مستەفا كازمی لە روداوەكانی كەركوك دەكۆڵێتەوە

كەركوك/ 2ی حوزەیران/ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەكاتی دابەزینی لە فڕۆكەخانەی حورییە لە كەركوك فۆتۆ: راگەیاندین سەرۆك وەزیران

كەركوك ناو

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكاریی و روداوە ئەمینیەكانی ئەمدواییەی پارێزگای كەركوك، كە "كەمتەرخەم"ی فەرماندە سەربازییەكان بە هۆكاری هەندێكیان دەزانێت.

پێكهێنانی ئەو لیژنەیە، لە كۆبونەوەیەكی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیدا هات بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان كە ئێوارەی یەكشەممە 5ی ئەیلول لە بەغدا بەڕێوەچوو.

لە كۆبونەوەكەدا، مستەفا كازمی، جەختیكردۆتەوە "هەرچەندە توانای دوژمن لاواز بووە، بەڵام خراپی ئیدارەدان و كەمتەرخەمی هەندێكجار لەكاری سەركردایەتییە سەربازییەكاندا دەبنەهۆی دروستبونی هەندێك پێشێلكاریی"، بەپێی بەیاننامەیەكی كۆبونەوەكە.

هەروەها جەختیكردۆتەوە لە گرنگی دانانی رێكار و گرتنەبەری رێگای نوێ بۆ نەهێشتنی دوبارەبونەوەی ئەو روداوە ئەمنییانە لەو پارێزگایە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت لە هێرشی گروپێكی چەكداریدا كە بەوتەی هێزە ئەمنییەكان "داعش" بون، 12 پۆلیسی فیدراڵی لە سنوری ناحیەی رەشاد لە باشوری خۆرئاوای پارێزگای كەركوك كوژران لە بەرەبەیانی 5ی ئەیلول.

كازمی لە كۆبونەوەكەدا كە تایبەت بووە بە بارودۆخی ئەمنی كەركوك، بە پێویستیزانیوە رۆڵی دەزگا هەواڵگرییەكان چالاكتربكرێن و هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنیی و سەربازییەكان پتەوتر بكرێت بۆ روبەڕوبونەوەی هەر پێشێلكارییەك.

"پارێزگای كەركوك بە فرە رەنگییەكەیەوە بەناوبانگە، بۆیە هەوڵێك هەیە بۆ دروستكردنی فیتنە و ئاژاوە بەتایبەت كە ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازداین"، بەوتەی كازمی.

هەوڵێك هەیە بۆ دروستكردنی فیتنە و ئاژاوە بەتایبەت كە ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازداین

هەر لەو كۆبونەوەیەدا فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، راپۆرتێكی دەربارەی هۆكاری روداوەكان رادەستكراوە و هێزە ئەمنییەكانی راسپاردووە، ئۆپەراسیۆنێكی فراوان بۆ نەهێشتنی شانە نوستووەكان ئەنجامبدەن.

گروپێكی چەكدار كە بەوتەی هێزە ئەمنییەكان "چەكداری دەوڵەتی ئیسلامی – داعش" بون، بەرەبەیانی یەكشەممە 5ی ئەیلولی 2021 هێرشیانكردە سەر هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی لە نزیك گوندی سەتیح لە ناحیەی رەشاد-ی باشورى خۆرئاوای كەركوك.

"چەكدارانی داعش بە چەكی جۆراجۆر هێرشیانكردە سەر هێزێكی لیوای 19ی فەوجی دوی پۆلیسی فیدراڵی و روبەڕوبونەوە رویدا، بەهۆیەوە 12 پۆلیس شەهید بون" بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ (كەركوك ناو).

فەریق ساڵح ناسر عامری، فەرماندەی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی عیراق، هەمان رۆژی روداوەكە، سەردانی ناحیەی رەشادی كرد و لە وتەیەكیدا جەختیكردەوە "ئەو هەوڵانەی هێزە پاڵەوانەكانمان بۆ راوەدونانی تیرۆریستان و نەهێشتنی شانەی نوستوی تیرۆریستان دەیدەن هەوڵی زۆر گەورەن و بەردەوام بەوپەڕی تواناو هێزەوە كاردەكەن و پێداگری دەكەن بۆ سەركەوتن بەسەر تیرۆردا"، بەپێی بەیاننامەیەكی پۆلیسی فیدراڵی.

دۆسییەی ئەمنی كەركوك لەمكاتەدا بەدەست هێزەكانی سوپا، حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی، لیوای تایبەتی 61ی سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و پۆلیسی ناوخۆییە، ئەوانەش هەمویان لەژێر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT