"ئەبو مازن دەستبەرداری پۆستەكەی نابێت"
ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین وەڵامی سەرۆكایەتی كۆمار دەداتەوە

وێنەیەكی دەستكاریكراو: ئەحمەد عەبدوڵا ناسراو بە ئەبو مازن پارێزگاری سەڵاحەدین لەگەڵ وێنەی كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: راگەیاندنی ئیدارەی سەڵاحەدین

لەیلا ئەحمەد – سەڵاحەدین

ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، ئامادەنییە دەستبەرداری ئەحمەد عەبدوڵا جبوری ببێت وەكو پارێزگار، دوای ئەوەی بە زۆرینەی دەنگ بۆ ئەو پۆستەی هەڵبژارد و ئێستا سەرۆكایەتی كۆمار مەرسومی دەستبەكاربونی بۆ دەرناكات.

ئەحمەد عەبدوڵا جبوری ناسراو بە (ئەبو مازن)، كەسایەتی سوننی و ئەمینداری گشتی حزبی جەماهیر وەتەنییە، 4ـی شوباتی ئەمساڵ بە دەنگی زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین وەكو پارێزگاری نوێ هەڵبژێردرا. كە حزبەكەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا توانی چوار كورسی لەكۆی 15 كورسی پارێزگاكە بەدەستبهێنێت و ببێتە براوەی یەكەم.

بەڵام سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، لە 15ـی شوبات بە نوسراوێكی "نهێنی" بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، رەتیكردۆتەوە مەرسوم بۆ دەستبەكاربونی پارێزگار دەربكات، چونكە ئەحمەد عەبدوڵا لە چەند دۆسیەیەكدا حوكمدراوە و بەر لێبوردن كەوتووە، لە دۆسیەی دیكەشدا بە كەفالەت ئازادكراوە. بەپێی نوسراوەكەی سەرۆكایەتی كۆمار كە وێنەیەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە و پاڵپشتە بە نوسراوی دەستەی نەزاهە و وەزارەتی ناوخۆ.

یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین كوتلەی جەماهیر وەتەنییە (كورد/یەكێتیی) دەڵێت رەتكردنەوەی هەڵبژاردنی ئەحمەد عەبدوڵا جبوری (ئەبو مازن) بۆ پۆستی پارێزگار و دەرنەكردنی مەرسوم بۆ دەستبەكاربونی لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە، بڕیارێكی "سیاسییە" و ئەبو مازن "بە ئاسانی دەستبەرداری پۆستەكە نابێت" و تانەی لێدەدات.

بەپێ یاسا دوای هەڵبژاردنی پارێزگار،لە ماوەی 15 رۆژدا بە مەرسومێكی كۆماری دادەمەزرێت و كاروبارەكانی دەستپێدەكات. بەوپێیەش پێویستە تا ئەمڕۆ 19ـی شوبات دەستبەكاربونی پارێزگاری سەڵاحەدین یەكلابێتەوە.

یاسین محەمەد بە (كەركوك ناو)ـی وت ئەبو مازن تانە لە بڕیارەكەی سەرۆكایەتی كۆمار دەدات و ئەنجومەنیش وەڵامی سەرۆكایەتی كۆماری داوەتەوە، چاوەڕێن بزانن هەنگاوەكانی داهاتوو بە كوێ دەگەن، چونكە ناوبراو پێشتر بەر لێبوردن كەوتووە، تۆمەتەكانی لەسەری بووە هەڵوەشاوەتەوە و خۆیشی پەرلەمانتاری عیراقە، "ئەگەر شتێكی لەسەر بوایە ئەندامێتی پەرلەمانیشی لێوەردەگیرایەوە".

هەروەها وتی ئەگەر تا ئەمڕۆ دۆسیەی دەستبەكاربونی پارێزگار یەكلانەبێتەوە، ئەوا جارێكیتر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی سەڵاحەدین دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا و گفتوگۆ بۆ كاندیدی جێگرەوە و پڕكردنەوەی ئەو پۆستە، دەستپێدەكاتەوە.

103112023_presidant3112023salahadin2
بەغداد/ 2023/ كۆبونەوەی لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار و ئەحمەد عەبدوڵا جبوری فۆتۆ: سەرۆكایەتی كۆمار

پۆستی پارێزگار، باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە پارێزگاكەدا و لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە هەڵدەبژێردرێت، بەپێی یاسا، پێویستە كاندیدی ئەو پۆستە به‌ تاوان و كه‌تن سزانه‌درابێت، بڕیار و یاساكانی ریشه‌كێشكردنی به‌عس نه‌یگرێته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی نامه‌شروع له‌سه‌ر حسابی نیشتمان و ماڵی گشتی ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بوبێت.

ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، لە 18ـی شوبات وەڵامی سەرۆكایەتی كۆماری عیراقی داوەتەوە و داوادەكات مەرسومی كۆماری بۆ دەستبەكاربونی پارێزگار دەربكات، چونكە ئەحمەد عەبدوڵا جبوری بەر لێبوردن كەوتووە و هەموو تاوان و رێكارێكی یاسایی بەرانبەری هەڵوەشێنراوەتەوە. دۆسیەكانی دیكەش هێشتا لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدان و كاریگەری لەسەر كاندیدبونی دانانێت.

ئاماژە بەوەشدەكەن كە دەسەڵاتی تەشریعی راستەقینە لای ئەنجومەنی پارێزگایە نەك سەرۆكایەتی كۆمار، كە دەسەڵاتی لەروی تەشریعییەوە لەو بوارەدا لاوەكییە و بڕیارەكانی نابێتە هۆی پەكخستن یان هەڵوەشاندنەوەی تەشریعی راستەقینە.

ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت پێشتر دەستەی دادوەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رێگەی بە ئەحمەد عەبدوڵا جبوری داوە ببێتە كاندید و بووە بە پەرلەمانتاری عیراق، چونكە هیچ تاوانێكی لەسەر نەسەلێمنراوە.

هاوپەیمانییەكەی ئەبو مازن؛ هاوپەیمانی جەماهیر وەتەنییە لە ژمارەیەك حزبی عەرەبی سوننی و كورد پێكهاتبون، وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لەگەڵ ژمارەیەك حزبی تری سوننی لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدا حكومەتی خۆجێی سەڵاحەدینیان پێكهێنا، لە نێویاندا هاوپەیمانی سەیادە و حەسمی وەتەنی، هەر لە 4ـی شوبات كاندیدی هەریەك لە پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەن و دوو جێگرەكەی پارێزگار هەڵبژێردران.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێی پارێزگاكانی عیراق بەبێ هەرێمی كوردستان، لە 18ـی كانونی یەكەمی 2023ـدا بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای چوار ساڵ لە بۆشایی یاسایی ئەنجومەن، بەوپێیەی پەرلەمان لە كۆتایی ساڵی 2019ـدا كۆتایی بە تەمەنی كاركردنیان ئەنجومەنی پێشوی پارێزگاكان هێنا كە بەرهەمی هەڵبژاردنی 2013 بوون.

بەپێی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە، لە كۆی 15 پارێزگا، تائێستا حكومەتی خۆجێیی لە 13 پارێزگا پێكهێنراوە و تەنیا پارێزگاكانی كەركوك و دیالە، بەهۆی ناكۆكی نێوان كوتلە جیاوازەكانەوە، نەیانتوانیووە پۆستە باڵاكان یەكلاییبكەنەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT