خۆپیشاندان لە كەركوك نابڕێت

كەركوك/ 18ی ئابی 2020/ دەرچویەكی زانكۆ لەبەردەم بینای پارێزگا هوتاف دژی حكومەت دەڵێیتەوە و داوای دامەرزاندن دەكات فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

دوو مانگە خۆپیشاندان و گردبونەوە بەرۆكی پارێزگای كەركوكی بەرنەداوە، كە تیایدا هاوڵاتیان داوای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان لەوانە كارەبا، كۆكردنەوەی پاشماوەی ماڵان، هەروەها دەرفەتی كار و نەهێشتنی گەندەڵی دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 22ی كانونی یەكەم، دەرچووانی كۆلێژی زانست لە كەركوك جارێكی تر گردبونەوە داوای دامەزراندنیان كرد، ئەوەش لانیكەم دەیەم خۆپیشاندانە لە ماوەی هەردوو مانگی تشرینی دووەم و كانونی یەكەمی ئەمساڵدا.

ئەوەش دوای ئەوە هات، كە رۆژی پێشوتر خۆپیشاندانێكی تر لەبەردەم بینای پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو، تیایدا داوای باشتركردنی دۆخی كارەبایان كرد، هەروەها نیگەرانی خۆیان نیشاندا لە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عیراقی.

شوان سەعید، یەكێك لە خۆپیشاندەران، بە (كەركوك ناو)ی وت "گەڕاوینەتەوە بۆ چاخی بەردین، بەهۆی نەبونی كارەباوە".

گەڕاوینەتەوە بۆ چاخی بەردین، بەهۆی نەبونی كارەباوە

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا لە كەركوك كەمبۆتەوە، بەشێوەیەك مۆلیدە ئەهلییەكان لە كاتژمێر 12 شەوەوە كارەبا دەكوژێننەوە و زۆرینەی كاتیش لە شەودا كارەبای نیشتیمانی نییە.

xopishandan-10
كەركوك/18ی ئابی 2020/ دەرچووانی زانكۆی كەركوك لەبەردەم بینای پارێزگا داوای دامەزراندن و دەرفەتی كار لە حكومەت دەكەن فۆتۆ: كاروان ساڵحی

بەرزی نرخی ئەمپیری مۆلیدە ئەهلییەكان و دەرفەتی دامەزارندن ئەو دوو بابەتەن لە دوو مانگی رابردودا زۆرترین خۆپیشاندان و ناڕەزاییان بۆ كراوە.

لە خۆپیشاندانەكەی دووشەممە 21ی كانونی یەكەم، لەبەردەم بینای پارێزگای كەركوك، خۆپیشاندەران راگەیەنراوێكیان بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی خوێندەوە و تیایدا داوایان لە ئیدارەی پارێزگای كەركوك كرد، رەوشی خراپی کارەبا لە شارەکە چاکبكات.

"هیچ هەماهەنگییەک لە نێوان کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان و کارەبای نیشتیمانیدا نییە، جاری وا هەیە لە 24 كاتژمێرەكەدا كەمتر لە 15 كاتژمێر كارەبا دەدەن... ئەو سیستمەی بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکان دانراوە زۆر هەڵەیە و تەنانەت قوتابیانیش ناتوانن بە ئۆنلاین بخوێنن، چونكە كارەبا نییە".

سیدرە محەمەد، یەكێك لەو هاوڵاتییانەی لە خۆپیشاندانەكەدا بەشداربوو، وتی "دژی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلاریشین، چونكە شتومەك و پێداویستی خۆراك زۆر بەرزبۆتەوە، داوا لە حكومەتی عیراق و بانكی ناوەندی دەكەین بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عیراقی بەرزنەكاتەوە".

خۆپیشاندانەكان بەگشتی هەندێك كات كاریگەری هەبووە لەسەر بڕیاری حكومەت، لەوانەش بڕیاری دامەزراندنی 1000 دەرچوی زانكۆ و پەیمانگە – هەرچەندە نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە-، هەروەها داشكاندنی نرخی ئەمپێری كارەبا بۆ مانگێك، بەڵام لە هەندێك حاڵەتیشدا خۆپیشاندان هیچ كاریگەری نەبووە.

گروپی شەقام كە لە ماوەكانی رابردودا لەلایەن هەندێك لە مامۆستا، فەرمانبەر و پارێزەرەوە دامەزرا بۆ فشارخستنە سەر ئیدارەی كەركوك، تائێستا پێشڕەوی بەشێك لە خۆپیشاندانەكانیان كردووە دژ بە ئیدارەی كەركوك و حكومەتی عیراق و بەڵێنیانداوە بەردەوامن لەو هەنگاوانەیان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT