لەبەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێم
دوو سكاڵای تر لە دادگای فیدراڵی عیراق تۆماردەكرێت

سلێمانی/ 21ی كانونی دووەمی 2024/ چەند دیمەنێك لە خۆپیشاندانی مامۆستایان فۆتۆ: كەركوك ناو

فەرمان سادق

یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشوتری پەرلەمانی كوردستان، ئاشكرای دەكات كە یەكشەممەی داهاتوو دوو سكاڵای تر لە دادگای فیدراڵی عیراق تۆماردەكات، ئەوەش لەسەر پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و موچە پاشەکەوتکراوەکان بە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان.

لە ساڵی 2015وە حكومەتی هەرێمی كوردستان 15 موچەی فەرمانبەرانی نەداوە، 44 موچەشی بە پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوتكردن و لێبڕینی بەشێكی موچەكە دابەشكردووە، ئەوەش لە نێوان چارەكێكی موچەكە یان لێبڕینی سەدا 21.

یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشوتری پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێكی تەلەفونیدا بە (كەركوك ناو)ی وت "یەکشەممەی داهاتو و 25ی شوبات، لەسەر راگرتنی نایاسایی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و موچە پاشەكەوتكراوەكان لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆماردەكەم، چونكە دوو مافی فەرمانبەرانن".

ئەو هەڵوێستەی یوسف محەمەد دوای ئەوە هات كە چوارشەممە 21ی شوبات، دادگای فیدراڵی عیراق چەند بڕیارێكی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و موچەخۆرانی حكومەتی هەرێم دەركرد، لە نێویاندا "پێنەدانی موچەی مانگانەی فەرمانبەران پێشێلكردنی مافە و وەزارەتی دارایی عیراقی پابەند كرد، بە پێدانی مانگانەی موچەكانیان لەڕێی بانكە فیدراڵییەكانەوە".

یوسف محەمەد وتی "لە بڕیارەكانی دادگادا ئاماژەی بە راگرتنی نایاسایی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و موچە پاشەکەوتکراوەکان نەكراوە، بۆیە ئەو سكاڵایە بە زەرور دەزانم". زیاتر وتی "پێموایە دەبێت دانەوەی موچە نەدراوەکان بخرێتەسەر هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق".

لەبارەی بڕیارەكانی دادگا لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێم، یوسف محەمەد وتی "پێویستە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق و تایف سامی، وەزیری دارایی  بڕیاربدەن لەسەر ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەبێ بونی هیچ قەرزێک و پێویستە هەرێم-یش پابەندی رێککەوتنەکان بێت لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک لەپێناو کۆتاییهێنان بە قەیرانی موچەخۆران و داهاتی ناوخۆ، لەوانەش داهاتی نەوتی و نانەوتی بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا بەبێ دروستکردنی هیچ کێشەیەک".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT