یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان ره‌زامه‌ندی نیشانداوه به راده‌ستكردنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگای كه‌ركوك به به‌ره‌ی توركمانی له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك كه مێژووه‌كه‌ی بۆ ئابی 2024 ده‌گه‌ڕێته‌وه، ناوی محه‌مه‌د سه‌معان، سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی وه‌كو كاندید ده‌هێنرێت.
ئه‌و زانیارییانه له‌ڕێی سێ سه‌رچاوه‌وه له نێو لێپرسراوانی پێكهاته جیاوازه‌كانی كه‌ركوكه‌وه دراوه به (كه‌ركوك ناو)، بڕیاره له مانگه‌كانی داهاتوو بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
سه‌وسه‌ن عه‌بدولواحید، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له به‌ره‌ی توركمانی، بۆ (كه‌ركوك ناو) جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی پرسی ئاڵۆگۆڕ له پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك "كۆتایی هاتووه و بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، ئه‌و پۆسته ده‌درێت به پێكهاته‌ی توركمان".
له‌گه‌ڵئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه ئه‌وان له سه‌ره‌تای رێككه‌وتنی هۆتێل ره‌شیده‌وه هه‌ڵوێستیان رون بووه و تێبینی خۆیان له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌وكات ئاگاداركراونه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ندێكی رێككه‌وتنه‌كه تایبه‌ت بووه به پێدانی پۆسته‌كه به پێكهاته‌ی توركمانی له سه‌ره‌تای 2026دا، "له‌وكاته‌وه له چاوه‌ڕوانی ئهودابوین ئایا لایه‌نه‌كان پابه‌ندن به رێككه‌وتنه‌كه‌وه یاخود نا".
سه‌وسه‌ن پێیوایه بارودۆخی ئه‌مدواییه‌ی ناوچه‌كه كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه رابگیرێت، "به‌ڵام ئێستا كه سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردراوه، گفتوگۆكان به‌و ئاراستهین ئاڵوگۆڕه‌كه چۆن بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه بڕیاره‌كه دراوه و كۆتایی هاتووه".
به‌پێی رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێیی كه‌ركوك كه له هۆتێل ره‌شید له به‌غدا ئه‌نجامدرا، پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك تا 31ی كانونی یه‌كه‌می 2025 لای كورد ده‌بێت، دواتر لە 1ـی كانونی دوەمی 2026ـەوە پۆسته‌كه ده‌درێت به بۆ توركمان و دواتر دەبێتە پشكی عەرەب.
له‌و رێككه‌وتنه‌دا كه هه‌ڵبژاردنی رێبوار ته‌ها، وه‌كو پارێزگاری كه‌ركوكی به‌دواداهات، ئه‌وه‌ش له دانیشتنێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له به‌غدا، كه كوتلەكانی یەكێتیی، قیادە، عروبە و كۆتای كریستیان پێكەوە بە 9 ئەندام رێژەی یاسایی دانیشتنەكەیان تەواو كرد، كە بەپێی یاسا دەبێت پەنجا كۆ یەك بێت، واتە 9 ئەندام لە كۆی 16 ئەندامی ئەنجومەن تا بتوانن پۆستەكان یەكلاییبكەنەوە، به‌ڵام هاوپەیمانی عەرەبی و به‌ره‌ی توركمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتیان كرد كه پێكه‌وه خاوه‌نی 7 كورسی ئهنجومهنن.
ره‌عد ساڵح، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، له لێدوانێكیدا بۆ (كه‌ركوك ناو) به هه‌مان شێوه جه‌ختیكرده‌وه له راستی ره‌زامه‌ندبونی یه‌كێتی له گۆڕانكاریی له پۆستی پارێزگار كه‌ركوك و راده‌ستكردنی به به‌ره‌ی توركمانی، ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ئاڵۆگۆڕی پۆسته‌كانی كه‌ركوك.
ره‌عد وتی "به‌ڵێ راده‌ستكردنی پۆسته‌كه له یه‌كێتییه‌وه بۆ به‌ره‌ی توركمانی راسته، یه‌كێتی باپه‌ندی خۆی نیشانداوه به رێككه‌وتنه‌كه و به ئاڵوگۆڕهكهش، كاندیدی توركمان بۆ ئه‌و پۆسته‌ش محه‌مه‌د سه‌معان سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانییه".
هاوكات دوو سه‌رچاوه كه لێپرسراوێتیان هه‌یه له یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان، راستی رازیبونی یه‌كێتییان به راده‌ستكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كه پشتڕاستكرده‌وه، یه‌كێك له سه‌رچاوه‌كان وتی "ئاگاداركراوینه‌ته‌وه كه راسته".
رێككه‌وتنی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك، رێككه‌وتنێكی گشتگیره و وابه‌سته‌یه به چه‌ندین پۆستی باڵای تر له پارێزگای كه‌ركوك، له نێویاندا قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كان.
ره‌عد ساڵح وتی "به‌پێی رێككه‌وتنی ئاڵۆگۆڕی پۆسته‌كان، پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌درێت به كورد". به‌ڵام وتی كه له پرسی پێدانی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به توركمان، عه‌ره‌ب بیروبۆچونی جیاوازیان هه‌یه، "ئێمه پێمانوایه له‌و ئاڵوگۆڕه پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب زیانمه‌نده، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م پۆسته به به‌لاش له عه‌ره‌ب ده‌ڕوات، چونكه كاتی رێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ره‌ی توركمانی تیا نه‌بووه".
وتیشی "ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كان بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئه‌وا ئاڵوگۆڕه‌كه هه‌موو پۆسته‌كان ده‌گرێته‌وه".
هه‌رچه‌نده ره‌عد ساڵح و سه‌رچاوه‌كانی (كه‌ركوك ناو) له‌ناو یه‌كێتی جه‌ختیانكرده‌وه له‌وه‌ی محه‌مه‌د سه‌معان سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی كاندیده بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، به‌ڵام سه‌وسه‌ن وتی "هێشتا له گفتوگۆدان بۆ دیاریكردنی كاندید".
عه‌بدوڵا میروه‌یس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن له فركسیۆنی یه‌كێتی، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌ر بڕیارێك له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتییه‌وه بێت ئێمه پێوه‌ی پابه‌ندین، به‌ڵام جارێ هیچمان بۆ نه‌هاتووه، منیش له میدیاكانه‌وه زانیومه كه ئاڵۆگۆڕ له‌و پۆسته‌دا ده‌كرێت".
له‌باره‌ی كاتی راده‌ستكردنی پۆسته‌كه به به‌ره‌ی توركمانی، ره‌عد ساڵح وتی "له‌نێو ئه‌نجومه‌ندا هێشتا هیچ شتێك باسنه‌كراوه و ورده‌كاریی ساتی گۆڕانكارییه‌كه جارێ دیار نییه".
به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان، پارێزگار له نێو ئه‌نجومه‌ندا هه‌ڵده‌بژێردرێت و دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه مه‌رسومی ده‌ستبه‌كاربونی بۆ ده‌كرێت، كه شه‌ممه‌ی رابردوو 11ی نیسان په‌رله‌مان نزار ئامێدی، له پشكی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژارد.
سه‌وسه‌ن عه‌بدولواحید، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه كه چوینه ناو حكومه‌ته‌وه، ده‌بێت هه‌موو پێكهاته‌كان مافی خۆیان هه‌بێت، ته‌نانه‌ت هانی پارتیش ده‌ده‌ین كه پۆست وه‌ربگرن و به‌شداریی حكومه‌ت بكه‌ن".
ئه‌وه‌ش له وه‌ڵامی ئه‌ودا هات ئایا چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پارتیی دیموكراتی كوردستاندا ده‌كه‌ن كه پێشتر پێكه‌وه له‌یه‌ك به‌ره‌دا بون دژی رێككه‌وتنی هۆتێل ره‌شید و له دادگای فیدراڵی تانه‌یان لێدا.
وتیشی "وه‌رگرتنی ئه‌م پۆسته‌مان له‌سه‌ر حسابی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب نییه، چونكه له سه‌ره‌تای رێككه‌وتنه‌كه‌وه پۆسته‌كان له نێو پێكهاته‌كاندا دابه‌شكراوه"، ئه‌وه‌ش وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ره‌عد ساڵح له پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب.