هەمویان بۆ ماوەی 14 رۆژ كەرەنتینكراون
كێڵگەی غازی خۆرمۆر ناتوانێت ئاڵوگۆڕ بەستافەكەی بكات

چەمچەماڵ/ كێڵگەی غازی خۆرمۆر، فۆتۆ: Oil@Gaz

كەركوك ناو

تەواوی كارمەندانی كەمپی كێڵگەی غازی خۆرمۆر لە چەمچەماڵ كەرەنتینكراون و بەهیچ شێوەیەك ناتوانن تا 14 رۆژ ئاڵوگۆڕ بە ستافەكانیان بكەن. هەرچەندە بەپێی پشكنینی یەكەم دەركەوتووە كەسیان هەڵگری ڤایرۆسەكە نین. بەڵام هێشتا گومان هەیە.

ئەو رێوشوێنە لە بەرامبەر كارمەندانی كێڵگەی غازی خۆرمۆر، دوای ئەوە هات كە هەفتەی رابردوو سێ كەسی بیانی و كارمەندی کۆمپانیای دانه‌غاز – کرێسنت پترۆلیۆم لەڕێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیی و فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی قەتەر ئێروەیس گەیشتنە هەرێمی كوردستان و لەوێشەوە بەرەو ئەو كێڵگەیە رۆیشتن و تێكەڵ بە كارمەندانی كۆمپانیاكە بون.

سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە لیژنەی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەمچەماڵ، بە (كەركوك ناو)ی وت "گومان دەكرا یەكێك لەو سێ كەسەی كە لەڕێی فڕۆكەخانەوە گەیشتنە كێڵگەی خۆرمۆر، هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنابن، بۆیە لیژنەیەكی تەندروستی چووە كێڵگەكە و پشكنینی بۆ ئەو سێ كەسە كرد، بەپێی پشكنینی یەكەم دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكە نین، بەڵام ئێمە هەر لەناو كێڵگەكە بەجیا و بۆ ئەوەی تێكەڵی كارمەندانی كۆمپانیاكە نەبن كەرەنتینكراون".

ەپێی پشكنینی یەكەم دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكە نین، بەڵام ئێمە هەر لەناو كێڵگەكە بەجیا و بۆ ئەوەی تێكەڵی كارمەندانی كۆمپانیاكە نەبن كەرەنتینكراون

جەختیشیكردەوە "بەڵام هەندێك كات لە پشكنین دەرناكەوێت كە هەڵگری ڤایرۆسەكەن بەتایبەت ئەگەر كەسەكە تازە توشبوبێت، بۆیە پشكنینی تریان بۆ دەكرێت".

لەگەڵئەوەشدا بەبڕیاری لیژنەی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەمچەماڵ و سلێمانی، بڕیاردرا تەواوی ئەو 280 كارمەندەی كۆمپانیاكە بۆ ماوەی 14 كەرەنیتبكرێن و بەهیچ شێوەیەك رێگەنەدرێت ئاڵوگۆری ستاف بكرێت.

پێشتر و لەهەفتەی رابردوو لە راگەیەنراوێكی لیژنەکەی چەمچەماڵدا، جەختكرایەوە لەوەی "دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی قەتەر ئێروەیس لە فڕۆکەخانەی سلێمانی نیشتەوە و دەرکەوت کەسێک هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە و لەناو ئەو فڕۆکەیەدایە، بۆیە بڕیاری کەرەنتینکردنی سەرجەم سەرنشینەکانی فڕۆکەکە درا".

کۆمپانیای دانەگاز و هاوپشکەکانی لە کێڵگەی خۆرمۆر لەسنوری چەمچەماڵ وەبەرهێنان لە گازی سروشتی ناوچەكە دەكەن و لەڕێگای بۆرییەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە چەمچەماڵ و هەولێر دەگوازرێتەوە. هەروەها لە ڕێگای تانکەریشەوە بۆ کارگەکانی غازی ماڵان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT