كەركوك: داعش لە سێ قۆڵەوە هێرشیكرد
لەیەككاتدا حەشد، پێشمەرگە و پۆلیسی فیدراڵی كردە ئامانج

كەركوك/ 31ی تشرینی یەكەمی 2021/ كەسوكاری كوژراوانی گوندی حەوائج لە ناحیەی عەباسی، دوای ئەوەی چوار كرێكاریان بەدەستی داعش كوژران فۆتۆ: تایبەت بە (كەركوك ناو)

كەركوك ناو

شەوی رابردوو چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، لە سێ قۆڵەوە هێرشیانكردە سەر هێزە ئەمنییەكانی عیراق و پێشمەرگە لە پارێزگای كەركوك، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبوو.

ئەو هێرشانە لە سێ میحوەری جیاوازەوە ئەنجامدران لە ماوەی یەك كاتژمێردا لە شەوی 3ی تشرینی دووەم.

هێرشی یەكەم بەر لە كاتژمێر 10ی شەو كرایە سەر خاڵێكی سەربازی حەشدی عەشایەری لە گوندی ئەلبو شەهاب لە باشوری قەزای داقوق بەدوری 44كم باشوری ناوەندی كەركوك، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی لەو قەزایە.

سەرچاوەكە جەختیكردەوە "بۆ ماوەیەك روبەڕوبونەوە رویداوە، دواتر چەكدارەكان كشانەوە و بە هاوەن بۆردومانی ناو گوندی ئەلبو شەهابیان كردووە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە".

بۆ ماوەیەك روبەڕوبونەوە رویداوە، دواتر چەكدارەكان كشانەوە و بە هاوەن بۆردومانی ناو گوندەكەیان كرد

هاوكات لەگەڵ ئەو هێرشەدا، لیوای 20ی پۆلیسی فیدراڵی لە سنوری ناحیەی رەشاد سەر بە قەزای حەویجە كرایە ئامانج، بەڵام هەر زوو بەرپەرچدرانەوە، هەر بەپێی سەرچاوەكە.

كاتژمێر 10ەو نیوی هەمان شەو، داعش هێرشیكردە سەر لیوای 10ی هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرزاییەكانی زرگەزرا و لە سنوری ناحیەی پردێ لە كەركوك و لانیكەم 20 خولەك روبەڕوبونەوە رویداوە.

بەپێی سەرچاوەیەكی پێشمەرگە لەو میحوەرە، چەكدارەكان دوای ئەوەی وەڵامدراونەتەوە، ناوچەكەیان بەجێهێشتووە، ئەوەش دووەم هێرشی داعشە لەم هەفتەیەدا بۆ هەمان میحوەر، دوای ئەوەی شەممەی رابردوو 30ی تشرینی یەكەم لەڕێی چەكی بیكەیسییەوە تەقەیان لە دوو پێشمەرگە كرد و بەهۆیەوە گیانیانلەدەستدا.

بەگشتی لە ماوەی حەوت رۆژی رابردودا داعش حەوت هێرشی بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتیانی مەدەنی لە كەركوك ئەنجامداوە و هەشت كەس بەهۆیەوە كوژران، كە چواریان مەدەنین. بەڵام سێ هێرشەكەی شەوی رابردوو هیچ زیانێكی نەبوو.

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2018ەوە تاوەكو تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، داعش "دوو هەزار و 412 هێرشی تیرۆریستی لە عیراق ئەنجامداوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە لە كۆتایی 2017ە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق، كۆتایهاتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام راگەیاند.

فەریق ڕوکن جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی تشرینی دووەم، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە "تەنیا لە ئەمساڵ و تا کۆتایی مانگی تشرینی یەكەم، داعش نزیکەی 170 کردەی تیرۆریستی هەبووە، زۆربەی کردەوە تیرۆریستییەکانیش لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام شێوازی هێرشەکانی جیاوازە، جاران کە ئیمارەتەکەی هەبوو شەڕی بەرەیی دەکرد... بەڵام ئێستا بەشێوازی گروپی بچوک پەلاماری هێزە عیراقییەکان یان پێشمەرگە دەدات و تاکتیکێکی نوێ بەکاردەهێنێت یان بەڕێگای کردەی خۆکوژییە، یاخود دانانی مینە، یاخود بە قەناس لە دورەوە هێرش دەکات یاخود کەمین لەسەر جادەکان دادەنێت یا خەڵک دەڕفێنێت و بە پارە ئازادییان دەکات".

داعش تاکتیکێکی نوێ بەکاردەهێنێت یان بەڕێگای کردەی خۆکوژییە، یاخود دانانی مینە، یاخود بە قەناس لە دورەوە هێرش دەکات

لە بارەی چڕكردنەوەی هێرشەكانی داعش لەمكاتەدا، جەبار یاوەر پێیوایە "دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردن کراوە و دەیەوێت هەلومەرجەکە تێکبدات تا کاریگەری لەسەر دروستبونی حکومەتی نوێی عیراق دابنێت".

بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی "داعش توانای جارانی نەماوە و ناتوانێت پەلامار بدات و ناوچەی فراوان داگیر بکات، یان دامودەزگای هەبێت وەک ئەوەی لە 2014 هەیبوو".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT