لەسەر سكاڵای جوتیارانی عەرەب
دەرخستە بۆ بەشێك لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی داقوق دەكرێت

گوندێكی كاكەییەكان لە قەزای داقوق 44كم باشوری كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

محەمەد ئەڵماس – داقوق

بە بڕیاری فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك و لەسەر داوای دادگا، دەرخستە بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك دەكرێت، ئەوەش دوای ئەوەی دوو جوتیاری عەرەب سكاڵایان تۆماركرد و داوای گەڕانەوەیان كرد بۆ سەر زەوییە كشتوكاڵییەكان.

ئەو هەنگاوە ناڕەزایی جوتیارانی كوردی ناوچەی تاڵەبانی لێكەوتەوە و داوا دەكەن رێگریی بكرێت لە گەڕانەوەی خێزانە عەرەبەكان بۆ سەر زەوییە كشتوكاڵییەكان.

لێپرسراوێكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "كشتوكاڵی كەركوك لەسەر داوای دادگا، نوسراوێكی ئاراستەی فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق كردووە تا دەرخستە بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچەی تاڵەبانی بكرێت، چونكە دوو جوتیاری عەرەب سكاڵایەكیان كردووە و زەوییەكانیان بە زەویی خۆیان ناوبردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە".

ئەو دوو جوتیارە، چەند جارێك چونەتە گوندەكانی ناوچەی تاڵەبانی و ویستویانە بگەڕێنەوە، بەڵام جوتیارە كوردەكان رێگرییان لێ كردون.

سەرچاوەكەی (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "دادوەر داوای راپۆرتی كشتوكاڵی كردووە، كشتوكاڵی كەركوكیش داوای كردووە فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق دەرخستە بۆ زەوییەكان بكات".

سەرچاوەكە زیاتر وتی "دوو جوتیارەكە گرێبەستی دوو كەرتی كشتوكاڵیان پێیە و مێژووەكەی بۆ ساڵی 1976 دەگەڕێتەوە".

هیوا تایەر، جوتیار لە گوندی یەنگیجەی تاڵەبانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بێتاقەت بوین ئەوەندە داوای هاوكارییمان لە ئیدارەی كەركوك و بەغداو پەرلەمانتارانی كورد بكەین بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكانمان بدۆزنەوە، تەنانەت سەردانی سەرۆك كۆمارمان كرد و سودی نەبوو".

لە 23ی تشرینی یەكەم، لیژنەیەكی فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق سەردانی گوندی یەنگیجەیان كرد بۆ ئەوەی دەرخستە بۆ زەوییەكان بكەن، بەڵام لەلایەن جوتیارانەوە رێگرییان لێكرا.

هیوا وتی "ئەمجارەش رێگریمان لێكردن، بەڵام تاكەی بەرگری لە خۆمان بكەین، ئێمە دەمانەوێت چارەسەری پێویست بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان بكرێت... ئەمە خاکى باو و بابیرانمانەوە بەجێی ناهێڵین".

به‌پێی بڕیاره‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕش و لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ باكوری سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی حزبی به‌عس، كه‌ سه‌دام حسێن سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی كورد له‌ كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست به‌سه‌ر عه‌ره‌بی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراقدا دابه‌شكران، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ته‌عریب و راگواستنی خێزانه‌ كورده‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ روخانی رژێمی به‌عس له‌ ساڵی 2003، كورد بۆ ته‌واوی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی گەڕایەوە.

ناوچەی تاڵەبانی دەكەوێتە قەزای داقوق بەدوری 44كم باشوری كەركوك، لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە جارێكی تر كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان لەنێوان كورد، عەرەب و توركمان سەریهەڵداوەتەوە.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT