kirkukNow پلانی ستراتیژی بۆ سێ ساڵی داهاتوو (2023- 2026) داڕشتەوە

كەركوك ناو

كارمەندان، رۆژنامەنوسان و خاوەن بەرژەوەندییەكانی (كەركوك ناو)، پلانی ستراتیژیی دامەزراوەكەیان بۆ سێ ساڵی داهاتوو داڕشتەوە، ئەرک، دیدگا و پلانی کاری دامەزراوەکەیان رێکخستەوە و پەیكەرێكی نوێیان داڕشت و هەڵبژارد، بۆ لەمەودوا دەستەیەكی سێ كەسی دەستبەكاردەبن.

ئەو وێرکشۆپە ستراتیژییە لە 14ـی تشرینی دووەمی 2022 بەڕێوەچوو و یەكشەممە 8ـی كانونی دووەمی 2023 پەسەندكرا.

لە ستراتژییە پەسەندكراوەكەدا هاتووە كە ساڵی 2023 دەبێتە سەرەتای جێبەجێکردنی ستراتیژیی نوێی سێ ساڵەی (كەركوك ناو).

ستراتیژە نوێیەکە بەرهەمی یانزە ساڵ کاری رۆژنامەوانی و گفتوگۆی چڕوپڕی ستافی کارکردن و رۆژنامەنوسان و هاوبەشەکانمانە کە ئەزمونێکی زۆریان هەیە دەربارەی "ناوچەی جێناکۆک" وەک ئەوەی لە دەستوری هەمیشەیی عیراقدا دیاریکراوە. ئەم ستراتیژە جەختدەکاتە سەر زیاتر سودبینین لە توانای میدیاکار و سەرچاوەکانمان و بۆ زیاتر خزمەتکردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە و دامەزراندنی بازاڕێکی میدیای پیشەیی.

بەپێی ستراتیژەكە لەمەودوا دەستەیەكی سێ كەسی (بەڕێوەبەر/سەرنوسەر، بەڕێوەبەری دارایی، بەڕێوەبەری گەشەپێدان) هەڵبژێردران، شۆڕش خالید بۆ بەڕێوەبەر/سەرنوسەر، نیان عومەر بۆ پۆستی بەڕێوەبەری دارایی و ئاهەنگ حسێن بۆ بەڕێوەبەری گەشەپێدان.

Team.kirkuk
لای راستەوە/نیان عومەر، بەڕێوەبەری دارایی. شۆڕش خالید، سەرنوسەر. ئاهەنگ حسێن بەڕێوەبەری گەشەپێدان. فۆتۆ: سەلام عومەر

هەر بەپێی ستراتیژە پەسەندكراوەكە، بۆردێکی راوێژکاریی کە توانای پێدانی راوێژ و هەروەها چاودێریکردنی ئەدائی (كەركوك ناو)ـی هەبێت هەڵدەبژێردرێنەوە لەوەشدا رەچاوی  یەکسانیی جێندەری دەكرێت و كەسانی شارەزای یاسایی، كارگێڕیی و دارایی، میدیایی و رێكخراوەیی تێدابێت.

(كەركوك ناو)، دامەزراوەیەكی میدیایی سەربەخۆیە بایەخ بە بڵاوكردنەوەی ئەو پەرەسەندنانە دەدات كە لەسنوری "ناوچەی جێناكۆك" رودەدەن، یان پەیوەندییان بەو سنورەوە هەیە، ئەمەش بە ئاراستەی هاندانی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە كۆمەڵگەكەدا و بەئاسانی دەستڕاگەیشتن بەزانیاریی.

لە ئەركەكانیشدا هاتووە "(كەركوك ناو) زانیاریی بە وەرگرانی دەدات و هانیان دەدات بۆ گفتوگۆکردن و کارلێککردن لە ناوچەكانی جێناكۆك. هاوکات، كاردەكات بۆ پەرەپێدانی توانای رۆژنامەنوسان لە سەرتاسەری وڵاتدا".

هەروەك لە روانینەكەشیدا هاتووە "دەمانەوێت ببینە دامەزراوەی میدیایی پێشڕەو لە ناوچەكانی جێناكۆك".

نوسینەوەی ئەو ستراتیژە دوای سێ مانگ گفتوگۆ، راپرسی، وێركشۆپ و وەرگرتنی رای ستاف و خاوەن بەرژەوەندییەكانی (كەركوك ناو) و هاوبەشەكانمان هات لەگەڵ شارەزایانی بواری میدیا و رێكخراوەیی ناوخۆ و بیانی.

ئەمە دووەمجارە دامەزراوەكە ستراتیژی خۆی دابڕێژێتەوە، دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی (2016)دا ستراتیژێکی درێژخایەنمان داڕشت، بۆ بەکارهێنانی میدیا وەک ئامرازێک بۆ هاندان بەرەو ئاشتی و پێکەوەژیان و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارماندا بە فراوانکردنی سنوری کارکردنی ماڵپەڕەکە بەشێوەیەک هەموو ئەو ناوچانە بگرێتەوە کە لە دەستوری عیراقدا بە "ناوچەی جێناکۆک" ناسێنراون. بەوەش روماڵی (كەركوك ناو)، لەپاڵ پارێزگای كەركوك، پارێزگاكانی نەینەوا، بەشێك لە پارێزگای دیالە و سەڵاحەدین-یشی گرتەوە.

لەو ماوەیەدا و بەپێی ئەو ستراتیژە (كەركوك ناو) پیشەییانە روماڵی ناوچەكانی جێناكۆكی كرد، ئیشی لەسەر گروپە پەراوێزخراوەكان كرد، هەروەها گرنگیدا بە پێكهاتە ئاینیی و نەتەوەییەكان، ئاوارە، ژنان منداڵان و هەموو ئەو چین و تویژانەی كە دەنگیان لە میدیا-دا بە باشی نابیسترێت. هەموو ئەوانە لەڕێی بەرهەمهێنانی بابەتی ناوخۆیی رەسەن و كواڵێتی بەرز.

یەكەم: (كەركوك ناو) بۆتە باشترین دامەزراوەی ناوخۆیی بۆ بەرهەمهێنانی بابەتی رۆژنامەوانی كواڵێتی بەرز

دووەم/ (كەركوك ناو) بۆتە باشترین دامەزراوەی میدیایی بۆ روماڵكرنی بابەتی رۆژنامەوانی پێكهاتە پەراوێزخراوەكان.

سێیەم: ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، لە ساڵی 2020دا خەڵاتی باشترین راگەیاندنی گەشەکردوی لەلایەن رێکخراوی ئینتەرنیوز-ی نێودەوڵەتییەوە وەرگرت، ئەوەش لە پێشبڕكێیەكدا بۆ ئەو دەزگا راگەیاندنانەی عیراق، كە بایەخیان بە روماڵی پرسەکانی ژن و پرسە جێندەرییەکانی کۆمەڵگا داوە.

Salam Omer
سەلام عومەر، سەرنوسەری پێشوی (كەركوك ناو) لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین راگەیاندنی گەشەکردوو كە لەلایەن رێکخراوی ئینتەرنیوز-ی نێودەوڵەتییەوە بە ماڵپەڕی (كەركوك ناو) درا.

چوارەم: (كەركوك ناو) لە پرسی روماڵكردنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕیندا لانیكەم شەش خەڵاتی ناوخۆیی بردۆتەوە، لە بەرامبەر بەرهەمهێنانی بابەتی رۆژنامەوانی.

پێنجەم: بەرهەمەكانی (كەركوك ناو)، لە ساڵانی رابردودا، لەلایەن دەیان دامەزراوەی ناوخۆیی لە عیراق و هەرێمی كوردستان بڵاوكراوەتەوە و ناوی دەزگاكە هێنراوە و ستافەكەی لە چەندین میدیای دەرەوەدا دەركەوتون بۆ قسەكردن لە پرسی روماڵكردن لە ناوچە ئاڵۆز و جێناكۆكەكاندا.

بەگشتی ئامانج لە نوسینەوەی ئەم ستراتیژە نوێیە (2023 - 2026) دوای ئەوە دێت كە بەشی زۆری ستراتیژی پێشوو بەدیهاتون، بەڵام لە ئێستادا قۆناغەكە گۆڕاوە، هەروەك پێداویستی و تەحەدییەكانیش گۆڕاون و پێداوستی وەرگرەكانیشملن بەهەمان شێوە لە گۆڕاندایە، ئەمەش وادەخوازێت دیدێكی نوێ و بەرهەمی نوێمان هەبێت و پێشكەش بكەین.

"KirkukNow" لە مانگی نیسانی ساڵی (2011) دا دامەزراوە؛ ماڵپەڕەکە تەنیا دامەزراوەی میدیایی سەربەخۆیە کە بە تایبەت گرنگی بە پەرەسەندنەکانی تەواوی "ناوچەی جێناکۆک" لە عیراق و ئەو گۆڕانکارییانە دەدات پەیوەندیان بەو پارێزگایەوە هەیە.

(كەركوك ناو) بەڵێندەدات لە ئەركەكەی بەردەوامدەبێت كە بۆتە ئیلهامبەخش بۆ رۆژنامەنوسان و هانیاندەدات چۆن بتوانن لە بارودۆخی ئاڵۆز و ناوچەكانی جێناكۆكدا كاری رۆژنامەوانیی بكەن.

هەروەها (كەركوك ناو) سوپاسی بێپایانی هاوبەشەكانی دەكات لەكاتی دامەزراندنییەوە تاوەكو ئێستا، كە بە شێوازی جۆراوجۆر پێكەوە كارمان كردووە، ئەمانەی خوارەوە بەشێكن لەو هاوبەشانە: (Wadi - FPU - MRG - HIvos  - Internews - EED  - Ceasefire   DW).

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT