانی كرایە سەر ئۆتۆمبێلێكی پەیوەندییەكانی حەشدی شەعبی لە گوندی بەشیر، لەسەر رێگای سەرەكی ناحیەی تازەخورماتوو بەرەو شاری كەركوك، بەوتەی پەیامنێری (كەركوك ناو) هێشتا زیانەكانی نەزانراون.

لە قەزای ئامرلی پارێزگای سەڵاحەدین، بارەگایەكی حەشدی شەعبی بەیانی ئەمڕۆ بۆردومان كراوە و یەكێك لە موشەكەكانیش بەر فەرمانگەی كشتوكاڵ كەوتووە، كە نزیكی بارەگاكەیە و لەو هێرشەدا دوو كەس برینداربوون، جگە لەو زیانانەی بە خانوی هاوڵاتی ناوچەكە گەیشت.

قایمقامیەتی ئامرلی بەهۆی بارودۆخی ناوچەكە و مەترسی هێرشەكانی "ئەمریكا/ئیسرائیل"ــەوە دەوامی فەرمی لە فەرمانگەكانی حكومەت و ناوەندەكانی خوێندن كرد بە پشوو.

لە سەرەتای شەڕی ئەمریكا/ ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە 28ـی شوباتەوە تائێستا، تەنیا لە عیراق بە هەرێمی كوردستانەوە 111 كەس "شەهید" بوون و دەیانی دیكە برینداربوون، لە نێویاندا مەدەنی، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و سەربازی سوپا، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز كە (كەركوك ناو) ئەمڕۆ نوێی كردەوە.

عیراق لە ریزبەندی سێیەم وڵاتی ناوچەكەدایە لەروی ژمارەی زیانە گیانییەكانەوە، ئەویش دوای ئێران و لوبنان، پاشان هەریەك لە ئیسرائیل، ئەمریكا و وڵاتانی كەنداو دێت. 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT