(كەركوك ناو) راپۆرتێكی سەرۆكایەتی كۆمار لەبارەی قەزای داقوقەوە ئاشكرادەكات

كەركوك/28ی ئابی 2019/وەفدێكی سەرۆكایەتی كۆمار لەكاتی سەردانی خاڵە سەربازییەكان لە داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

محەمەد ئەڵماس – داقوق

سەرۆكایەتی كۆمار داوای رەوانەكردنی هێزی زیاتر دەكات بۆ قەزای داقوق، لەگەڵ پێكهێنانی هێزێكی هاوبەش لە عەرەب، كورد و توركمان بۆ گرتنەدەستی دۆسییەی ئەمنی ئەو قەزایە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێك كە دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار ئامادەی كردووە.

ئەو راپۆرتە دوای سەردانی وەفدێكی باڵای سەرۆكایەتی كۆمار هات بۆ سنوری داقوق لە 28ی ئاب بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەی ئەمنی قەزاكە كە پێكهاتبون لە عەزیز مەجید، جێگرى سەرۆکی دیوانى سەرۆکایەتى کۆمار، لیوای حاتەم ئەبو ریشە، راوێژكاری سەربازیی سەرۆك كۆمار و ئیسماعیل حەدیدی، راوێژكاری سەرۆك كۆمار و كەسایەتی سوننی كەركوك.

عەزیز مەجید، جێگرى سەرۆکی دیوانى سەرۆکایەتى کۆمار بە (کەرکوک ناو)ی وت "سەرۆك كۆمار لە ئێستادا راستەوخۆ هەوڵی جدیی دەدات بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی داقوق و دابینكردنی ئاسایش و ئارامی، بۆ ئەو مەبەستەش دوای كۆبونەوەیەكی لەگەڵ وەزیری ناوخۆ بڕیاری ئەم وەفدەی داو ئێمەش لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە، عەشیرەتەكان و لایەنە ئەمنیی و ئیدارییەكان كۆبوینەوە و راپۆرتێكمان لەوبارەیەوە ئامادەكرد".

"سەردانى خاڵە سەربازییەكانمان كرد و بینیمانە ناوچەكە فراوانە و ئەو هێزى لەو سنورەیە ناتوانێت بەتەواوى ناوچەکە پڕبکاتەوە، پێویستە هێزى زیاتر رەوانەى ناوچەکە بکرێت"، عەزیز مەجید وایوت، ئەوەش لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە.

پێویستە هێزى زیاتر رەوانەى ناوچەکە بکرێت

لە خاڵێكی تری راپۆرتەكەدا داواكراوە هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە بگەڕێنەوە ئەو سەنگەر و ناوچانەی كە بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 هێزەكانی پێشمەرگە تیایدا جێگیربون، لە پێناو كۆنترۆڵكردنی زیاتری دۆخی ئەمنی داقوق، ئەو پێشنیارەش دوای كۆبونەوەیان هات لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكان.

عەزیز مەجید وتی "بەڵام ئەوەش پێویستی بە بڕیاری رەوانەكردنی هێزی زیاتر هەیە بۆ ناوچەكە وەك لە راپۆرتەكەشدا ئاماژەمان پێداوە".

وەفدەكەی سەرۆكایەتی كۆمار، هەر لە راپۆرتەكەیاندا جەختیانكردۆتەوە لە پێكهێنانی هێزێكی هاوبەش لە پێكهاتەكانی كەركوك، لەوانە عەرەب، كورد و توركمان بۆ وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنی داقوق.

ئامادەكردنی ئەو راپۆرتەی سەرۆكایەتی كۆمار، دوای زنجیرەیەك روداوی ئەمنی، لەوانە تەقینەوە، هێرشی چەكداریی و كوشتن و رفاندن هات لە سنوری داقوق، كە دواترینیان روداوەكەی گوندی زه‌ینلعابدین بوو لە شەوی 24ی ئاب، كە بەهۆی بۆردومانی هاوەن، تەقینەوەی بۆمب و دەستڕێژی گولـلە حەوت مەدەنی كوژران و نزیكەی 10ی تر برینداربون.

وەفدەكەی سەرۆكایەتی كۆمار سەردانی گوندی زه‌ینلعابدین-یان كرد و لەگەڵ ژمارەیەك عەرەبی ناوچەكە كۆبونەوە، تیایدا داواكرا كاربكرێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو گوندانەی كە لەشەڕی داعشدا وێران بون، ئەوەش لەپێناو گەڕانەوەی خەڵكەكەی كە پێنج ساڵە لە ئاوارەییدا دەژین.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT