هەنگەكانی ساڵح محەمەد هیچ كاتێك هێندەی ئێستا مەترسی لەناوچوونیان لەسەر نەبووە، كێڵگەی سەرەكی خۆراكیان بەهۆی لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەواوە خەریكە وشك دەبێت، كە وادەكات هەرزوو بەرگرییان نەمێنێت و بە ئاسانی ببنە خۆراكی مێرووی دیكە.
خۆراك و وزەی هەنگ لە رووەكە گوڵدارەكانەوەیە، چونكە هەڵاڵە و شیلەیان هەیە، كە دوو سەرچاوەی سەرەكین بۆ دابینكردنی پرۆتین و كاربۆهیدرات، بەڵام گوڵ و سەوزایی گەرمیان بوون بە قوربانی لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا، لە نێویاندا كەمی بارانبارین و وشكەساڵی.
"گۆڕانكارى ئاووهەوا توشى زیانى زۆرى كردووین، چ له ڕ‌وى ژمارەی هه‌نگه‌كانمانه‌وه چ له روى به‌رهه‌مه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌نگ گێڵگه‌ى خۆراكى نه‌مێنێت خۆشى له‌ناوده‌چێت، به جۆرێك به‌رگرى نامێنێت به‌رامبه‌ر به مێرووه‌كان و په‌له‌وه‌ره‌كان و گیانداره‌كانى تر‌ى وه‌ك بۆق و مارمێلكه و كه‌نه‌سمه، ئه‌مانه دوژمنى هه‌نگن و زاڵ ده‌بن به‌سه‌ریدا و ده‌یخۆن" ساڵح محەمەد ئەمین، وای وت.
ساڵح تەمەنی 48 ساڵە و زیاتر لە نیوەی تەمەنی لە ناو هەنگ و بەرهەمهێنانی هەنگویندا بەسەربردووە، خاوەنی پرۆژەی هەنگەڵانی شیفا-ـیە لە گوندی سەید خەلیل لە قەزای كەلاری ئیدارەی گەرمیان (پارێزگای سلێمانی)، كە بژێوی خێزانێكی حەوت كەسی لەسەرە. ژمارەی پورە (سندوق) هەنگەكانی جێگیرنییە، ساڵانە لە نێوان 100 بۆ 300 پورەدایە.
هەر پورەهەنگێك پێنج تا 25 هەزار هەنگی تێدایە، بەرهەمی هەر پوورەیەك بەپێی وەرز و ساڵ و ئاووهەوا دەگۆڕێت؛ ساڵح لە كۆی پرۆژەكەیدا 500 بۆ تۆنێك و 500 كیلۆ هەنگوین بەرهەمدەهێنێت.
ساڵانه 250 بۆ 350 سندوق داده‌نێین، له‌و رێژه‌یه‌ش زۆرى له‌ناوده‌چێت، به‌هۆى كه‌شوهه‌وا و بڵاوبونه‌وه‌ى نه‌خۆشى
كەم سێكتەر هەیە لە گەرمیان بەهۆی لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا زیانی بەرنەكەوێت، لە نێویاندا پرۆژەی بەخێوكردنی هەنگ و بەرهەمهێنانی هەنگوین، كە بۆتە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی، نەمانی سەرچاوەی خۆراكی هەنگ و لە دەرەنجامدا بەرهەمیشیان كەمیكردووە.
عیراق و هەرێمی كوردستان پێنجەم وڵاتی لاواز و كاریگەرن لەسەر ئاستی جیهان بەرانبەر بە لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا، لە نێویاندا وشكەساڵی.
رەهێڵ شكور مەحمود (32 ساڵ)، خامەنی پرۆژه‌ى هه‌نگه‌ڵانى سروشته له گوندى باریكه له ناحیه‌ى قۆره‌تووی گەرمیان، ئەویش دادوبێدادیەتی بەدەست لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەواوە، "ژمارەی هه‌نگه‌كانمان گۆڕانكارى به‌سه‌ردا دێت، ساڵانه 250 بۆ 350 سندوق داده‌نێین، له‌و رێژه‌یه‌ش زۆرى له‌ناوده‌چێت، به‌هۆى كه‌شوهه‌وا و بڵاوبونه‌وه‌ى نه‌خۆشى".
پرۆژەكەی رەهێڵ بژێوی شەش خێزانی لەسەرە، كە 20 كەس دەبن، خۆیشی 13 ساڵە سەرقاڵی ئەو پیشەیە، دەڵێت ساڵی 2022 باشترین كات بووە بۆ ئەوان و هەر پورەیەك 10 بۆ 15 كیلۆ هەنگوینی هەبووە، "لەم ساڵانەی دواییدا هەر پورەیەك تەنیا دوو بۆ سێ كیلۆ هەنگوینی هەبوو" بەوتەی رەهێڵ بۆ (كەركوك ناو)، كە پێیوایە هۆكارەكەی گۆڕانی ئاووهەوایە.
لە سنوری گەرمیان زیاتر لە 324 هەنگەوان بە رەسمی تۆماركراون و پێكەوە نۆ هەزار و 500 پورەهەنگ-ـیان هەیە. بەرهەمی ساڵی رابردوویان 31 تۆن و 511 كیلۆ هەنگوین بووە، بەپێی ئامارەكانی كشتوكاڵی گەرمیان بۆ (كەركوك ناو).
نه‌به‌ز جه‌هانگیر ره‌شید، لێپرسراوى هۆبه‌ى پاراستنى روه‌ك له به‌ڕێوەبه‌رایه‌تى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان بۆ (كه‌ركوك ناو) وتى "گۆڕانكارى ئاووهه‌وا كاریگه‌رى راسته‌وخۆى هه‌بوه له‌سه‌ر هه‌نگ و به‌رهه‌مى هه‌نگ، به‌تایبه‌ت ساڵى رابردو كاریگه‌رییه‌كه‌ى زیاتر ده‌ركه‌وتووه" دەشڵێت، ساڵى رابردوو بارانبارین دواكه‌وت، لە كاتێكدا هه‌نگ پشت به شیله و ده‌نكه هه‌ڵاله‌كان ده‌به‌ستێت، بۆیە بارانبارینی درەنگوەخت هه‌موى شۆرده‌وه و بەرهەمی هەنگ كه‌میكرد.
بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان، لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا، بە تایبەت وشكەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، هەڕەشەن بۆ سەر هەنگ و بەرهەمهێنانی هەنگوین لە جیهاندا.
عه‌بدولموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت، پسپۆڕى به‌ڕێوه‌بردنى ژینگه و سه‌رچاوه‌كانى ئاو بە (كەركوك ناو)ـی وت "گۆڕانكارییه‌كانى ئاووهەوا مه‌ترسییه‌كى زۆرى بۆ سه‌ر ئیكۆ سستمه جۆراوجۆره‌كان له سه‌رانسه‌رى جیهان دروستكردووه، هه‌نگیش له نێو ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌یه، كه زۆرترین كاریگه‌رییان له‌سه‌ره، چونكه پێویسته بۆ پیتاندن و پاراستنى هاوسه‌نگى ئیكۆلۆژى".
بەهۆی به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما له جیهاندا شوێنى نیشته‌جێبونى سروشتى زۆرێك له ئاژه‌ڵه‌كان، له نێویاندا هه‌نگ گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هاتووه، وەكو رەفعەت رونیكردەوە، هه‌نگه‌كان له ژێر پله‌ى گه‌رمى دیاریكراودا گه‌شه‌ده‌كه‌ن، كاتێك پله‌ى گه‌رمى له مه‌وداى نمونه‌یى خۆى به‌رز ده‌بێته‌وه، ئەوا هه‌نگه‌كان راسته‌وخۆ مه‌ترسى له‌ناوچونیان له‌سه‌ره و ناچارن بچنه ژینگه‌یه‌كى ئارامتر.
"ئەم كۆچكردنە ره‌نگه كاریگه‌رى له‌سه‌ر ته‌ندروستى هه‌نگ و هێزى كۆلۆنى كه‌مبكاته‌وه، هاوكات له‌ده‌ستدانى شوێنى نیشته‌جێبون به‌هۆى گۆڕانكارى ئاووهەواوە بۆتە هۆى دابه‌زینى سەدا 30ـی شوێنى هێلانه‌كردنى گونجاو بۆ هه‌نگه‌كان له هه‌ندێك ناوچه‌دا به‌تایبه‌ت گه‌رمیان" عەبدولمتەڵیب، كە هاوكات مامۆستایە له زانكۆی گه‌رمیان، وای وت.
گۆڕانكارى ئاووهەواوە بۆتە هۆى دابه‌زینى سەدا 30ـی شوێنى هێلانه‌كردنى گونجاو بۆ هه‌نگه‌كان
به‌خێوكردنى هه‌نگ به‌پێى وه‌رزه‌كان گۆڕانكارى به‌سه‌ردا دێت، له زستاندا هه‌نگ كه‌م ده‌بێته‌وه به جۆرێك بۆ هه‌ر پوره‌یه‌ك (سندوقێك) پێنج هه‌زار هه‌نگى تێدا ده‌بێت بۆ به‌خێوكردنى مه‌لیكه‌كه‌یان، ئه‌گه‌ر له‌و رێژه‌یه كه‌متر بێت ئه‌وه تواناى خۆگه‌رمكردنه‌وه‌یان نابێت و به هه‌نگى لاواز سه‌یرده‌كرێن، به‌ڵام له وه‌رزى به‌هار تا پاییز كه وه‌رزى به ده‌ستخستنى هه‌نگوینه، بۆ هه‌ر پوره‌یه‌ك ده‌بێت 10 هه‌زار هه‌نگى تێدابێت، ئه‌گه‌ر له‌و رێژه‌یه كه‌متربێت ئه‌وه تواناى به‌رهه‌مهێنانى هه‌نگوینى نابێت.
ره‌هێڵ شكور دەڵێت كاتێك كه‌شوهه‌وا له پڕ ده‌گۆڕێت، لە نێوان گه‌رم و سارددا، بۆ نمونە لەمساڵدا لە پڕ ماوەیەك گەرم و دواتر سارد بووە، یان بە پێچەوانەوە، بەوهۆیەوە هەنگەكانیان بەرگرییان دادەبەزێت و وەكو پیویست خۆراكیان نابێت، بۆیە كرمۆكه‌كانیان فڕێ ده‌ده‌نه ده‌ره‌وه و هەنگەوانان ناتوانن بەچكەی زۆر بگرن.
هەر بەهۆی گۆڕانی ئاووهەواوە، جۆرە باڵندەیەك بەناوی كەنەسمە رویكردۆتە هەرێمی كوردستان، كە زیانی بە پرۆژەی هەنگەوانان گەیاندووە، چونكە هێرشدەكەنە سەر هەنگەكان و دەیانخۆن، "هەنگەكان دەردەچن بۆ خواردنی شیلە و لەوسەرەوە ناگەڕێنەوە، ... هەنگیش ئاقڵە و دەرچوونی نامێنێت بەوهۆیەوە و دەترسێت، ئەوەش وادەكات لە ژورەوە خواردنی نەمێنێت و بەگریی لاوازبێت" بەوتەی ئەو هەنگەوانە.
بەخێوکارانی هەنگ دوچاری چەند ئاستەنگییەکی دیكە دەبنەوە، زەوییە کشتوکاڵییەکان لە نزیکیان کە پڕن لە مادەی کیمیایی زیانبەخش بۆ دورخستنەوەی مێروو، خۆڵ و پاشماوە کەڵەکەبوەکانی کۆمەڵگە نیمچە شارییەکانیش دەبنە هۆی ڕاکێشانی هەنگەکان له كاتێكدا هەنگەکان لاوازن و بەرگەی نەخۆشی ناگرن.
رەهێڵ وتی ساڵانه بەهۆی بەكارهێنانی دەرمانی قڕكەری جوتیارانەوە هه‌نگه‌كانیان توشى له‌ناوچون دەبنەوە، جگە لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی (په‌ندى ڤاروا) كه چه‌ند ساڵێكه زیادیكردووه له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كانى تر‌ى وه‌ك سپۆرین و ئه‌كارینا و نۆزیما، "ده‌رمانى باش هه‌یه بەڵام بۆمان دابیننه‌كراوه، به‌تایبه‌ت بۆ نه‌خۆشى په‌ندى ڤاروا كه زۆر بڵاوه و مشه‌خۆرێكه له‌سه‌ر هه‌نگ ده‌ژیت".
كورە و شوێنی بەخێوكردنی هەنگ پێویستە لە ماڵ و منداڵ و روناكی شەوان دوربن، بە تایبەت لە ئاژەڵ دوردەخرێنەوە، چونكە بۆنی ناخۆش زیان بە هەنگەكان دەگەیەنن.
"گۆڕانكاری ئاووهەوا هۆكارە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشی پەندی ڤاروا و هاتنی باڵندەی كەنەسمە كە گرفتن و روبەڕوی هەنگەوانان بونەتەوە،... بۆیە هەنگەوانان تووشی زیانی گەورە بوون" لێپرسراوى هۆبه‌ى پاراستنى روه‌ك له كشتو‌كاڵى گه‌رمیان، وای وت.
هەنگەوانان كیلۆیه‌ك هه‌نگوینى كواڵیتى باش لە گه‌رمیان بە نرخی 40 بۆ 60 هه‌زار دینار لە بازاڕدا ساغ دەكەنەوە و قەیرانی دارایی، لە نێویاندا پێنەدانی مووچە لە وادەی خۆیدا، بازاڕی هەنگوینی سست كردووە.
ساڵح محه‌مه‌د ئه‌مین وتی "حكومه‌ت هیچ هاوكارییه‌كى نه‌كردوین، له روى مادى و ده‌رمان و پێداویستی و رێگریكردن له به قاچاخ هێنانى هه‌نگوینى ده‌ره‌وه و ساغنه‌بونه‌وه‌ى بەرهەمی ناوخۆیی، ته‌نیا له پێدانى رێنمایی كشتو‌كاڵى هاوكار بوون".
هەروەها رەهێڵ شكور هەمان گلەیی هەبوو، "حكومه‌ت هیچ هاوكارى نه‌كردوین"، لە كاتێكدا ساڵانە بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتی پرۆژەكانیان دەبێت 250 هەزار دینار بدەن، جگە لەوەی سه‌رپه‌رشتیارى كشتوكاڵییان بۆ داناون كە هەفتەی یەك جار سەردانی پرۆژەكانیان دەكەن و خاوەنی پرۆژەكان لە دابینكردنی ماف و دەستەبەری كۆمەڵایەتی سەرپەرشتیارەكەدا بەشدارن، "ئه‌مه زوڵمه حكومه‌ت له ئێمه‌ى ده‌كات".
لە ساڵى 2014ـەوه به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه نه‌مانتوانیوه هیچ هاوكارییه‌ك پێشكه‌ش به هه‌نگه‌وانه‌كان بكه‌ین
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەشت هەزار هەنگەوان هەن، كۆی گشتی 350 هەزار پورەهەنگیان هەیە، بەپێی ئامارێكی حكومەتی هەرێم.
ئیسماعیل محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى خزمه‌تگوزارى كشتو‌كاڵى له كشتو‌كاڵى گه‌رمیان بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە ساڵى 2014ـەوه به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه نه‌مانتوانیوه هیچ هاوكارییه‌ك پێشكه‌ش به هه‌نگه‌وانه‌كان بكه‌ین"، تەنیا پشتگیری بۆ هه‌نگه‌وانه‌كان ده‌كه‌ن تا بازگەكان رێگەیانبدەن هه‌نگه‌كانیان ببەنە كوێستان.
بەرهەمی ساڵانەی هەنگوینی هەرێمی كوردستان لە نێوان 550 بۆ 650 تۆندایە، لە كاتێكدا پێویستی ناوخۆیی زیاتر لە دوو هەزار تۆنە، بەڵام حكومەتی هەرێم چەند ساڵێك لەمەوبەر بڕیاریدا هەنگوین هەناردەی دەرەوە بكات.
نه‌به‌ز جه‌هانگیر، دان بەوەدادەنێت ئەوان وەكو كشتوكاڵی گەرمیان و حكومەت بەگشتی هیچ هاوكارییه‌كى هه‌نگه‌وانه‌كانیان نه‌كردووە بەهۆی قه‌یرانى داراییه‌وه، چونكە بودجه‌یان نەبووە تا ده‌رمان و پێداویستى دابینبكەن.