لە 65ـەوە بۆتە 98
"خۆكوشتن" لە كەركوك زیاد دەكات

فۆتۆ: Eva Blue، لە ماڵپەڕی unsplash وه‌رگیراوه‌ له‌ 27ـی كانونی یەكەمی 2021

كەركوك ناو – كەركوك

98 كەس لە پارێزگای كەركوك "خۆیان كوشتووە"، ئەوەش لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، كە زۆرینە لە رەگەزی مێ بون و ئامارەكە بەراورد بە ساڵی رابردوودا زیادیكردووە.

بەپێی ئامارێكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق بۆ (كەركوك ناو)، ساڵی 2021دا لە كەركوك، 98 حاڵەتی "خۆكوشتن" بەرەسمی تۆماركراون؛ لەو ژمارەیەش 78 كەسیان لە رەگەزی مێ و سەروو تەمەنی 20 ساڵ بون.

سەجاد جومعە، لێپرسراوی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت "ژمارەی خۆكوشتن لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی 2020 زیادیكردووە".

بە درێژایی ساڵی رابردوو 2020 لە كەركوك 65 حاڵه‌تی "خۆكوشتن" تۆماركراون كە 50یان له‌ ره‌گه‌زی مێ بون.

jnan . kirkuk (5)
كەركوك/ 2015/ گردبونەوەیەكی ژنان دژی توندوتیژی فۆتۆ: كاروان ساڵحی

"زۆربەی ئەو کەسانەی خۆیان کوشتووە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 45 ساڵیدایە" بەوتەی جومعە لە هۆكارە سەرەكییەكانیش "توندوتیژی خێزانی، ناجێگیری باری دەرونی و خراپی بارودۆخی دارایین".

لێپرسراوەكەی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ داوای هاوكاری لە هەموو دامودەزگا حكومییەكان و مامۆستایانی ئایینی دەكات، تا پێكەوە هەوڵبدەن ئامارەكانی "خۆكوشتن" كەمبكەنەوە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 772 حاڵەتی "خۆكوشتن" تۆماركراوە، ئەوەش زیاترە بەراورد بە ساڵی 2020 كە 663 حاڵەت بوو، وەك تۆڕی راگەیاندنی عیراقییەی نیمچەرەسمی بڵاویكردەوە.

كچ هەیە تەمەنی لە خوار 14 ساڵییەوەیە و بە زۆر هاوسەرگیری پێكراوە بۆیە خۆی كوشتووە

هەر لەو ئامارەدا هاتووە سەدا 55.9ـی ئەوانەی "خۆیان كوشتووە" لە رەگەزی نێر و سەدا 44.8ـیان لە رەگەزی مێ بون، سەدا 40ـیان هاوسەرگیرییان كردووە و سەدا 55 سەڵت بون، هەروەها زیاتر لە سەدا 36ـی قوربانییەكان تەمەنیان لە خوار 20 ساڵییەوەیە، سەدا 32 تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 30 ساڵیدایە.

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت هۆكارەكانی "خۆكوشتن" سەدا 35.22 بەهۆی فشاری دەرونییەوە بووە، سەدا 34.64 بەهۆی ناجێگیری باری دەرونی، سەدا 13 بەهۆی هەژاری، سەدا 9.5 بەهۆی بێكاری و بەشێكیان بەهۆی شكستهێنان لە خوێندن و گەیشتن بە خواستی خۆیان بووە لە خوێندندا.

پارێزەر مەها عەبد جومەیلی لە كەركوك دەڵێت هەندێك لە حاڵەتی "خۆكوشتن" بەهۆی بەكارهێنان و ئالودەبون بە ماددەی هۆشبەر بووە، "هیچ پارەی پێنەماوە بۆ كڕینی ماددەی هۆشبەر و پەنای بردۆتە بەر خۆكوشتن" جومەیلی ئەوەشی بە (كەركوك ناو) وت "بەداخەوەین بۆ ئەو رێژە بەرزەی خۆكوشتن لە عیراق، لەو روداوانەدا كچانی تێدایە تەمەنی لە خوار 14 ساڵییەوەیە و بە زۆر هاوسەرگیری پێكراوە بۆیە خۆی كوشتووە".

kirkuk-19
كەركوك/ 2020/ شەقامێكی سەرەكی ناوشار فۆتۆ: كەركوك ناو

پارێزگای كەركوك لە ساڵی 2019یشدا، ریزبەندی یەكەمی لەسەر ئاستی عیراق هەبوو بۆ روداوەكانی "خۆكوشتن" بە 106 حاڵەت، كە  89 كه‌سیان له‌ ره‌گه‌زی مێ و 17یان له‌ ره‌گه‌زی نێر بون.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی 2019دا عیراق 605 حاڵەتی "خۆكوشتن"ـی تێدا بووە، لە ساڵی 2018ـدا 530 حاڵەت، لە ساڵی 2017یشدا 462 حاڵەتی "خۆكوشتن" تۆماركراوە.

ساماڵ جەبار بازیانی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەی سجادە نەبەوی لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەردەوام لە رێگەی منبەرەکان و کۆڕ و کۆبونەوەکانەوە رێنمایی و ئامۆژگاریمان داوە بە هاوڵاتیان، بۆ ئەوەی خەڵک خۆشەویستی بۆ پەروەردگار بەهێزتر بێت و رونمانكردۆتەوە کۆتاییهێنان بە ژیان قازانجی نییە و کێشەکەت چارەسەر ناکات".

"خەڵك بێ ئومێد بووە بۆیە روو لە خۆكوشتن دەكات" بەوتەی بازیانی پیویستە حكومەت بەرنامەی تایبەتی بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو دیاردەیە هەبێت و هەوڵی كەمكردنەوەی بدات.

هەڵكشانی ئامارەكانی كەركوك هاوكاتە له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی ده‌رچواندنی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، كە تیایدا هەندێك رێگەچارە بۆ رێگری لە توندوتیژی دانراون لە نێویاندا كردنەوەی شەڵتەر لە پارێزگاكاندا، بەڵام یاساكە هێشتا لە په‌رله‌مانە و پەسەندنەكراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT