یەكێكیان بە قوفڵ و زنجیر بەستراوەتەوە
پۆلیسی كەركوك: دوو ژن رزگاركران كە لە ماڵەوە زیندانی كرابون

كەركوك/ تەمموزی 2023/ ژنێك لە كەركوك لە ماڵی باوكی بۆ ماوەی 20 رۆژ بە قوفڵ و زنجیر دەبەسترێتەوە و زیندانی دەكرێت فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

لەیلا ئەحمەد – كەركوك ناو

دوو ژن لەناو ماڵی باوك و كەسوكاریاندا لە كەركوك زیندانی دەكرێن؛ ئەوەش لە دوو روداوی جیاوازدا، كە یەكێكیان بە قوفڵ و زنجیر بۆ ماوەی 20 رۆژ بەستراوەتەوە.

هێزەكانی پۆلیسی كەركوك، بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی كۆمەڵگەیی، هەردوو ژنە زیندانیكراوەكەیان رزگاركردووە و ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی تەمموز، لەناو فەرماندەیی پۆلیسدا قوفڵ و زنجیری قاچی یەكێك لە ژنەكان شكێنرا.

موقەدەم عامر نوری، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەمڕۆ لەكەركوك، دوو ژنمان لەزیندانیكردنی ماڵەوە ڕزگار كرد".

یەكەم روداو، كە ژنێكی تەمەن 33 ساڵە، هەردوو قاچی بە قوفڵ و زنجیر بە یەكترییەوە بەستراوەتەوە و لە ژورێكی ناو ماڵی باوكی زیندانیكراوە.

"ئەو ژنە بۆ ماوەی 20 رۆژ بەستراوەتەوە، لەلایەن باوك و براكانیەوە، بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە و بە پاساوی ئەوەی لەدەستیان رانەكات، دەیانوت ئابڕویان دەچێت، بۆیە زیندانییان كردووە".

لێپرسراوەكەی پۆلیس دەڵێت ئەو ژنە هاوسەرگیری كردووە، بەڵام جیابۆتەوە و چۆتەوە ماڵی باوكی، "ژنەكە توندوتیژی جەستەیی بەرانبەر نەكرابوو، شوێنەواری لێدانی پێوەنەبوو، بەڵام لە ژورێكدا زیندانی كرابوو، ئێمە ئەو ژنەمان رزگاركرد و ئێستا لەژێر چاودێری پۆلیسی كۆمەڵگەییدایە".

پۆلیس بەڵێننامە بە باوك و براكانی ئەو ژنە پڕدەكاتەوە، دواتر دەیگەڕێننەوە بۆ ماڵەوە، موقەدەم عامر وتی "هەموو رۆژێك پەیوەندی پێوەدەكەین و ئەگەر وەڵام نەداتەوە، یان توندوتیژی بەرانبەر بكرێتەوە، ئەوە دەبرێتە پەناگە".

zhn 2023 (2)
كەركوك/ تەمموزی 2023/ لێكردنەوەی قوفڵی قاچی ئەو ژنەی لەماڵی باوكی زیندانیكراوە فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیس لە فەیسبوك وێنەكانی شكاندنی قوفڵ و لێكردنەوەی زنجیری قاچەكانی ئەو ژنەی بڵاوكردۆتەوە، بەبێ وردەكاری دەربارەی روداوەكە، تەنیا ئاماژە بەوەدەدات كە فەرماندەی پۆلیس لەگەڵ پۆلیسی كۆمەڵگەیی دەستتێوەردان بۆ چارەسەری چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی دەكەن وەك حاڵەتی مرۆیی و داوا لە دایكان و باوكان و هاوسەران دەكەن، بە میهرەبانی مامەڵە لەگەڵ "كەسانی لاوازدا" بكەن.

ئیدارەی كەركوك لە ساڵی رابردووەوە چەندینجار بانگەشەی كردنەوەی شیڵتەرێكی كردووە بۆ خانمانی هەڕەشەلێكراو، هەرچەندە كردنەوەی پەناگەكە راگەیەنرا، بەڵام تائێستا هیچ خانمێكی هەڕەشەلێكراوی وەرنەگرتووە.

وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیس باسی لەوەكرد، هەر ئەمڕۆ ژنێكی دیكە رزگاركراوە، "لەلایەن ماڵی باوكی خۆی و ماڵی خەسویەوە توندوتیژی بەرانبەر كراوە، بۆ ماوەی حەوت رۆژ زیندانی كراوە لە ژوورێكدا".

ئەو ژنە هاوسەرگیری كردووە، بەڵام هاوسەرەكەی "بەدەمی و روبەڕو تەڵاقی داوە و وازی لێهێناوە، لە مەحكەمە تەڵاقی نەداوە"، موقەدەم عامر دەڵێت ئەو دۆسیەیەش كەسوكاری هەردولا دەستتێوەردانیان تیادا كردووە، بۆیە لەژێر چاودێری و لێكۆڵینەوەدا ماوەتەوە، دۆسیەكە كەوتۆتە دادگا.

لە ماددەی 29ـی دەستوری عیراقدا هاتووە، رێگەنادرێت بە گرتنەبەری شێوازەكانی توندوتیژی و ستەم لە ناو خێزان و قوتابخانە و كۆمەڵگەدا.

بەپێی ئامارێكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە ساڵی 2022ـدا لە پارێزگاكانی عیراق (بەبێ هەرێمی كوردستان)، 21 هەزار و 595 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی دژی منداڵ، ژنان و كەسانی بە تەمەن لە دادگاكاندا تۆماركراوە، لەو ژمارەیە زیاتر 17 هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان بووە.

هەروەها لە ساڵی 2021ـیشدا هەر بەپێی ئامارەكانی ئەنجومەنی دادوەری، لە عیراق (بەبێ هەرێمی كوردستان) 22 هەزار و 365 حاڵەتی توندوتیژی لە دادگاكاندا تۆماركرابوون، لە نێویاندا 18 هەزار و 602 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان. تەنیا لە كەركوك لەو ساڵەدا 500 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی هەبون.

پرۆژەیاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، كە تیایدا هەندێك رێگەچارە بۆ رێگری لە توندوتیژی دانراون لە نێویاندا كردنەوەی شەڵتەر لە پارێزگاكاندا، چەند ساڵێكە لە په‌رله‌مانی عیراقە و پەسەندنەكراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT