كچێك لە "هەوڵی خۆكوشتن" رزگاردەكرێت

وێنەی كچەكە لەسەر مۆڵ نزار سیتی لە كەركوك، كە لە ڤیدیۆكەوە دەرهێنراوە.

كەركوك ناو

كچێكی 23 ساڵ هەوڵدەدات لەسەر مۆڵێكەوە "خۆی فڕێبداتە خوارەوە و كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت"، بەڵام لەلایەن گەنجێكەوە رزگار دەكرێت. ئەوەش بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە دەست (كەركوك ناو)، كەوتووە و پۆلیس راستی روداوەكەی پشتڕاستكردۆتەوە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆكە، كچەكە لەسەر مۆڵی نزار سیتی لە گەڕەكی ئیسرا و مەفقودین  وەستاوە و كەسێكی تر لە سەرەوە وادیارە قسەی لەگەڵ دەكات، لە پڕ دەستی كەسێك دەبینرێت كە قاچی كچەكە دەگرێت و رایدەكێشێت و دەیباتە خوارەوە.

عەلی عەزیز، شایەتحاڵ لە شوێنی روداوەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەكاتی گەڕانەوەمدا لە دەوام قەرەباڵغییەكی زۆرم بینی لە نزیك شەقامی مۆڵ نزار، بینیم كچێك چۆتە سەر مۆڵەكە و هەوڵی دەدا خۆی فڕێبداتە خوارەوە، بەڵام گەنجێك رێگری لێكرد و رزگاری كرد".

وتیشی "هەر ئەوكات پۆلیسی بنكەی دۆمیز هاتن بۆ لێكۆڵینەوە لەو هەوڵە".

سەرچاوەیەك لە بنكەی پۆلیسی دۆمیز بە (كەركوك ناو)ی وت "كچەكە كارمەندە لەو مۆڵە و كێشەیەكی كۆمەڵایەتی هەبووە و هەوڵیداوە خۆی فڕێبداتە خوارەوە و كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت"، بەبێ باسكردنی وردەكاری كێشەكە، تەنیا جەختیكردەوە لەوەی دۆخی دەرەونی جێگیرە و لەو هەوڵە رزگاركراوە.

كچەكە كارمەندە لەو مۆڵە و كێشەیەكی كۆمەڵایەتی هەبووە و هەوڵیداوە خۆی فڕێبداتە خوارەوە و كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت

بەپێی ئامارێكی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق كە بە (كەركوك ناو) دراوە، لە تەواوی ساڵی 2021دا لە پارێزگای كەركوك، 98 حاڵەتی "خۆكوشتن" بەڕەسمی تۆماركراون؛ لەو ژمارەیەش 78 كەسیان لە رەگەزی مێ و سەروو تەمەنی 20 ساڵ بون.

پێشتر سەجاد جومعە، لێپرسراوی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت "ژمارەی خۆكوشتن لە ساڵی 2021 بەراورد بە ساڵی 2020 زیادیكردووە".

بە درێژایی ساڵی 2020 لە كەركوك 65 حاڵه‌تی "خۆكوشتن" تۆماركراون كە 50یان له‌ ره‌گه‌زی مێ بون.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT