ترسی لەدەستدانی كۆرپەلەكانیان هەیە
ژنانی دووگیان لە ئاوارەییدا دەستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستی ناگات

دهۆك/ 2025/ بنكەی تەندروستی كەمپی مام رەشان. فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز

ژنانی دووگیان لە كەمپەكانی ئاوارەیی دەناڵێنن بەدەست نەبونی خزمەتگوزاریی چاودێری پزیشكی، لەكاتێكدا بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان لەكاتی ئاساییدا هەر ژنێكی دووگیان لە ماوەی دووگیانیدا پێویستە 13 جار سەردانی پزیشك بكات.

نەبونی ئەو خومەتگوزارییە بۆ ژنانی كەمپ لەكاتێكدایە، حكومەتی فیدراڵی عیراق، ستراتيژی نیشتیمانی بۆ رێكخستنی خێزان و ماوەی -دوورى- نێوان منداڵبوون بۆ ساڵانی 2020 – 2025 هەیە و  ئامانج لێی باشكردنی تەندروستی دایكان و منداڵان، كەمكردنەوەی رێژەی مردن و بەرەنگاربونەوەی هەژارییە.

مەها ئەحمەد، ژنێكی ئاوارەی ئێزیدییە لە كەمپی خانكێ‌ و دایكی پێنج منداڵە، كۆتایی ساڵی رابردوو كۆرپەلەیەكی دوو مانگی لەبارچوو. مەها هۆكاری لەبارچونی كۆرپەلەكەی بۆ نەبونی خزمەتگوزاریی چاودێری ژنانی دووگیان لە كەمپ گەڕاندەوە، "رۆژێك چوم بۆ بنكەی كەمپ، پشكنینیان بۆ كردم و وتیان دووگیانی، بەڵام وتیان جگە لە پشكنین هیچ جۆرە رێنمایی و چاودێرییەكمان نییە، باشترە سەردانی دهۆك بكەیت".

كەمپی خانكێ بە ئۆتۆمبێل بە نزیكەیی 40 خولەك لە ناوەندی شاری دهۆك دورە.

رۆژێك مەها ئەحمەد ئازاری سكی دەبێت و بەناچاری دەچێتە نەخۆشخانەی لەدایكبووانی دهۆك، لەوێ پێی دەڵێن كۆرپەلەكەت مردووە، "هەمووكات بەخۆم دەڵێمەوە ئەگەر بەردەوام چاودێریم بكردایە و ئەو چاودێرییە لە كەمپ هەبوایە كۆرپەلەكەم لەدەستنادا".

مەها چیرۆكی ژنێكی تری دووگیانی لە هەمان كەمپ بۆ (كەركوك ناو) گێڕایەوە كە بە دوو كۆرپەلە دووگیان بووە و هەردوكی لەبارچون.

camp.naxoshxana
دهۆك/ 2025/ بنكەی تەندروستی كەمپی مام رەشان. فۆتۆ: عەمار عەزیز

هێشتا 135 هەزار و 616 ئاوارە لە 15 كەمپی پارێزگای دهۆك نیشتەجێن، كە دابەشبون بەسەر 27 هەزار و 69 خێزاندا، لەكۆی ئەو 15 كەمپە تەنیا حەوت بنكەی تەندروستی ماون، ئەوانیش خزمەتگوزاریی چاودێریكردنی ژنانی دووگیان و منداڵیان نییە.

داخستنی ئەو بنكە تەندروستییانە دوابەدوای تەواوبونی گرێبەستی كاركردنی رێكخراوەكانی بواری یارمەتیدانی ئاوارەكان هات كە هاوكات بوو لەگەڵ بڕیارەكانی حكومەتی عیراق بۆ داخستنی كەمپەكان و راگرتنی هاوكارییەكان.

مەها  ئەحمەد وتی "ژنانی دووگیان لەناو كەمپدا توشی دەیان كێشە دەبن، بەشێكیان ئۆتۆمبێلیان نییە و باری داراییان باش نییە تا بتوانن بچن بۆ دهۆك بۆ چاودێری خۆیان و كۆرپەلەكانیان".

فەلاح خدر، لێپرسراوی بنكەی تەندروستی كەمپی مام رەشان لە سنوری قەزای شێخان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ساڵی 2024دا رێكخراوێك پاڵپشتی ئەم بنكەیەی دەكرد، 27 كارمەندی تەندروستیمان هەبوو، لەگەڵ دوو پزیشكی پسپۆڕ، ئەمە جگەلە دوو دەرمانساز، دوو شیكاری نەخۆشییەكان، مانگانەش 30 جۆرە دەرمان و چارەسەری پزیشكیمان بۆ دەهات، بەڵام لە ساڵی 2025ەوە رێكخراوەكە هاوكارییەكانی راگرت، دوای بڕیاری حكومەتی عیراق بۆ داخستنی كەمپەكان".

حكومەتی عیراق دوو ساڵە بەردەوام فشار دەكات بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، بەڵام ئاوارەكان داوای گرەنتی سەلامەتی ئەمنی دەكەن، لەگەڵ قەرەبوكردنەوە و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان.

فەلاح وتی "ئێستا یەك پزیشكی پسپۆڕ لەم كەمپەدا نییە، ژنانی دووگیان بۆ چاودێری دەبێت بچنە دهۆك یان قەزای شێخان...".

ژنانی دووگیان بۆ چاودێری دەبێت بچنە دهۆك یان قەزای شێخان

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی رێنمایی پزیشكی هەر ژنێكی دووگیان لە ماوەی دووگیانیدا پێویستە 13 جار سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكات لەپێناو سەلامەتی خۆی رو كۆرپەلەكەی، بەڵام ئەگەر خۆی یان كۆرپەلەكەی كێشەیەكی هەبێت ئەوا پێویستە لانیكەم 20 جار سەردانی پزیشك بكات.

بەپێی ئاماری بنكە تەندروستییەكەی كەمپی مام رەشان لە ساڵی 2024دا 10 حاڵەتی لەبارچونی منداڵ تۆماركراوە.

لەیلا عارف، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و لەدایكبوون لە دهۆك بە (كەركوك ناو )ی وت "مانگانە زیاتر لە 15 ژنی دووگیانی كەمپەكان دەبینم، هەمویان گلەیی ئەوە دەكەن كە توشی ناڕەحەتی دەبنەوە تا دەگەنە لای ئێمە، ئەمە جگەلە تێچوی هاتوچۆ كە بۆ ئەوان زۆرە".

لەیلا دەڵێت بە ناچاریی بە ژنەكانی وتووە لانیكەم دەبێت دوو مانگ جارێك چاودێری بكرێن، بۆ ئەوەی هەم لە تەندروستی خۆیان كۆرپەلەكانیان دڵنیاببنەوە، هەم ئەو چارەسەر و خواردنانەیان پێبڵێن كە پێویست و گونجاوە بەپێی تەمەنی كۆرپەلە.

پیر دەیان جەعفەر، بەرێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە سەرپەرشتی كەمپەكان دەكەن، وتی "زیاتر لە ساڵێكە پێنج كەرتی گرنگی (تەندروستی، پەروەردە، ئاو، كارەبا و هەڵگرتنەوەی خاشاك) كەوتۆتە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە رێكخراوەكان و حكومەتی عیراق هاوكاریمان ناكەن".

دڵشاد عەلی، كە وەكو بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی نەینەوا دەوامدەكات، بە (كەركوك ناو)ی وت "نوسینگەیەكی هەماهەنگی لەناو بینای تەندروستی دهۆك كراوەتەوە كە راستەوخۆ پەیوەستە بە بریكاری هونەری لە وەزارەتی تەندروستی عیراق، ئەوان بەداواچوون بۆ كێشە و كەم و كورتی كەمپەكان دەكەن، ئەگەر داواكاری و شتێكیان هەبێت یان هەر جۆرە دەرمانێكیان پێویست بێت، ئەوە ئەو نوسینگەیە دەتوانێت بۆیان دابین بكات".

جەختیكردەوە كە پەیوەست بە دەرمان و چارەسەر لەسەدا حەوتی پشكی نەینەوا راستەوخۆ دەچێت بۆ كەمپەكانی هەرێمی كوردستان و بەسەر بنكە تەندروستییەكاندا دابەشدەكرێت، بەهۆی ئەوەی ئاوارەكان خەڵكی پارێزگای نەینەوان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT