ئه‌حمه‌د بله
له‌شه‌و و رۆژێكدا، جه‌نگ رۆڵه كۆمه‌ڵایه‌تییه باوه‌كانی له‌نه‌ینه‌وا گۆڕی. ئەو ژنانەی موسڵ كه پێشتر ئەركیان تەنیا بەڕێوەبردنی كاروباری ماڵ بوو، له پڕێكدا بوون به پشتیوانی سەرەكی و دابینكه‌ری بژێوی خێزانه‌كانیان له ژینگه‌ی دوای ململانێدا. سه‌ره‌ڕای ئه‌م گۆڕانكارییه گه‌وره‌یه هێشتا "ئابوری ژنان" له‌و پارێزگایه به‌ده‌ست كۆتوبه‌ندی خنكێنه‌ره‌وه ده‌ناڵێنێت.
له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه كه رافیعه محه‌مه‌د سه‌عید، لێپرسراوی به‌شی كاروبای ژنان له دیوانی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ (كه‌ركوك ناو) باسی دەكات و دەڵێت، به‌شه‌كه‌یان به هه‌وڵ و ماندوبونی تایبەتی خۆیان و خۆبه‌خشانه كارده‌كات، ته‌نانه‌ت حه‌وت ساڵه حكومه‌تی فیدراڵی "یه‌ك دینار"ـی بۆ خەرجنەكردون.
لەو چوارچێوەیەدا، باسی لە واقیعی ئابووری ژنان کرد لە پارێزگاکەدا، دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و سەقامگیریی له‌رزۆك و ئەو ئاستەنگە دارایی و کارگێڕییانەی روبەڕوی میکانیزمە فەرمییەکانی پەیوەست بە ژنان دەبنەوە، هەروەها تیشکیخستە سەر ئاسۆکانی داهاتوو بۆ پاڵپشتیكردنی ژنانی خاوەنکار و چین و توێژه لاوازەکان.
پێویسته ئه‌و كۆتوبه‌ندانه لابده‌ین كه كاركردنی ژنان قه‌ده‌غه ده‌كات
كه‌ركوك ناو: چۆن وه‌سفی واقیعی نایەکسانی ئابووری دەکەیت کە ئەمڕۆ لە نەینەوا روبەڕوی ژنان دەبێتەوە؟ ئایا داتا یان ژمارەیەكتان لایە قەبارەی ئەم بۆشاییە بخه‌نه‌ڕوو، چ لە ناوچە گوندنشینەکان یان له شارەکاندا؟
رافیعه محه‌مه‌د: دۆخی ئابوری ژنان له‌ناوچه‌كه له‌ئێستادا پشت به قه‌باره‌ی بودجه‌ی ته‌رخانكراو دەبەستێت، ئه‌و پرۆژه ئابورییانه‌ی ژنان به‌رێوه‌یده‌به‌ن وه‌ك پێویست پاره‌یان بۆ ته‌رخان ناكرێت، هه‌روه‌ها هه‌لی كاركردنیان كه‌مه، جگه له‌وه‌ش ژنان توانایان به‌سه‌ر هه‌ندێ كاری قورس‌دا ناشكێت. هۆكارێكی دیكه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ میکانیزمی تۆمارکردنی ژنانی خاوەنکار به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، بەو پێیەی هەندێك لە ژنانی خاوه‌نكار بێبه‌شكراون له ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی لەڕێگەی تۆمارکردنیان و پێدانی دەرفەت پێیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان یاخود تەرخانکردنی شوێن بۆ نمایش‌کردنی بەرهەمه‌كانیان، بۆیه دەبینین به‌شێكیان بەرهەمەکانیان لە پارك و شوێنەکانی تردا ده‌خه‌نه‌ڕوو، ئه‌وه‌ش بەهۆی قورسی وەرگرتنی رەزامەندی فه‌رمانگه حكومییه‌كان.
كه‌ركوك ناو: له‌ساڵانی رابردوودا، نەینەوا بە هەلومەرجێکی نائاساییدا تێپەڕیووە؛ کام توێژی ژنان لەمڕۆدا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و لە ڕووی ئابوورییەوە لاوازن؟ بۆ نمونه ژنانی ئاوارە یاخود ئه‌و ژنانه‌ی ئه‌ركی دابینكردنی بژێوی خێزانه‌كانیان كه‌وتوه‌ته سه‌ر؟ ئایه دیارترین ئاستەنگەکان چین لەوەی ژنان سەربەخۆیی دارایی بەدەستبهێنن؟
رافیعه محه‌مه‌د: هه‌موو ئه‌و توێژانه‌ی باست كرد زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتووه، وه‌ك ده‌زانیت ئێمه به جه‌نگێكی زۆر سه‌ختدا تێپه‌ڕبووین، ژنان له شه‌وو رۆژێكدا بوون به پاڵپشت و به‌خێوكه‌ر و دابینكه‌ری بژێوی خێزان، له‌كاتێكدا پێشتر رۆڵیان ته‌نیا كاروباری ماڵه‌وه بوو. پێویسته هه‌لی كاریان بۆ دابینبكه‌ین له‌بواره ئابوورییه‌كاندا و ئه‌و كۆتوبه‌ندانه لابده‌ین كه كاركردنی ژنان قه‌ده‌غه ده‌كات و هه‌لی كاركردنیان لاواز ده‌كات.
كه‌ركوك ناو: به‌شی كاروباری ژنان له دیوانی پارێزگا چ رۆڵێك ده‌بینێت بۆ به‌هێزكردنی لایه‌نی ئابووری ژنان؟ ئایه به‌شه‌كه ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه‌ی پێویستی هه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی كاریگه‌ر، یاخود روبه‌ڕوی ئاڵنگاری كارگێڕی و دارایی بووه‌ته‌وه؟
رافیعه محه‌مه‌د: به‌شه‌كه رۆڵی هه‌ماهه‌نگی و پلاندانانی هه‌یه. هه‌وڵده‌ده‌ین پلانی ساڵانه دابنیێن بۆ ژنان له بواری ئابووری، كۆمهڵایەتی، سیاسی، توندوتیژی خێزانی، گۆڕانی ئاووهەوا و توندڕه‌وی، ئه‌مانە پێویستییان به پلانی ساڵانه‌یه. روبه‌ڕوی ئاسته‌نگێكی گه‌وره بووینه‌ته‌وه كه بریتییه له لایه‌نی دارایی، به‌وپێیه‌ی به‌شه‌كانی كاروباری ژنان ماوه‌ی حه‌وت ساڵه هیچ بودجه‌یه‌كیان بۆ دابین ناكرێت و به‌هه‌وڵی خودی و تایبەتی كاره‌كانیان راده‌په‌ڕێنن، پێشتر پشتمان به رێكخراوه‌كان ده‌به‌ست، به‌ڵام ئێستا ژماره‌ی رێكخراوه‌كان زۆر كه‌مبوه‌ته‌وه یان ده‌كرێت بڵێین نه‌ماوه، بۆیه پێویسته حكومه‌تی فیدراڵی بودجه‌ی راسته‌قینه بۆ به‌شه‌كانی كاروباری ژنان ته‌رخانبكات و به‌شێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانیان فراوانتر بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن رۆڵی خۆیان له چه‌ندین بواردا ببینن.
كه‌ركوك ناو: تا چەند پێداویستییە ئابورییەکانی ژنان رەچاو ده‌كرێن لە کاتی ئامادەکردنی پلانی گەشەپێدان و وەبەرهێنان لە پارێزگاکەدا؟ چۆن دەتوانرێت کەرتی تایبەت لە نەینەوا هان بدرێت بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی کارکردنی دادپەروەرانە و سەلامەت کە مافەکانی ژنان مسۆگەر بکات؟
رافیعه محه‌مه‌د: ده‌كرێت بڵێین ماف و پێداویستییه‌كانیان ره‌چاوده‌كرێن به‌ڵام وه‌ك پێویست نییه. سه‌باره‌ت به ماف و ده‌سه‌ڵات و پێداویستییه تایبه‌تییه‌كانی ژنان له‌نه‌ینه‌وا پێویستمان به پلانێك هەیە بۆ بهشداریـپێكردنی ژنان له‌پشتگیریكردنی گهشەپێداندا، ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی ژنان پرۆژه‌ی بچوكیان داناوه و سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه، بۆیه گرنگه به‌شداری به ژنان بكرێت له هه‌موو جۆره‌كانی وه‌به‌رهێناندا.
گرنگه به‌شداری به ژنان بكرێت له هه‌موو جۆره‌كانی وه‌به‌رهێناندا
كه‌ركوك ناو: دیارترین كاره له‌پێشینه‌كان و پرۆژه‌كانتان چین بۆ قۆناغی داهاتوو بۆ بچوككردنه‌وه‌ی بۆشایی ئابووری نێوان ژنان و پیاوان؟ چۆن كاریگه‌ری ئه‌م به‌رنامانه و سه‌ركه‌وتنیان له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ده‌پێون؟
رافیعه محه‌مه‌د: ئه‌و پرۆژانه‌ی پێشكه‌شی ده‌كه‌ین بریتین له ئاماده‌كردنی پلانی گونجاو كه ئه‌ركی دارایی زۆر ناخه‌نه سه‌ر حكومه‌ت و لایه‌نه‌كانی تر. ئومێده‌وارین هه‌نگاوه‌كانمان لە ئێستادا به‌ئاڕاسته‌ی وشیاركردنه‌وه و پهرەپێدانی تواناكان و فێركردنی پیشه‌یی بێت، به‌شێكی تر له‌كاره‌كانمان خۆی له‌ئاماده‌كردنی پلانی ساڵانه ده‌بینێته‌وه بۆ پشتگیریكردنی ژنان له‌بواری ئابووریدا. ژنان له‌ئێستادا خۆیان له قه‌رەی پرۆژه‌ی زه‌به‌لاح ده‌ده‌ن به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی سنوردار، هیوادارین ده‌رفه‌تی زیاتری له‌و شێوه‌یه بۆ ژنان بڕه‌خسێت. سه‌باره‌ت به‌میكانیزمی هەڵسەنگاندن و پێوانەكردنی كاریگەرییەكانی، ئه‌م كاره پشت ده‌به‌ستێت به ژماره‌ی سوودمه‌ندان و ژماره‌ی پرۆژه‌كان و ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی له‌لایه‌نی ئابووریدا رویداوه، له‌وڕێیه‌وه ده‌توانین كاریگه‌ری ئابووری بپێوین، ئومێده‌واریشین وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی خێرا هه‌بێت له‌لایه‌ن حكومه‌تی نوێوه به‌پێدانی بایه‌خی تایبه‌ت به به‌شه‌كانی كاروباری ژنان له‌پارێزگاكاندا. ژنانی نه‌ینه‌وا به‌تایبه‌تی پێویستیان به پشتیوانی ئێمه و حكومه‌تیشه.
كه‌ركوك ناو: لە ڕێی کارە مەیدانییەكانتانەوە، ئایا چیرۆکێکی سەرکەوتن یان ئەزموونێکی مرۆیی هەیە کە ره‌نگدانه‌وه‌ی گەورەیی ئەو ئانگارییانه بێت روبەڕوی ژنانی نەینەوا دەبێتەوە و لە هەمانکاتدا رەنگدانەوەی هیوا و ئەگەری گۆڕانکاری بێت؟ هەروەها چ پەیامێکت هه‌یه بۆ بڕیاربه‌ده‌ستان له بەغدا؟
رافیعه محه‌مه‌د: چیرۆکی سەرکەوتنی زۆر و زه‌وه‌ند هه‌یه لە نەینەوا. زۆرێک لە ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت توانیویانه قۆناغی زۆر تێپەڕێنن و ئێستا خاوه‌ن پرۆژه‌ی قازانج به‌خشن. له‌لایه‌كی تره‌وه، ژنان هەن كە دووچاری توندوتیژی بوون و تەنانەت بیریان لە خۆکوشتن کردۆتەوە، بەڵام دوای دەستێوەردانمان ژیانیان گۆڕا و ئێستا خاوەنی کار و پۆستی ئیدارین و په‌ره‌یان به‌تواناكانی خۆیان لە بوارەکانی دیکەشدا داوه. لە کۆتاییدا ئەم سەرکەوتنانه له‌به‌رژه‌وه‌ندی هەموانه. بۆیە هەروەک ئاماژەمپێدا دەبێت بڕیاربه‌ده‌سته‌كان گرنگی بدەن بە وەبەرهێنان لە تواناكانی ژنان و بەشداریـپێکردنیان لە هه‌نگاوه‌كانی گەشەپێدانی بەردەوامی ئابووریدا.