دوكانەكانیان دەڕوخێنرێت و شەقامی 30 مەتری دروستدەكرێت

كەركوك/20ی شوباتی 2020/ خۆپیشاندانی كاسبكاران دژی روخاندنی دوكانەكانیان كە بڕیارە شەقامێكی 30 مەتری لەجێگەیدا دروستبكرێت فۆتۆ:

سۆران محەمەد – كەركوك

دەیان كاسبكار شەقامێكی سەرەكی كەركوكیان داخست، ئاگریان كردەوە و رێگەیان بە هاتوچۆ نەدا، ئەوەش دژی بڕیارێكی ئیدارەی كەركوك كە بڕیاریداوە دوكانەكان لەپێناو دروستكردنی شەقامێكی 30 مەتریدا بڕوخێنێت.

ئەو خۆپیشاندانە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی شوباتی 2020 بەڕێوەچوو، لە گەڕەکی باروتخانەی كەركوك. بەهۆیەوە رێگەی سەرەکی هەردوو گەڕەكی ئازادی بۆ رەحیماوا داخرا.

بێوار ئەحمەد، یەکێک لە دوکاندارەكان، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئیدارەی كەركوك بڕیاریداوە هەموو دوكانەكان بڕوخێنرێت، بەبێ ئەوەی قەرەبوبكرێینەوە".

راکان سەعید جبوری، پارێزگاری کەرکوک بەوەكالەت، بڕیاریداوە شەقامێكی 30 مەتری دروستبكات بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی، بەوەش لانیكەم 140 دوكان دەڕوخێنرێن.

دوكاندارەكان دەڵێن راكان سەعید وتویەتی "بۆیە قەرەبوتان ناكەینەوە چونكە دوكانەكان بەشێوەی زیادەڕۆ دروستكراون".

xopeshandann-1
كەركوك/20ی شوباتی 2020/ كاسبكاران ئاگریان كردەوە و تایەیان سوتند، دژی بڕیارێكی ئیدارەی شارەكە فۆتۆ: سۆران محەمەد 

 بێوار وتی "ئێمە سەدان خێزانین و بژێوی ژیانمان لەسەر ئەم دوکانانەیە، با رێگە چارەیەکمان بۆ بدۆزنەوە ئینجا دوکانەکنمان بڕوخێنن".

کۆسرەت عارف یەکێکی تر لە دوکادارەکان وتی "راکان جبوری پێی وتوین ئەگەر پارەتان لێ نەسێنین ئەوە پارەشتان پێنادەین وەك قەرەبوو"، زیاتر وتی "تەنانەت پارێزگار وتی: ئەگەر دەستم زیادەڕۆیی بكات دەیبڕمەوە، بۆیە هەموو ئەو دوکانانە دەڕوخێنین كە بەشێوەی زیادەڕۆ دروستكراون"، ئەوەش دوای ئەوەی نوێنەرانی دوكاندارەكان سەردانی پارێزگاری كەركوكیان كرد.

تەنانەت پارێزگار وتی: ئەگەر دەستم زیادەڕۆیی بكات دەیبڕمەوە

ئەو ناوچەیە قەرەباڵغە و ئێواران رێگەی هاتوچۆ پێیدا ئەستەم دەبێت، ئەوەش هۆكارێكی دروستكردنی شەقامی 30 مەترییە لەو ناوچەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT