كەركوك و دیالە بەجێدەمێنن
سەڵاحەدین بێ كێشە و نەینەواش تا كۆتایی رێگای پێكهێنانی حكومەت رۆیشت

ئەنجومەنی پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە

كەركوك ناو

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، نەیتوانی یەكەم كۆبونەوەی بكات و دیالە لە نیوەی گفتوگۆكانی یەكلاییكردنەوەی پۆستە باڵاكاندا پەكیكەوت، بەڵام نەینەوا تەنیا لەسەر هەڵبژاردنی دوو پۆست ماوەتەوە و سەڵاحەدین-ـیش بەبێ كێشە رۆژەكەی تێپەڕاند.

لە دوو رۆژی رابردوودا و لە كۆی 15 پارێزگای عیراق، كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگایان تێداكراوە، تەنیا ئەنجومەنی پارێزگای مەیسان وادەی یەكەم كۆبونەوەی دواخست و ئەوانیتر كە 14 پارێزگایە لە وادەی یەكەم كۆبوونەوەدا ئامادەبون، 11ـیان ئیدارەی نوێی خۆجێی-ـیان پێكهێنا و سێ پارێزگاش بەهۆی نەبونی نیسابی یاسایی و رێكنەكەوتنی كوتلەكانەوە، هیچ هەنگاوێكیان نەنا.

سەڵاحەدین یەكەم پارێزگا بوو لە عیراق هەموو پۆستەكانی یەكلاكردەوە لە 4ـی شوبات و تا درەنگانی شەوی 5ـی شوباتی 2024 حكومەتی خۆجێیی لە پارێزگاكانی بەغداد، بەسرە، كەربەلا، نەجەف، ئەنبار، بابل، زیقار، موسەنا، واست، نەینەوا پێكهات.

نەینەوا تەنیا دوو پۆستی ماوە یەكلابێتەوە، لە كەركوك و دیالە و دیوانیە كێشەی نیساب هەبوو. بەڵام هیچ بڕگەیەكی یاسایی نییە رونیبكاتەوە ئەگەر ئەنجومەن لە یەكەم دانیشتندا نەیتوانی پۆستەكان هەڵبژێرێت تا كەی دەتوانێت دانیشتن ئەنجامنەدات یان دانیشتنی یەكەمی بە كراوەیی بهێڵێتەوە.

 

كەركوك: نیوە بە نیوە

anjwmani kirkuk  (1)
كەركوك/ 2024/ هۆڵی تەرخانكراو بۆ یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگا فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

لە هۆڵی یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای كەركوك، دووشەممە 5ـی شوبات، لە كۆی 16 ئەندام تەنیا هەشت ئەندام ئامادەبون و كۆبوونەوەكە نەكرا، چونكە رێژەی یاسایی ئەندامان ئامادەنەبوون، كە 50+1ـە و دەكاتە 9 ئەندام.

پەروین فاتیح، كە وەک بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەن لەسەر كورسی سەرۆكایەتی دانیشت، لە فەیسبوكی خۆی بڵاویكردەوە "دوای دوو کاتژمێر له چاوەڕوانی هیچ ئەندامێکی ئەنجومەن لە هەردوو پێکهاتەی عەرەبی و تورکمانی ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون، ئەمەش وایکرد لەبەر نەبوونی نیسابی یاسایی دانیشتنەکە بۆ کاتێکی تر دواخرا".

ئامادەبوانی وادەی یەكەم كۆبوونەوە پێنج ئەندامەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوو ئەندامی ئەنجومەن لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و تاكە ئەندامەكەی كۆتای كریستیان لە لیستی بابلیۆن بون، كە پێكەوە هەشت ئەندام بون، لە بەرانبەردا فراكسیۆنە عەرەبی و توركمانییەكان بایكۆتیان كرد كە ئەوانیش پێكەوە هەشت ئەندام پێكدەهێنن.

بەپێی یاسا لە كۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنی كەركوك پێویستە 9 ئەندام ئامادەبن بۆ كۆبونەوە و هەڵبژاردنی پۆستەكانی حكومەتی خۆجێیی.

رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی قیادە پێشتر بە (كەركوك ناو)ـی وت وەكو كوتلەی عەرەبی بەشداری یەكەم كۆبونەوە ناكەن.

ئەو كوتلە عەرەبییە یەكگرتووە شەش كورسی هەیە، پێكهاتوون لە سێ كورسی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی راكان جبوری، پارێزگاری ئێستای كەركوك بەوەكالەت و دوو كورسی لیستی قیادە و كورسییەكەی هاوپەیمانی عروبە.

بەرەی توركمانی كە دوو كورسی هەیە، تاكە لایەنە بە رەسمی پرۆژەی بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی بڵاوكردۆتەوە و تیایدا داوادەكات پۆستە باڵاكان لەنێو نەتەوەكاندا ئاڵوگۆڕیان پێبكرێت.

سەوسەن عەبدولواحید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی بەرەی توركمانی بە (كەركوك ناو)ـی وت، بەشداری یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەن ناكەن بەهۆی نەبونی تەوافوقی سیاسی و رێكنەكەوتنی لایەنەكان.

لە كەركوك هیچ رێگایەكی دیكە نییە جگە لە رێككەوتن

بەبێ بەشداری عەرەب، كورد و توركمان و كریستیان پێكەوە ئیدارەی نوێی خۆجێی كەركوك پێكنایەت، ئەگەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا هەرچییەك بن، وەك لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هاتووە، دەسەڵات لە كەركوك بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت،كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

حەسەن مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بە رۆژنامەنوسانی وت "هیچ رێگایەكی دیكە نییە جگە لە رێككەوتن"، ئاماژەی بەوەشدا هەر كاتێك بێت پێویستە پێكهاتەكانی كەركوك بگەنە رێككەوتن و پێكەوە حكومەتی خۆجێیی پێكبهێنن.

هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب و توركمان داوای پۆستی پارێزگار دەكەن، كە زیاتر لە شەش ساڵە گەڕاوەتەوە بۆ پێكهاتەی عەرەب و راكان سەعید جبوری بەوەكالەت بەڕێوەیدەبات، دوای ئەوەی لە كورد وەرگیرایەوە، كە لە 2005ـەوە عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا و لە له‌ ساڵی 2011ـیشەوە تا روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 ئەو پۆستە بەدەست نه‌جمه‌دین كه‌ریم-ـەوە بوو.

رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە -یەكێتی و شیوعی بەڵام تەنیا یەكێتی كورسی بەدەستهێنا- لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە دانیشتنی ئەنجومەن دواخراوە تا هەموو لایەنەکان دەگەنە رێککەوتن، "جگە لە پێکەوەکارکردن و رێککەوتن لەپێناو کەرکوک هیچ رێگەچارەیەکی دیکەمان نییە".

لە دوای ساڵی 2003ــەوە لەسەر بنەمای پرۆژەیەكی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشوتری عیراق و سكرتێری پێشوی كۆچكردوی یەكێتیی، پۆستە ئیدارییەكانی كەركوك بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد، عەرەب‌ و توركمان دیاریكرا، لەگەڵ سەدا چوار بۆ كریستیان. پڕۆژەكە لە تەمموزی 2009ـدا لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رێككەوتنی لەسەر كرا.

بەپێی رێككەوتنەكەی ساڵی 2009، كە هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی كەركوك و كریستیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك واژۆیانكرد، پۆستی پارێزگار بۆ كورد، جێگری پارێزگار بۆ عەرەب و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ توركمان بوو، پۆستەكانی تری ئەنجومەن و ئیدارەی كەركوكیش بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكە و لەسەدا چوار بۆ كریستیان.

بەڵام رێككەوتنەكە تەنیا بۆ پۆستی پارێزگار، جێگرەكەیی و سەرۆكی ئەنجومەن جێبەجێكرا و شۆڕنەبۆوە بۆ پۆستەكانی خوارەوە.

 

نەینەوا گەیشتە كۆتایی رێگاكە

photo1707153247 (2)
نەینەوا/ 5ـی شوباتی 2024/ دەستپێكی یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: ئەحمەد بلە

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لە یەكەم كۆبونەوەدا و بە تەوافوق پایەكانی حكومەتی خۆجێیی دانا و ئیدارەی خستە سەر پێ، تەنیا لەسەر یەكلاییكردنەوەی دوو پۆست نەگەیشتن بە ئەنجام.

بڕیاربوو كۆبونەوەكەی نەینەوا كاتژمێر دووی 5ـی شوبات دەستپێبكات، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبونی چەند كوتلەیەك دواخرا بۆ كاتژمێر سێ، لەوانەش فراكسیۆنی پارتی سەعات سێ بڕیاریاندا بەشداریی بكەین و بەر لەدەستپێكردنی كۆبونەوەش هەندێك دەمەقاڵی لەنێوان ئەندامان دروستبوو لەسەر شوێنی دانیشتن.

هێزی ئەمنی زۆر لە چواردەوری بینای ئەنجومەن كۆكرابونەوە، تەنانەت لەكاتی دەستپێكردنی كۆبونەوەی ئەنجومەن ژمارەیەك ئەندامی هێزی ئەمنی، بە جلی سەربازییەوە هاتنە ژورەوە و بەشداربون.

لە كۆبونەوەكەدا بە زۆرینەی دەنگ، ئەحمەد حاسود لە كوتلەی عەهدی وەتەنی بۆ سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێردرا، ناوبراو پێشتریش ئەندامی ئەنجومەن بووە. ئەمە بەپێی رێككەوتنی كوتلەی نەینەوا موەحەدە (سوننەكان) لەگەڵ كوتلەی عەهدی وەتەنی و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بەهەمویان خاوەنی 23 كورسی ئەنجومەنن.

نەینەوا موحەدە (13 كورسی) لە شەش حزب و هاوپەیمانێتی عەرەبی سونە پێكهاتون و عەهدی وەتەنی-ـیش بە هاوپەیمانێتی چەند هێزێكی شیعی و سوننە ناسراون و خاوەنی سێ كورسین.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بۆ محەمەد عەبدوڵا جبوری بوو، كە بە زۆرینەی دەنگ و لە دەنگدانی ئاشكرا بە وەك كاندیدی دەرچوی لیستی نەینەوا لی ئەهلیها هەڵبژێردرا، ئەو لیستە بەشێكە لە نەینەوا موحەدە و خاوەنی پێنج كورسییە.

جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا کە پشکی پارتییە هیچ کێشەی لەسەر نییە

ئەحمەد نازم دوبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە لیستی پارتی بە (كەركوك ناو)ـی وت "سەرۆکی ئەنجومەن لەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی سەر بە حەشدی شەعبی هەژماردەكرێـت و جێگرەكەی سونەیە".

ئەو دەڵێت پێکهاتەی ئێستا ئەنجومەن بۆتە سێ بەشی سەرەكی و پێكهاتون لە سونەكان بە 13 كورسی و چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعەكان) بە 12 كورسی و پارتی بە چوار كورسی.

هاوشێوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی، بەزۆرینەی دەنگ، عەبدولقادر دەخیل، كە نزیكەی سێ مانگە بەوەكالەت پۆستی پارێزگاری نەینەوا بەڕێوەدەبات، بە پارێزگار هەڵبژێردرایەوە. ئەو لەسەر هیچ لیستێك ماڵ نییە، بەڵام لەسەر سوننەكان هەژماردەكرێت و ئەوان لەسەری رێككەوتون، ناوبراو نزیكە لە نەجم جبوری، پارێزگاری پێشوی نەینەوا.

بەپێی رێككەوتنی لایەنەكان پۆستی جێگری یەكەمی پارێزگار بۆ پارتی و كاندیدی ئەوان سیروان رۆژبەیانی بوو، بەرلەوەی دەنگ بەو و جێگری دووەمی پارێزگار بدرێت، مشتومڕ و دەمەقاڵی دروستبووە. بەو هۆیەوە كۆبونەوەكە بۆ ماوەیەك دواخرا، دواتر جارێكی تر دەستپێكردەوە و نەتوانرا ئەو دوو پۆستە یەكلاییبكرێنەوە.

ئەندامەكەی ئەنجومەن لە لیستی پارتی وتی "جێگری یەکەم کە پشکی پارتییە هیچ کێشەی لەسەرنییە، کێشەکە لەسەر جێگری پارێزگارە بۆ کاروباری هونەری"، ئەحمەد نازم دوبەردانی دەڵێت سونەكان لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە دابەشبون بەسەر دوو بەرەدا، لایەكیان بە شەش كورسی و ئەوانیتر بە حەوت كورسی، یەكی كاندیدێكیان هەبووە، لە بەرانبەردا چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعە)ـیش كاندیدی داناوە.

"ئەگەر سونەکان یەک کاندیدیان هەبوایە دەنگمان پێدەدا.. واتە کێشەکە زیاتر لەناوخۆی سونەکاندایە"، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا هەوڵدراوە هەڵبژاردنی هەردوو جێگری پارێزگار بكرێت بە نهێنی، "بەڵام ئێمە قبوڵمان نەكرد و دانیشتنەكە مایەوە بۆ پێنجشەممەی داهاتوو (8ـی شوبات)".

كورد لە خولی ئێستای ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا شەش كورسی هەیە (چوار پارتی و دوو یەكێتی) لە كۆی 29 كورسی ئەنجومەن، بەوهۆیەوە تەنیا پۆستی جێگری یەكەمی پارێزگاری بۆ دانراوە، لەكاتێكدا پێشتر سەرۆكی ئەنجومەن و جێگری پارێزگاریشی هەبوو.

 

دیالە، نیوە كۆبونەوەیەكی كرد

diyala (3)
دیالە/ 5ـی شوباتی 2024/ یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگا فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لە یەكەم كۆبوونەوەدا دوشەممە 5ـی شوبات، زیاتر لە چوار كاتژمێر دانیشتن و نەیانتوانی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی رێكبكەون.

كۆبوونەوەكە بوو بە دوو بەش، لە بەشی یەكەمیدا كە هەموان ئامادەبون، واتە كۆی 15 ئەندامی ئەنجومەن، دوای مشتومڕێكی زۆر دوو كاندید بۆ سەرۆكی ئەنجومەن ناویان پێشكەشكرا، بەڵام كەسیان نەیتوانی لەو خولەی دەنگداندا زۆرینەی رەهای دەنگەكان بەدەستبهێنێت بۆیە كەوتە خولی دوەم.

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنەكە بە (كەركوك ناو)ـی وت، كێبڕكێی توند لەسەر پۆستی ئەنجومەن لە نێوان هەردوو كاندید عومەر كروی، لە لیستی سیادە و نزار لهێبی، لە لیستی تەقەدوم بوو، كە كەسیان نەیانتوانی سەربكەون.

مشتومڕ و ناكۆكی نێوان كوتلەكانی ئەنجومەن، بە تایبەت بۆ پاشەكشێی یەكێك لە كاندیدەكان هیچ ئەنجامێكی نەبوو، بۆیە نیوەی ئەندامان بەشداری خولی دوەمی كۆبونەوەی ئەنجومەنیان نەكرد و بەهۆیەوە نیسابی یاسایی تەواو نەبوو، بۆیە دانیشتنەكە بۆ كاتێكی نادیار بە كراوەیی ماوەتەوە.

 

سەڵاحەدین یەكەم بوو

بێ كێشەترین ئەنجومەنی پارێزگا لە عیراق، سەڵاحەدین بوو، وەك یەكەم ئەنجومەن 4ـی شوبات كۆبوونەوە و لە چەند كاتژمێرێكدا، حكومەتی خۆجێی-ـیان پێكهێنا.

salahaddin (2)
سەڵاحەدین/ 4ـی شوباتی 2024/ یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگاكە فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

بەپێی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، هەریەكە لە پارێزگار و دوو جێگرەكەی، هەروەها سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی هەڵبژێردراون.

ئەحمەد عەبدوڵا جبوری ناسراو بە (ئەبو مازن) كەسایەتی سوننی و ئەمینداری گشتی حزبی جەماهیر وەتەنییە، وەكو پارێزگاری نوێی سەڵاحەدین هەڵبژێردرا. كە حزبەكەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا توانی چوار كورسی لەكۆی 15 كورسی پارێزگاكە بەدەستبهێنێت و ببێتە براوەی یەكەم.

 هاوپەیمانی جەماهیر وەتەنییە كە لە ژمارەیەك حزبی عەرەبی سوننی و كورد پێكهاتبون، توانی ببێتە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە و لەگەڵ ژمارەیەك حزبی تری سوننی لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدا حكومەتی خۆجێی سەڵاحەدینیان پێكهێنا، لە نێویاندا هاوپەیمانی سەیادە و حەسمی وەتەنی.

هەر لەو كۆبونەوەیەدا عەلی سەید عادل بووە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و محەمەد حەسەن عەتییە وەكو جێگری سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێردران.

هەر بەپێی رێككەوتنەكە پارێزگار دوو جێگری دەبێت، جێگری یەكەم بۆ كاروباری ئیداریی و جێگری دووەم بۆ كاروباری هونەری و ئەوانیش لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاریان لەسەر درا و دیاریكران.

یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە هاوپەیمانی جەماهیر وەتەنییە، وتی "هەڵبژاردنی پارێزگار و یەكلاییكردنەوەی پۆستە باڵاكانی تر بەبێ كێشە تێپەڕی، ئەوەش لە چوارچێوەی رێككەوتنی چەند لایەنێكدا".

یاسین محەمەد لە پێكهاتەی كوردە و سەر بە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە، رۆژی كۆبونەوەی ئەنجومەن بە  (كەركوك ناو)ی وت "هەموو ئەو لایەنانەی لە چوارچێوەی رێككەوتنەكاندا دەنگیان بۆ یەكیكلاییكردنەوەی پۆستەكان داوە پشكی خۆیان بەردەكەوێت، وەكو كورد لەبەرئەوەی یەك كورسیمان هەیە پشكمان لە راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و لێپرسراوی فەرمانگەكان دەبێت لە لەناو تكریت یان قەزای دوزخورماتوو، كە زۆرینەی دەنگی كورد لەو قەزایەیە".

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێی پارێزگاكانی عیراق بەبێ هەرێمی كوردستان، لە 18ـی كانونی یەكەمی 2023ـدا بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای چوار ساڵ لە بۆشایی یاسایی ئەنجومەن، بەوپێیەی پەرلەمان لە كۆتایی ساڵی 2019ـدا كۆتایی بە تەمەنی كاركردنیان ئەنجومەنی پێشوی پارێزگاكان هێنا كە بەرهەمی هەڵبژاردنی 2013 بوون لەگەڵ ئەنجومەنی كەركوك، كە لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژێردرابوون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT