ئەو دادوەرەی بێتاوانی تۆمەتباری سەرەكی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵی دەركرد لە پۆستەكەی نەما

بینای دادگای سلێمانی

كەركوك ناو

ئەو دادوەرەی بڕیاری ئازادكردنی تۆمەتباری سەرەكی دۆسییەی دوو خوشكەكەی قەزای چەمچەماڵی دەركرد، لە پۆستەكەی نەما، وەك خۆی دەڵێت "لەچوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی ناو دادگادا بووە"، ئەوەش دوای كەمتر لە سێ هەفتە دێت لە وتارێكی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت كە بڕیارەكەی دادوەری بە گەڕانەوە بۆ "خاڵی سفر و مار و پەیژە"، وەسفكرد و وتی "زۆر توڕەم بە بیستنی بڕیاری ئازادكردنی".

سالار رەوف مەحمود، سەرۆكی دادگای تاوانەكانی سلێمانی یەك، لە 11ی ئەیلولی رابردوو بڕیاریدا بە بێتاوانی باوكی ئەو دوو خوشكەی چەمچەماڵ كە بەیەكەوە و لە نۆی ئەیلولی 2020 تەرمەكانیان لەناو چاڵێكدا لە گۆڕستانیکی نێوان هەردوو قەزای چەمچەماڵ - ناحیەی شوان دەرهێنرانەوە.

سالار رەوف دوێنێ یەكشەممە 2ی تشرینی یەكەم، لە پۆستەكەی نەما و لە شوێنەكەیدا جێگرەكەی دەستبەكاربوو. ئەو لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "ئەوە لە چوارچێوەی هەندێك گۆڕانكاریی بووە لەناو دادگادا، من ساڵێك لەمەوبەریش خۆم داوامكردووە فشاری كاركردنم لەسەر كەمبێتەوە، چونكە دوو كاری ترم لە بوارەكەی خۆمدا هەبووە و ئەوەش وایكردووە ماندوبم".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، سێ رۆژ دوای بڕیاری سالار رەوف بۆ ئازادكردنی تۆمەتبارەكە، لە وتارێكیدا لەگەڵ وەسفكردنی بڕیارەكە بە "مار و پەیژە و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر". لە بەشێكیدا جەختیكردەوە "دوابەدوای هەوڵ و کۆششی هێزە ئەمنییەکان کە بە پشتیوانی هاوڵاتیان و میدیاکارانی خەمخۆر، گومانلێکراوێک بە تاوانی کوشتن و توندوتیژیی دژی ژنان دەستگیر دەکەین، بە بڕیارێکی دادگا دێینەوە سەر خاڵی سفر".

Qubad Talabani
وێنەیەك لە وتارەكەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت.

هەروەها لە وتارەكەدا كە لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، نوسیویەتی "کرداریش بریتیە لە یاسا، رێنمایی، ئیجرائات، بەدواداچون، هوشداریدان و کاری دەستەجەمعی بە گشتی، ئەمانە و چەندین ئالییەتی تر پێویستە وەک یەک تیپی ئۆرکێسترا کاربکەن، ئەگەر یەکێکیان رۆڵی خۆی نەگێڕێت پارچە موزیکەکە دەشێوێت... ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی ئەم ئۆرکێسترایە بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت، یان خەمسارد بێت، فەراغێک دروستدەبێت کە شکستمان پێ دەهێنێت".

قوباد تاڵەبانی هەر لەبارەی بڕیارەكەی دادگاوە، دەنوسێت "زۆر توڕەبوم کە بیستم تۆمەتبارێک بە کوشتنی دوو کچەکەی بە هۆکارێکی لاواز و بە ناو نەبونی بەڵگەی شایستە ئازاد کراوە. ئەمە چ پەیامێک ئەدات بەو بێ شەرەفانەی ژن دەکوژن؟".

"بەداخم کە تاکو ئێستاش هەندێک دادوەرمان خەمساردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی توندوتیژیی دژی ژنان"، قوباد تاڵەبانی وای نوسیووە.

بەداخم کە تاکو ئێستاش هەندێک دادوەرمان خەمساردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی توندوتیژیی دژی ژنان

سالار رەوف مەحمود، سەرۆكی دادگای تاوانەكانی سلێمانی یەك، لەبارەی ئەوەی ئایا وتارەكەی جێگری سەرۆكی حكومەت، تاچەند كاریگەریی هەبووە لەسەر نەمانی لەو پۆستە؟ ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "دەمەوێت دڵنیاتان بكەمەوە هیچ هۆكارێكی لەو شێوەیە بونی نییە، ئەوەی رویداوە وەك وتم لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی ناو دادگادا بووە و هیچی تر، گۆڕانكارییەكانیش بە سوتفە كەوتۆتە ئەم كاتە".

kchan-1-1
چەمچەماڵ/ 9ی ئەیلولی 2020/ پۆلیس لەكاتی هەڵدانەوەی گۆڕی دوو كچەكە، دوای شەش رۆژ لە دیارنەمانیان فۆتۆ: هێمن ئەحمەد

لەكاتی بڕیاری بێتاوانكردنی باوكی دوو كچەكە – كە هاوكات تۆمەتباری سەرەكی روداوەكە بوو -، پارێزەرێك كە ئاگاداری دواین دانیشتنی دادگا بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "دادوەر سالار لە دانیشتنەكەدا وتی راستە بەڵگەكان كافی نین لەبارەی تاوانباركردنی تۆ بە كوشتنی كچەكانت، بەڵام ئەمە دادگای مرۆڤایەتییە و تۆ بە دادگای خوا دەسپێرین".

لە نۆی ئەیلولی 2020، پۆلیسی چەمچەماڵ تەرمی دوو خوشك (ئاوارە 19 ساڵ و هێلین 17ساڵ)، لە چاڵێکى نیو مەتر قوڵدا لە نزیك گۆڕستانی گوندی برایم ئاغا لە نێوان هەردوو قەزای چەمچەماڵ - ناحیەی شوان دەرهێنایەوە. ئەوەش دوای نزیكەی هەفتەیەك لە ونبونیان. هەر ئەوكات دادگا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ باوكیان دەركرد و وەكو تۆمەتباری سەرەكی ناساندی.

تۆمەتباری سەرەكی كە دەكاتە باوكیان، لە 30ی ئاداری 2021 خۆی رادەستی پۆلیسی چەمچەماڵ كرد، ئەوەش دوای شەش مانگ لە دۆزینەوەی تەرمی كچەكانی.

هەمان رۆژ، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا لەبارەی خۆرادەستكردنی تۆمەتباری سەرەكی، دەڵێت "(ف، ح، ش) باوكی دوو خوشكەكە، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە".

قوباد تاڵەبانی لەكۆتایی وتارەكەیدا دەنوسێت "ئەم شەڕەی دەستمان بۆ بردووە وەک یاری مار و پەیژە وایە، کەی وا دەزانیت بە پەیژەیەک چەند هەنگاوێک سەرکەوتیت، مارێک ئەتهێنێتەوە خوارێ. بەس بزانن ها، هەر بەو پەیژانەدا سەر ئەکەوینەوە، ناهێڵین بکوژەکان بە ئازادی و بە ئیستراحەتی بێن و بڕۆن، هەرگیزیش ناهێڵم خەڵک لە بیری بچێت کە چەندە بێ شەرەفن. خوا وەکیلە؛ ئەگەر بە تاقی تەنهاش بم هەر بەدواتانەوە دەبم".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT