دیوانی ئەوقافی ئایینەكان:
ئەوەی لە بەغدا خۆی وەكو میری ئێزیدییان ناساندووە، میر نییە

بەغدا/ نیسانی 2024/ سالم نەجمان داود بەگ لە مەراسیمی ناساندنی وەكو "میر" فۆتۆ: راگەیاندنی ناوبراو

عەمار عەزیز

دیوانی ئەوقافی ئایینەكانی كریستیانی، ئێزیدی و سابیئەی مەندائی لە بەغدا، رەتیدەكەنەوە مامەڵەی میر لەگەڵ ئەو كەسایەتییەی ئێزیدییەكاندا بكەن، كە ناوەڕاستی ئەم مانگە خۆی وەكو "میری نوێی ئێزیدییان" ناساند، ئەوەش دوای ئەوە هات ئەو كەسایەتییە پێنجشەممەی رابردوو رێگری لێكرا لە مەزارگەی شەرفەدین رێوڕەسمی دەستبەكاربون بگێڕێت.

سالم نەجمان، كەسایەتی ئێزیدی لە 15ی نیسانی 2024دا لە مەراسیمێك لە بەغدای پایتەخت خۆی وەكو میری ئێزیدییان ناساند، ئەوەش لەكاتێكدایە له‌ ته‌مموزی 2019ـدا، حازم ته‌حسین به‌گ له‌ په‌رستگای لالشی قه‌زای شێخان، به‌ ڕێوڕه‌سمێك وه‌ك "میر"ـی ئێزیدییان له‌ عیراق و جیهان دانراوە و جڤاتی رۆحانی ئێزدیش دانیپێداناوە.

پێنجشەممەی رابردوو 25ی نیسان، سالم نەجمان سەردانی قەزای شنگالی كرد، ئەوەش بەنیەتی ئەوەی لە مەزارگەی شەرفەدین رێوڕەسمی ئایینی بۆ دەستبەكاربونی بۆ بكرێت، بەڵام لێپرسراوانی مەزارگەكە رەتیانكردەوە كە وەكو میر پێشوازی لێبكەن.

ساڵح خەڵەف، لە بەشی راگەیاندنی مەزارگەی شەرفەدین، بە (كەركوك ناو)ی وت "سالم نەجمان تەلەفونی كرد وتی من دێمە مەزارگەی شەرفەدین، ئێمەش وتمان هیچ كێشەیەكمان نییە و دەتوانیت سەردانمان بكەیت، بەڵام وەكو میری ئێزدییان نا".

وتمان هیچ كێشەیەكمان نییە و دەتوانیت سەردانمان بكەیت، بەڵام وەكو میری ئێزدییان نا

سالم نەجمان، هەمان رۆژ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شنگال، وتی "هەندێك كەس رێگرییان لێكردوم لە مەزارگەی شەرفەدین رێوڕەسمی ئایینیم بۆ بكرێت و وەكو میر دەستبەكاربم، ئامادەكارییمان بۆ ئەوە كردبوو، بەڵام هەندێك ئەجێندا ئێمەیان قبوڵ نییە، نازانم ئەو ئەجێندایانە كوردن یان عەرەب، یان لایەنێكی سیاسیی".

بەڵام ساڵح خەڵەف وتی "ئەوەی رویدا رێگریی نەبوو، تەنیا وتومانە نابێت لەناو مەزارگەكە وەكو میر هەڵسوكەوت بكەیت و رێوڕەسمی دەستبەكاربون رێكبخەیت"، زیاتر وتی "مەزارگەی شەرفەدین شوێنێكی ئایینی زۆر پیرۆزە... ئێرە شوێنی دەستبەكاربونی میر نییە، هەر كەسێك بیەوێت لێرە خێرێك بكات كێشەمان نییە، بەڵام ئێرە شوێنێك نییە تا بۆ مەرامێكی تر بەكاربهێنرێت، ئەوە قبوڵكراو نییە".

هەرچەندە سالم نەجمان، چەند جارێك وتویەتی كە ئەو بە فەرمی لە بەغداوە وەكو میر ناسێنراوە، بەڵام تائێستا هیچ نوسراوێكی فەرمی دەستبەكاربونی بڵاونەكردۆتەوە.

داسن قەوال، رێپێدراوی سەرۆكی دیوانی ئەوقافی ئایینەكانی كریستیانی، ئێزیدی و سابیئەی مندائی لە بەغدا، بە (كەركوك ناو)ی وت "زیاتر لە هەزار ساڵە ئیمارەی ئێزیدی هەیە و لەوكاتەوە تائێستا یەك میر هەبووە، ئێستاش بنەماڵەی میر، میر حازم تەحسین-یان وەكو میر داناوە و جڤاتی روحانی و سەرۆك عەشیرەتەكانیش قبوڵیان كردووە، بۆیە نابێت دوو میر هەبێت".

زیاتر وتی "ئەو كەسەی لەبەغدا خۆی وەكو میر ناساندووە، میر نییە، هیچ نوسراوێكی فەرمی دانپێدانراوی وەكو میر پێ نییە، هەر لە بنەڕەتدا مەرسومی كۆماریش بۆ ئەو پرسانە راگیراوە... تەنانەت میر حازم تەحسین-یش مەرسومی كۆماری نییە، بەڵام پشتوانی جڤاتی روحانی ئێزیدی هەیە و كە سەردانی بەغدای كرد، لێپرسراوانی باڵای حكومەت و باڵیۆزخانەكانیش وەكو میر مامەڵەیان لەگەڵدا كردووە".

جڤاتی روحانی و سەرۆك عەشیرەتەكان میر حازم تەحسین-یان قبوڵیان كردووە، بۆیە نابێت دوو میر هەبێت

له‌ ئابی 2019شدا، ژماره‌یه‌ك له‌ پیاوانی ئایینی و كه‌سایه‌تی ئێزیدییه‌كان له‌ مه‌زاری شبیل قاسم له‌ شنگال، بڕیاریاندا به‌ دانانی نایف داود سه‌لمان، وه‌ك میری شنگال و پێكهێنانی ئیماره‌تی قه‌زاكه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق.

هه‌ڵبژاردنی میری ئێزیدییه‌كان له‌ عیراق و جیهان، چه‌ند قۆناغێكی جیاواز ده‌بڕێت، سەرەتا كاندیدێك له‌ نێو بنه‌ماڵه‌ی میر دیاریدەكرێت، دوای پشتیوانی عەشیرەتەكانی ئەو پێكهالتە ئایینە، جڤاتی روحانی ئێزیدییان بڕیاری یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ و كۆتایی ده‌دات لەسەر كاندیدەكە.

ده‌زگای به‌رێوه‌بردنی ئێزیدییان له‌ جڤاتی روحانی و سه‌رۆكی جڤات (میر)، بابه‌شێخ، شێخی وه‌زیره‌  و سه‌رۆكی قه‌والان پێكهاتوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ ده‌زگاكه‌دا ئه‌ندامن و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه‌ ده‌رده‌كه‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT