"گەڕانەوە بۆ نیشتیمان"، ناوی ئەو ئۆفیسە نوێیەیە كە تایبەت بۆ دۆزینەوەی هەلی كار و هاوكاریی بۆ ئەو كەسانە كراوەتەوە كە لە وڵاتانی ئەوروپاوە بۆ عیراق دەگەڕێنرێنەوە، ئەوە هاوكاتە لەگەڵ هەوڵی دیپۆرتكردنەوەی 20 هەزار عیراقی نیشتەجێی ئەڵمانیا كە بەشێكی زۆریان ئێزیدین.
ئۆفیسەكە 14ی كانونی دووەمی 2026 لە شاری دهۆك بە هاوكاری و پاڵپشتی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی كرایەوە، بۆ ئەوەی دەستپێشخەربن لە دۆزینەوەی هەلی كار و بەهاناوەچونی دیپۆرتكراوەكان و دەستپێكردنەوەی ژیان.
پیر دەیان جەعفەر، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەم ئۆفیسە هەر لەناو فەرمانگەكەی ئێمەدا كراوەتەوە، كاری یەكەمی ئەوان تۆماركردنی ئەو كەسانەیە كە دیپۆرتكراونەتەوە، كاری دووەمیش دۆزینەوەی هەلی كارە بۆیان".
لە بارەی ئەوەی چۆن هەلی كاریان بۆ دەڕەخسێنێت، پیر دەیان وتی "هەماهەنگییان دەبێت لەگەڵ رێكخراو و لایەنە پەیوەندیدارەكان، كۆمپانیا و كارگەكان و بازرگانەكان، بۆ ئەوەی زوو دەستبكەنەوە بە ژیانكردن و دابینكردنی بژێوی ژیانیان".
وتیشی "هەركەسێك كە تۆماردەكرێت بەپێی جۆری كەیسەكەی، توانا و شارەزاییەكەی كاری بۆ دەدۆزرێتەوە".
كردنەوەی ئەو ئۆفیسە لەكاتێكدایە حكومەتی ئەڵمانیا بەشێوەیەكی فەرمی حكومەتی عیراقی ئاگاداركردۆتەوە لە دیپۆرتكردنەوەی 20 هەزار عیراقی، لەو ژمارەیە "زۆرینەیان ئێزیدین كە لە كەمپ و سنوری شنگال دەژیان"، بەپێی لێدوانی مانگی رابردوی پیر دەیان جەعفەر.
داسن شوكری رەشید (30ساڵ)، شوباتی رابردوو دوای پێنج ساڵ مانەوە لە ئەڵمانیا دیپۆرتی عیراق كرایەوە، ئێستا لە ناحیەی خانكێ لە سنوری شنگال نیشتەجێیە، وتی "كردنەوەی نوسینگەی گەڕانەوە بۆ نیشتیمان، كارێكی باشە هیوادارم ئاوڕێك لە ژیانی ئێمە و هەموو ئەوانە بدەنەوە كە دیپۆرتكراونەتەوە و دەرفەتی كاریان بۆ دابین بكرێت".
رۆژانەی ئێستای داسن تەنیا 10 هەزار دیناری عیراقییە، ئەو لە فرۆشگای خوێندنگەیەك كاردەكات، "ئەو بڕە زۆر كەمە و بەشی بژێوی ناكات، پێویستە حكومەت كە كۆچبەرەكانی وەردەگرێتەوە خەمی ژیانیشیان بخوات"، زیاتر وتی "بۆ ئەوە نەچوم بۆ ئەڵمانیا بگەڕێمەوە، دۆخی هەزاران كەسی وەكو من خراپە و بە زۆر دەمانگەڕێیننەوە".
ئەڵمانیا كە بە وڵاتانی پەنابەر ناودەبرێت، چەند ساڵێكە هەڵمەتەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ناردنەوەی پەنابەرانی عیراقی، بەپێی ئامارە ناڕەسمییەكان، تەنیا دیپۆرتكردنەوەی ئێزیدییەكان لە چوار ساڵی رابردودا گەیشتۆتە نزیكەی 500 كەس.
بەشێك لە گەڕێنراوەكان توانای پەیداكردنی بژێوی ژیانیان نییە، بەهۆی بێكارییەوە، هەروەها هەندێكیان لە دۆخێكی جێگیری دەرونی و ئارامیدا ناژین.
پیر دەیان وتی "دەرگای نوسینگەی گەڕانەوە بۆ نیشتیمان كراوە دەبێت بەڕوی هەموو ئەوانەی دیپۆرتكراونەتەوە، ئەوان قوربانییەكی زۆریان داوە لە پێناو ئەوەی لە ئەوروپا بە ئارامی و سەلامەتی بژین، بەڵام دۆخیان بەو شێوەیەی ئێستای لێهاتووە".