رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین لە عیراق گەیشتە سەدا 20

كەركوك/ 23ی تشرینی دووەمی 2021/ پۆلیس لە كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك رێگەنادات هیچ كەسێك بەبێ ڤاكسین بچێتە ژورەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

لە تەواوی عیراق، هەشت ملیۆن و 454 هەزار و 147 كەس ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە. كە دەكاتە سەدا 20.5ی كۆی ژمارەی دانیشتووان، ئەوەش بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق.

وەزارەتی تەندروستی 27ی كانونی یەكەم، ئاماری نوێی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنای لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق راگەیاند و تیایدا دەركەوتووە لە مانگی رابردوەوە رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین تەنیا لەسەدا سێ بەرزبۆتەوە.

پارێزگای كەركوك

تا 27ـی كانونی یەكەم 343 هەزار و 923 كەس ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە كە دەكاتە لەسەدا 19.9ی دانیشتووانەكەی، ئەوەش لەكۆی ملیۆنێك و 726 هەزار و 409 كەس، لەكاتێكدا مانگی رابردوو سەدا 17.8 ڤاكسینیان وەرگرتبوو.

پارێزگای نەینەوا

لە نەینەوا، 653 هەزار و 661 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە، لە كۆی چوار ملیۆن و 30 هەزار و شەش كەس، كە دەكاتە لەسەدا 16.2، مانگی رابردوو رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین لەسەدا 14.2 بوو.

پارێزگای دیالە

لە پارێزگای دیالە 403 هەزار و 250 كەس ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە، ئەوەش لە كۆی ملیۆنێك و 768 هەزار و 920 كەس، بەو پێیە لەسەدا 22.7ی دانیشتووانەكەی ڤاكسینیان وەرگرتووە. مانگی رابردوو رێژەكە لەسەدا 16.3 بوو.

پارێزگای سەڵاحەدین

لە پارێزگای سەڵاحەدین 400 هەزار و 131 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە، لەكۆی ملیۆنێك و 723 هەزار و 546 كەس، بەو پێیە 23.2 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە. مانگی رابردوو رێژەكە لەسەدا 20.2 بوو.

لە پارێزگای هەولێر، 353 هەزار و 12 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە، لەكۆی دوو ملیۆن و  30 هەزار و  963 كەس، كە دەكاتە لەسەدا 17.3. هەرچی پارێزگای  سلێمانییە 299 هەزار و 770 ڤاكسینیان وەرگرتووە، لە دوو ملیۆن و 336 هەزار و 191 كەس و واتە تەنیا لەسەدا 12.6 ڤاكسینیان وەرگرتووە.

وەرگرتنی ڤاكسین لە پارێزگای بەسرە، بەرزترین رێژەی سەدی وەرگرتووە، لەكۆی ئەو هەشت پارێزگایەی (كەركوك ناو)، بە نمونە وەریگرتووە و تیایدا لەسەدا 28ی دانیشتووانەكەی ڤاكسینیان پێدراوە.

لە تەواوی پارێزگای بەغداش، دوو ملیۆن و 61 هەزار و 830 كەس ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە، لە كۆی هەشت ملیۆن و 780 هەزار و 422 كەس كە لەسەدا 23.4.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT