10 دەستگیركراوی كەركوك هێشتا لە زیندانن
ئەوانەی ئازادكراون دادگایی دەكرێن

كەركوك/ 12ی تشرینی یەكەمی 2021/ ژمارەیەك وێنەی شەوی رابردوی گەڕەكی شۆڕیجە، راگرتنی هاوڵاتیان لەلایەن بازگەی هێزە ئەمنییەكانەوە

كەركوك ناو

هێشتا 10 گەنجی گەڕەكی رەحیماوای كەركوك لە زیندانن و تۆمەتبارن بە تەقەكردن لە هێزە ئەمنییەكان، ئازادكراوەكانیش دۆسییەكانیان دانەخراوە و بڕیارە بدرێنە دادگا، ئەوەش دوای ئەوەی هەریەكەیان بەكەفالەتی سێ ملیۆن دینار و فەرمانبەرێك ئازادكران.

چوارشەممە 13ی تشرینی یەكەم، پۆلیسی كەركوك ژمارەیەك لەو گەنجە كوردانەی ئازادكرد كە لە رۆژانی 11ەو 12ی ئەم مانگە لە هەردوو گەڕەكی رەحیماوا و شۆڕیجە دەستگیركرابون، ئەوەش بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایش"ی شارەكە و رێگریكردن لە بە ئازادی كاركردنی هاوڵاتیان.

ئازادكردنیان دوای ئەوە هات كە حزبە كوردییەكان ناڕەزاییەكانیان لەڕێی تەلەفونەوە گەیاندە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق. بەڵام پارێزەرانی كەیسی ئەو گەنجانە دەڵێن "ئازادكردنیان بە رێكاری یاسایی بووە نەك سیاسی"، وەك ئەوەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بانگەشەی بۆ دەكەن.

سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنی لە كەركوك، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێشتا 10 گەنجی روداوەكانی دوو رۆژی رابردوی كەركوك ئازادنەكراون، ئەو 10 خەڵكی گەڕەكی رەحیماوان و تۆمەتبارن بە تەقەكردن لە هێزە ئەمنییەكان".

لە بارگرژی نێوان هێزە ئەمنییەكانی كەركوك و گەنجانی كوردی دوو گەڕەكی كوردنشین، 65 گەنج دەستگیركران و روبەڕوی دادگا كرانەوە، زۆرینەیان چوارشەممە 13ی تشرینی یەكەم ئازادكران.

هەژار كاكەیی، یەكێك لە پارێزەرانی خۆبەخشی دۆسییەی گەنجەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوانەی ئازادكران هەمویان بە كەفالەتی سێ ملیۆن دینار و فەرمانبەرێك ئازادكراون، واتە لەڕویی یاساییەوە دۆسییەكانیان دانەخراوە و دادگایی دەكرێن، هەرچەندە ئەگەر هەیە و هەر لەڕوی یاسایی و بەپێی ئەو ماددەیەی دەستگیركراون – ماددەی 222 لە یاسای سزادانی عیراقی-  دادگا دەتوانێت دۆسییەكە دابخات، بەڵام جارێ نازانین دادگا دواتر بڕیاری چی دەدات".

بەپێی بڕگەی یەكەمی ئەو ماددەیە، هەر گردبونەوەیەك، ئامانج لێی ئەنجامدانی تاوان، یان كەتن، یان رێگریی لە جێبەجێكردنی یاسا و بڕیارەكاندا هەبێت، یاخود كاریگەری بكاتە سەر كارەكانی دەسەڵات، یان هاوڵاتیان لە ئازادی كاركردن بێبەش بكات، ئیتر ئەو كاریگەرییە بەهێز بێت، یان هەڕەشە، ئەوا ئەو كەسە سزادەدرێت بە زیندانی كە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، یان سزادی ماددی دەدرێت یان هەردوو سزاكە دەیگرێتەوە.

police kirkuk
كەركوك/ 13ی تشرینی یەكەمی 2021/ هێزێكی سەر بە فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك لە گەڕەكی شۆریجە فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

بەپێی مادەكە، سزاكە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە بانگەوازیان بۆ گردبونەوەكە كردووە، یان بەڕێوەیبردووە، یان بەشداری تیادا كردبێت و ئاگاداری ئامانجەكەی بوبێت. هەروەها ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە لە گردبونەوەكە دورنەكەوتونەتەوە، هەرچەندە زانیویانە ئامانجەکەی چییە.

سەباح جاسم، یەكێك لەو گەنجانەی شۆڕیجە كە ئازادكراوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو شەوەی دەستگیركرام، لە یاریگایەكی تارتان لەگەڵ چەند هاوڕێیەكم دانیشتبوم و سەیری یاریم دەكرد، نە بەشداری ئاهەنگی سەركەوتنی حزبەكانم كرد، نە ئاگاداریش بوم چی دەگوزەرێت، لەپڕ هەستمانكرد چواردەورمان بەهێزی لیوای تایبەتی 61ی گیرا و پەلاماریانداین".

"كاتژمێر 10ی شەو دەستگیریان كردین، تا 2ی شەو لەناو هەمەرێكی سەربازی هێڵدراینەوە، ئینجا رادەستی پۆلیسیان كردین"، سەباح زیاتر وتی "بە راكێشان و پاڵپێوەنان و ئەشكەنجەدان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكردین".

كاتژمێر 10ی شەو دەستگیریان كردین، تا 2ی شەو لەناو هەمەرێكی سەربازی هێڵدراینەوە

سەباح جاسم، یەكێك بوو لەو گەنجانەی كە دواینیوەڕۆی چوارشەممە 13ی تشرینی یەكەم بە كەفالەتی سێ ملیۆن دینار و فەرمانبەرێك ئازادكرا.

هەریەكە لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئازادكردنی گەنجەكانیان بە دەستكەوتی خۆیان دانا، ئەوەش دوای پەیوەندی تەلەفونیان لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق.

بەڵام هەژار كاكەیی وتی "ئێمە هەر ئەو شەوە چوینە بەردەم بنكەكانی پۆلیس و دۆسییەكەمان لە ئەستۆگرت، هەر لە هەوڵدابوین بۆ ئەوەی گەنجەكان ئازادبكرێن، ئیشەكە بەپێی یاسا بەڕێوەچوو و بە یاساش ئازادكران، ئەوەتا هەمویان بە كەفالەت ئازادكراون و دۆسییەكانیشیان دانەخراوە".

لانیكەم 10 پارێزەر بەشێوەی خۆبەخش دۆسییەی ئەو گەنجانەیان لە ئەستۆگرتووە.

هەژار كاكەیی وتی "ئەوانەی بە كەفالەت ئازادكراون بەشێك نەبون لەو ئاژاوەیە... لای پۆلیس وتەیان لێ وەرگیراوە و بە كەفالەت ئازادكراون".

"هێزە سیاسییەكان بەشدارنەبون  لە ئازادكردنیان و هەر لای دادگا و پۆلیس-یش نەبون، هێزەكان هەركات ئاژاوەیەك دروستبێت خۆیانی لێ بێدەنگ دەكەن، بەڵام كاتێك كێشەكە چارەسەر دەبێت و دەستكەوتێك دێتە پێشەوە، هەمویان خۆیان دەكەنە خاوەنی... دەمەوێت دڵنیاتان بكەمەوە ئەمجارە ئەوان ناتوانن خۆیان بكەنە خاوەنی بابەتەكە"، هەژار كاكەیی وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT