زۆرترین توندوتیژی لەنێو خێزانەكاندا، دەرونی و پاشان داراییە، بەپێی نوێترین راپرسی كە دەریدەخات مێرد زیاتر لە هەموو كەسێك تۆمەتبارە بە ئەنجامدانیی، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری یاسایی و كۆمەڵایەتیش بە باشترین رێگەچارە دادەنێت.
دەرەنجامی ئەو راپرسییە، رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان (WOLA) بەهاوکاری رێکخراوی (NED)، شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026 لە چوارچێوەی راپۆرتی چاودێری جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان، بڵاویكردەوە.
بەشداربوانی راپرسییەكە تەمەنیان لە 18 ساڵ بەرەو سەرەوەیە، لە هەردوو رەگەزی مێ و نێر، بە ئاستی خوێندەوار و نەخوێندەوەر، لە وەڵامی یەكەم پرسیاردا ئایا رێكارەكانی لێکۆڵینەوە لەدادگا نهێنییە، سەدا 74.35 پێیانوایە نهێنییە و سەدا 25.33 بە نەخێر وەڵامیانداوەتەوە.
سەدا 41ـی بەشداربوان دەڵێن توندوتیژی دەروونی زیاترە لەناو خێزانەكاندا، سەدا 34 پێیانوایە دارایی زیاترە، سەدا 19.5 دەڵێن جەستەیی و سەدا 5.5ـیش پێیانوایە توندوتیژی سێكسی زیاترە.
بەبڕوای زۆرینەی بەشداربوان كە رێژەی سەدا 52.45ـە، مێرد زیاتر توندوتیژی لەناو خێزانەكاندا ئەنجامدەدات، بەدوای ئەودا سەدا 19.67 باوك تۆمەتبار دەكەن، پاشان سەدا 12.02 دەڵێن برا، سەدا 8.19 كەسانی پلە چوار تۆمەتبار دەكەن و سەدا 5.46 پێیانوایە دایك تۆمەتبارە، بەڵام هیچ كەسێك خوشك بە ئەنجامدانی توندوتیژی خێزانی تۆمەتبار ناكات.
لەکاتی رودانی توندوتیژی خێزانیدا سەدا 57.31ـی بەشداربوان ئامادەن سكاڵا تۆماربكەن، سەدا 25 بێدەنگی هەڵدەبژێرن، سەدا 9.75 پەیوەندی بە هێڵی گەرمی هاوكارییەوە دەكات و سەدا 7.92 هانا بۆ رێكخراوەكان دەبات.
بڵاوكردنەوەی هۆشیاری یاسایی و كۆمەڵایەتی كاریگەترین رێگایە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لەناو خێزانەکاندا، ئەوەش بەبڕوای سەدا 49.14ـی بەشداربوان، دواتر مامۆستایانی ئایینیی دێت بەرێژەی سەدا 21.14، هەروەها چونە سەنتەری راوێژكاری پێش هاوسەرگیری بە رێژەی سەدا 16.75 و كاریگەری راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی بۆچونی سەدا 13.14ـی بەشداربوان بووە.
زۆرینەی بەشداربوانی راپرسییەكە، سەدا 54.19، هەبونی ماڵی داڵدەدان (شەڵتەرەکان) بەپێویست دەزانن بۆ كەیسە خێزانییەكان و سەدا 45.80 بەپێویستی نازانن. هاوكات زۆرینە بەرێژەی سەدا 87 لەگەڵ هەبونی دادگای توندوتیژی خێزانیدان، لە بەرانبەردا سەدا 10.96 دەڵێن تا ئاسێك پێویستە و كەمینەیەكش كە تەنیا سەدا 1.93ــە دەڵێن ئەو دادگایە پێویست نییە.
هەر لەو راپۆرتەی رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان، ئاماری دادگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 بڵاوكراوەتەوە و تیایدا هاتووە؛ لە هەموو هەرێم 61 هەزار و 328 پرۆسەی مارەبڕین تۆماركراوە، لەو ژمارەیە 25 هەزار و 687 پرۆسەیان لە سلێمانی بووە، 19 هەزار و 620ـیان لە هەولێر، 12 هەزار و 955ـیان لە دهۆك و سێ هەزار و 66 مارەبڕین لە گەرمیان بووە.
هەروەها 107 رێپێدان بە ژنهێنانی دووەم هەبووە، كە 42ـیان لە هەولێر، 39ـیان لە سلێمانی و 26ـیان لە دهۆك بووە.
هەر لە ساڵی رابردوودا 15 هەزار و 826 دۆسیەی تەڵاق و لێك جیابوونەوە تۆماركراوە، كە حەوت هەزار و 113ـیان لە هەولێر بووە، پێنج هەزار و 369ـیان لە سلێمانی، دوو هەزار و 354 لە دهۆك و 990ـیان لە گەرمیان بووە.
رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان چەند راسپاردەیەكی لە راپۆرتەكەدا خستۆتەڕوو بە ئامانجی باشتر جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، لەوانە دابینکردنی پارێزەر بۆ کەیسەکانی توندوتیژی خێزانی، کارکردن لەسەر جێبەجێکردنی فەرمانی پاراستن لەسەرجەم ناوچەکاندا، کردنەوەی دادگای تایبەت بە توندوتیژی خێزانی و نوسینگەی تایبەت بە كێشە خێزانییەكان لە هەڵەبجە، لەگەڵ کردنەوەی دادگای تایبەت بە کێشە خێزانییەکان لە ئیدارەی راپەڕین و هەروەها کارکردن لەگەڵ سەندیکای پارێزەران بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پارێزەران و هاندانیان لە بەشداریکردن لە کەیسە خێزانییەکاندا.