ئاوارە گەڕاوەكان لە زێدی خۆیان تینویانە
10 كۆمەڵگە و 40 گوند بە تەنكەر ئاو دەكڕن

شنگال/ ئەیلولی 2020/ گوندنشینان و ئاوارە گەڕاوەكان ئاوی خواردنەوەیان پێناگات و بە تەنكەر ئاو دەكڕن فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – نەینەوا

لانیكەم 10 كۆمەڵگە و 40 گوند لە سنوری قەزای شنگال بە تانكەر ئاوی خواردنەوە پەیدا دەكەن، ئەوەش كێشەیەكی گەورەیە بۆ دانیشتوانی ناوچەكە و ئەو خێزانانەی تازە لە ئاوارەییدا گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

ئەو ناوچانە هێشتا تۆڕی دابەشكردنی ئاویان پێنەگەیشتووە، ئاوی بیریش بە كەڵكی خواردنەوە ناشێت و تاڵە.

نایف جوندی، دوای دوو ساڵ له‌ ژیانی ئاواره‌یی. له‌ ساڵی 2016دا گه‌ڕایەوە زێدی خۆی لە گوندی ئاشتی سەر بە ناحیەی سنونێ و هەموو هەفتەیەك دوو یان سێجار ئاوی خواردنەوە دەكڕێت.

"بۆ هەر تەنكەرێكی هەزار و 500 لیتری ئاو، حەوت هەزار دینار دەدەم، چوار ساڵە هەر وایە"، نایف مانگانە لە نێوان 60 بۆ 70 هەزار دیناری بۆ ئاو كڕین دەڕوات.

بۆ هەر تەنكەرێكی هەزار و 500 لیتری ئاو، حەوت هەزار دینار دەدەم، چوار ساڵە هەر وایە

تەنیا لە گوندی ئاشتی 300 خێزان نیشتەجێن، هەندێكیان بیریان هەڵكەندووە، بەڵام ئاوەكەی تاڵە و بۆ خواردنەوە ناشێت.

"لێپرسراوانی ناحیه‌ی سنونێ ئاگاداری کێشه‌كەن، بەڵام دیارە نایانەوێت چارەسەری بكەن"، نایف وایوت.

حەسەن خه‌له‌ف، خاوه‌ن تانکه‌ری ئاو لە سنونێ، دەڵێت چوار وەرزەی ساڵ ئەوان كاردەكەن، "شه‌و و رۆژ پشومان نییە و داواكاری زۆر هەیە بۆ ئاوی خواردنەوە، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان بۆ زێدی خۆیان ئیشه‌که‌مان دوو هێندە زیاد بووه‌".

ئەو 13 هەزار لیتر ئاو بە 40 تا 50 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام وەك خۆی دەڵێت بۆ خێزانە كەمدەرامەتەكان بە هەرزانتر دەفرۆشێت.

"ئه‌م کێشه‌یه‌ زۆر کۆنه، به‌ڵام ساڵ به‌ ساڵ زیاتر دەبێت بەهۆی زۆربونی ژمارەی دانیشتووان و لەئێستاشدا گەڕانەوەی ئاوارەكان"، خودێدا چۆکی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ وای به‌ (که‌رکوک ناو) وت.

ئه‌م کێشه‌یه‌ زۆر کۆنه، به‌ڵام ساڵ به‌ ساڵ زیاتر دەبێت بەهۆی زۆربونی ژمارەی دانیشتووان و لەئێستاشدا گەڕانەوەی ئاوارەكان

خودێدا، دەڵێت تەنانەت لەسەدا 50ی دانیشتووانی ناوەندی ناحیەی سنونێ، كێشەی كەمئاویان هەیە، "بەگشتی كێشەكە ئەوەیە ئاوی سنوری قەزای سنگال بەكەڵكی خواردنەوە نایات و تاڵە، پڕۆژه‌کانی ئاو و شێوازی دابه‌شکردنی ئاو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هه‌شتاكان و نۆژەننەكراونەتەوە. بۆیە چارەسەر تەنیا ئەوەیە ئاو له‌ روباری فوراتەوە بۆ ناوچه‌که‌ رابكێشرێت و پشت بە بیر نەبەسترێت، هاوشێوەی قەزای تەلعەفەر و رەبیعیە لە نەینەوا".

بەپێی ئامارێكی قایمقامیەتی قەزای شنگال، 10 كۆمەڵگە و 40 گوند كێشەی كەمئاوییان هەیە.

فه‌هد حامد، كە ئامارەكەی بە (كەركوك ناو)دا، جەختیكردەوە "بەرپرسیارێتی ئه‌م کێشه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حکومه‌تی عیراق، هیچ پارەیەك بۆ پڕۆژەی ئاو و نۆژەنكردنەوە خەرجناكات... چاوەڕوان دەكرێت كێشەكە رۆژ بە رۆژ زیاتر بێت".

ئەوە كێشەیە لەكاتێكدایە لە چوار مانگی رابردودا (حوزەیران – تا كۆتایی ئەیلول) زیاتر لە چوار هەزار خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە ئەو ناوچەیە و چاوەڕواندەكرێت كێشەی كەمئاوی زیاتر بێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT