"نیمچە رێككەوتنێك" هەیە بۆ مانەوەی عەبدولقادر دەخیل وەكو پارێزگاری نەینەوا

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا بەوەكالەت. فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگار

كەركوك ناو

فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە گفتوگۆدان بۆ دیاریكردنی كەسێك وەكو كاندیدی پارێزگار و هەڵبژاردنی لە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەندا، زیاد لە سەرچاوەیەك بۆ (كەركوك ناو) جەختدەكەنەوە لەوەی عەبدولقادر دەخیل چانسی هەیە وەكو پارێزگار هەڵبژێردرێت.

عەبدولقادر دەخیل، لە كۆتایی تشرینی دووەمی 2023 بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عیراق، وەكو پارێزگاری بەوەكالەت دانرا، لەجێی نەجم عەبدوڵا جبوری كە وازی لە پۆستەكەی هێنا.

سەرچاوەیەک كە لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا لێپرسراوێتی هەیە و لەبەرئەوەی گفتوگۆكان نەگەیشتونەتە خاڵی كۆتایی ئامادەنەبوو ناوی خۆی ئاشكرابكات، بە (كەركوك ناو)ی وت "پرسی دانانی عەبدولقادر دەخیل لەناو گفتوگۆكاندایە بۆ دانانی وەكو پارێزگاری نەینەوا، ئەو دۆخی باشە و ئەگەرێکی بەهێزە وەکو پارێزگاری نەینەوا بمێنێتەوە، بەڵام دواجار هەمومان چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی لەسەر رێككەوتنەكان دەکەین".

"خۆم قسەم لەگەڵ عەبدولقادر کردووە، ئەو وتی كە دۆخی باشە و رەنگە فراكسیۆنەكان وەكو پارێزگار قبوڵم بكەن"، سەرچاوەكە وایوت.

هاوكات ئەندامێكی تری ئەنجومەنی پارێزگا، بەهەمان هۆكار نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، وتی "نیمچە رێككەوتنێك هەیە لەسەر ئەوەی عەبدولقادر دەخیل ببێتە پارێزگاری نەینەوا و لەناو ئەنجومەندا هەڵبژێردرێت، بەڵام هێشتا فراكسیۆنەكان بۆ ئەو مەبەستە لە كۆبونەوە بەردەوامن و نەگەیشتون بە بڕیاری كۆتایی".

نیمچە رێككەوتنێك هەیە لەسەر ئەوەی عەبدولقادر دەخیل ببێتە پارێزگاری نەینەوا

جەختیشیكردەوە "بڕیاری یەكەم و كۆتایی لای ئەنجومەنی پارێزگایە كە بڕیارە سبەی دووشەممە 5ی شوبات كۆببنەوە".

عەبدولقادر دەخیل، بە كەسێكی نزیكی نەجم جبوری پارێزگاری پێشوی نەینەوا دادەنرێت، كاتێك نەجم پارێزگار بووە، دەخیل جێگری ئەو بوو، لە زۆرینەی كۆڕو كۆبونەوە گرنگەكان یاوەری بوو.

نەجم جبوری لە هەڵبژاردنی رابردودا، سەرۆكایەتی قەوارەی هاوپەیمانی (نەینەوا لیئەهلیها)ی كرد و توانی ببێتە هێزی یەكەم بە بەدەستهێنانی پێنج كورسی لە كۆی 29 كورسی ئەنجومەنەكە.

لە 25ـی كانونی دوەمی 2024دا شەش حزب و هاوپەیمانێتی بە سەرۆكایەتی موهەنەد جبوری  - كوڕی نەجم جبوری- (كوتلەی نەینەوا موەحەدە)ـیان راگەیاند، كە پێكەوە خاوەنی 13 كورسی ئەنجومەنن و بۆ پێكهێنانی حكومەت پێویستیان تەنیا بە دوو كورسی ترە.

بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، كوتلەی نەینەوا موەحەدە لەگەڵ پارتی دیموكرات و ژمارەیەك لیست و هاوپەیمانێتی تر لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی كۆدەنگییەك بەدەستبهێنن و بۆ كۆبونەوەكەی سبەی دووشەممە.

مەناف حەسەن، لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی پارتی لەنەینەوا، بە (كەركوك ناو)ی وت "جاری رون نییە ئایا عەبدولقادر دەخیل دەمێنێتەوە یاخود کەسێکی تر دەبێتە پارێزگا، هێشتا رێككەوتنی كۆتایی لەسەر هیچ نەكراوە... رێككەوتنەكان بەگشتی دەبێت لەسەر پۆستی پارێزگار و جێگرەكانی و سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی بن".

وتیشی "ئەگەر نەگەنە رێككەوتن، رەنگە كۆبونەوەكەی سبەی دووشەممە 5ی شوبات دوابخرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT