پۆلیسی فیدراڵی كشایەوە
دۆسییەی ئەمنی داقوق رادەستی سوپا كرا

داقوق/2017/ ناوەندی شار فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

پۆلیسی فیدراڵی لە قەزای داقوق كشایەوە و دۆسییەی ئەمنی رادەستی سوپای عیراق كرا. ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ناوخۆیی و حەشدی شەعبی.

ئەو گۆڕانكارییە سێشەممەی رابردوو 8ی تشرینی یەكەم جێبەجێكرا و رۆڵی هێزە ئەمنییەكان و شوێنەكانیان هەمان رۆژ دیاریكرا.

بەپێی گۆڕانكارییەكە دۆسیەی ئەمنی رادەستی سوپای عیراق كراوە، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ حەشد و پۆلیسی ناوخۆیی لەناو شار، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەكی باڵا لە حەشدی شەعبیی و ئاگادار لە گۆڕانكارییەكان.

ئەو فەرماندەیە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا هێزەكانی سوپاى عیراق - فرقەیەكی لیوای 45 - لە سنورى قەزاى داقوق جێگیربون".

هەمان رۆژ پۆلیسی فیدراڵی لەناوچەكە كشانەوە و هەریەكە لە هێزەکانى حەشدى شەعبىی و پۆلیسى داقوق لەناو شارن، بەڵام لەژێر سەرپەرشتی سوپادا دەبن.

هەروەها بازگەكانیش رادەستی پۆلیسی داقوق و حەشدی شەعبی كراون.

ئەو گۆڕانكارییانە، دوای ئەو نائارامییانە دێت كە لەچەند مانگی رابردودا سنوری قەزای داقوقی گرتبۆوە و بەهۆیەوە خەڵك روبەڕوی كوشتن و رفاندن دەبونەوە و ناچار گوندەكانیان چۆڵدەكرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT