قوربانیان دەبنەوە قوربانی؛ چۆن چوار ملیار دینار ناسینەوەی روفاتی ئێزیدییەكانی پەكخست

نەینەوا/ 2024/ پێشانگەیەكی وێنەیی قوربانیانی ئێزیدی لە نێو داروپەردوی خانووە روخاوەكانی ناوەندی قەزای شنگال فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عەمار عەزیز

سێ ساڵە بەدر سلێمان لە نێوان دڵەڕاوكێ و چاوەڕوانیدا دەژیت. ئەو چاوی لە پرۆسەی ناسینەوە و گەڕانەوەی تەرمی داپیرەیەتی كە لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ دۆزرایەوە و لەوكاتەوە، بەهۆی بێ پارەییەوە لە پزیشكی دادی بەغدا ماوەتەوە.

"هەر چاوەڕێین روفاتەكە بناسرێتەوە لەڕێی پشكنینی (DNA)ـەوە و رادەستمانی بكەنەوە، بەڵام هیچ دیارنییە، شەو و رۆژ ئارامیمان لەبەر بڕاوە، لەلایەك هێشتا خوشكێكم بێسەروشوێنە و لەلایەكی ترەوە روفاتی ئازیزانمان لە بەغدا كەوتوون و ناگەڕێنرێنەوە" بەدر بە توڕەیی و خەمۆكییەوە. وای وت.

ئەو خەڵكی كۆجۆیە، كە روبەڕوی كۆمەڵكوژی داعش بونەوە، داپیرەی لەگەڵ ژمارەیەك ژنی دیكەی ئێزیدیدا، دەیەیەك لەمەوبەر كەوتنە دەستی چەكدارانی گروپەكە و لە ساڵی 2023ـدا، روفاتەكانیان لە گۆڕێكی بەكۆمەڵی ناوچەی سولاغ، لە خۆرهەڵاتی شنگال (نەینەوا) دۆزرانەوە. داعش لە ئابی 2014ـدا هێرشیكردە سەر شنگال و دەوروبەری، لە ئەنجامدا "هەزار و 293 ئێزیدی شەهید بون" و زیاتر لەشەش هەزار هاوڵاتی رفێنران، كە هێشتا چارەنوسی زیاتر لە دوو هەزار و 500ـیان نادیارە.

چیرۆکی بەدر، چیرۆکی 479 خێزانی تری ئێزیدییە کە دۆسیەی ناسینەوەی روفاتی ئازیزانیان لە پزیشکی دادی بەغدا پەكیكەوتووە، چونكە ساڵێكە حكومەتی عیراق خەرجكردنی بودجەی چوار ملیار دیناری راگرتووە، كە پێویستە بۆ پشكنینەكان.

کەسوکاری قوربانیان، کە هێشتا بەدەست برین و لێكەوتەكانی شەڕی داعشەوە دەناڵێنن، راگرتنی ئەو پارەیە وەك جۆرێك لە نایەکسانیی و ساردبونەوەی بەغدا بەرامبەر دۆسیەکەیان دەبینن. بەدر سلێمان دەڵێت "جیاوازی دەكرێت، ئەوەی ئێمە بزانین پارە بۆ روفاتەكانی تر هەیە، بەڵام بۆ ئێزیدییەكان نا، ئەوەش خەمێكی تری خستۆتە سەر خەمەكانمان".

EZIDI RWFAT 2026 (3)
نەینەوا/ گەڕاندنەوە و بەخاكسپاردنی روفاتی ژمارەیەك ئێزیدی لە كۆجۆی شنگال فۆتۆ: رێكخراوی پەتریكۆر

زیاتر لە 80 گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە. مێژووی هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆجۆ بۆ 15ـی ئاداری 2019 دەگەڕێتەوە، لەوكاتەوە 776 روفات هەڵگیراونەتەوە و رەوانەی پزیشكی داد بەغدا كراون، لەو ژمارەیە تەنیا 297 روفات ناسراونەتەوە، هێشتا 479 روفات چاوەڕێی ناسینەوە و گەڕانەوەن.

خەیری عەلی، لێپرسراوی رێكخراوی پەتریكۆر بۆ مافەكانی مرۆڤ لە شنگال پێیوایە سەرەڕای هاوکارییە دارایی و لۆجستییەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ پزیشکی داد، بەڵام پرۆسەکە هێشتا زۆر خاوە؛ "تائێستاش رێكخراوەكان هاوكاریی دەكەن، كەچی تەنیا 77 گۆڕ هەڵدراونەتەوە و 22 گۆڕ ماوە هەڵبدرێنەوە، لە دۆسیەكەدا بەگشتی كەمتەرخەمی هەیە و هەموولایەك دەزانێت" بەوتەی خەیری بۆ ( كەركوك ناو ).

دوایین قۆناغی ناسینەوە و گەڕانەوەی روفاتی قوربانیانی ئێزیدی، لە ئابی 2025ـدا بوو، كە لە گۆڕستانەكانی شنگال بەخاكسپێدرانەوە.

بەدر سلێمان، لە ساڵی 2020ـدا روفاتی باوكی، برایەك و مامێكی دوای پشكنینی ناسینەوە، گەڕێنرانەوە بۆ شنگال، دەیەوێت هەمان شت بۆ داپیرە و كەسە نزیكەكانی دیكەی بكات، بۆیە توڕەیە كە جیاوازی و نایەكسانی لە دابەشكردنی سامانی وڵاتدا، مردووەكانیشی بەهۆیەوە باج دەدەن، "كەس هیچمان بۆ ناكات، تەنیا خوامان هەیە".

نەبونی بودجە هۆكارێكی سەرەكی بەككەوتنی ناسینەوەی روفاتی قوربانیانە، بەڵام هۆكاری دیكەش هەن.

476832828_1141724047623240_8236661418885123821_n
نەینەوا/ ژنێكی ئێزیدی وێنەی دوو قوربانی خێزانەكەی بەرزكردۆتەوە فۆتۆ: پەیجی نادیە موراد لە فەیسبوك

خالد سەیدۆ، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە پێکهاتەی ئێزیدی، رەتیدەكاتەوە جیاكاری لە ناسینەوەی روفاتی پێکهاتە جیاوازەكاندا هەبێت لە پزیشكی دادی بەغدا، "بۆ هەموو كەسێك وەكو یەك وایە، چونكە ناسینەوەی روفاتی كۆمەڵكوژییەكانی سپایكەر و پێكهاتەكانی دیكەش بەهەمانشێوە پەكیانكەوتووە".

سیدۆ بۆ (كەركوك ناو)ـی رونكردەوە، لە 776 روفاتی ئێزیدی، تەنیا 297 روفات ناسراونەتەوە، لە بارەی هۆكارەكانەوە وتی "پێشتر حكومەتی عیراق بڕی 4 ملیار دیناری بۆ پزیشكی داد خەرج دەكرد، ساڵێكە ئەو بڕە پارەیەیان بۆیان خەرجنەكراوە ئەمە هۆكارێكی سەرەكییە". باسی لە چەند هۆكارێكی تر كرد، لەوانە كەمی وەرگرتنی نمونەی خوێنی كەسوكاری قوربانیان بۆ پشكنینی (DNA)، سێیەم هۆكاریش ئەوەیە كێشە لە ئامێرەكانی تایبەت بەو جۆرە پشكنینە دروستبووە.

بەڵام بەپێچەوانەوە، خەیری عەلی دەڵێت كەموكوڕی لە كەسوكاری قوربانیان و كەمی وەرگرتنی خوێن نییە، "كەسوكاری قوربانیان هەموو رێكارەكانیان كردووە، تەنانەت هەندێك خێزان دووجار پشكنینیان كردووە، وردبینی بۆ تۆماری داتاكانیش كراوە و كێشەی تێدا نییە".

پەكخستنی ئەو پرۆسەیە تەنیا ئازارێكی دەرونی نیەی، بەڵكو بارگرانییەكی قورسی ئابوریشە بۆ سەر شانی خێزانە ئێزیدییەكان كە زۆرێكیان هێشتا لە كەمپەكاندان یان لە ناوچە وێرانەكانی شەڕ دەژین، بۆیە ناتوانن بۆ بەدواداچون و سۆراغی روفاتی ئازیزانیان و دوبارەكردنەوەی رێكارەكان زوو زوو بچنە بەغدا.

پەرلەمانتارەكەی ئێزیدی بەڵێنیدا واز لەو دۆسیەیە نەهێنێت تا دەگاتە دەرەنجامێك، سیدۆ دەڵێت "بەدواداچونی وردم كردووە و لەهەوڵداین لە قۆناغی یەكەمدا، لانیكەم خەرجكردنەوەی بودجەی ساڵانەی پزیشكی داد دەستپێبكاتەوە و پشكنینی روفاتەكان تەواو بكەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT