لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك چی رویدا؟
دانیشتنێك بەبێ ئامادەبونی راكان سەعید، ئەحمەد كەركوكی و كوتلەی پارتی

وێنەی دیزاینكراو بە فۆتۆشۆب: چوار ئەندامی ئامادەنەبوو لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەسەر وێنەیەكی كاتی دەنگدانی ئەنجومەن دەربارەی زەوی رۆژنامەنوسان

عومەر هیلالی

دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە مشتومڕ و دەمەقاڵی نێوان محەمەد حافز، سەرۆك و ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەن دەستیپێكرد، لەسەر تۆماركردنی ڤیدیۆی گفتوگۆكان بە مۆبایل.

لەو دانیشتنەدا، كە نیوەڕۆی چوارشەممە 6ـی ئایاری 2026 بەڕێوەچوو، كەركوكی لە كوتلەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ویستویەتی لەكاتی قسەكردنیدا دەربارەی دۆسیەی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەت بە دابەشكردنی كارەبای قەزاكانی حەویجە، داقوق و دوبز ڤیدیۆ تۆمار بكات و دواتر بڵاویبكاتەوە، بەڵام حافز رێگەی پێنەداوە و ئەویش بە "توڕەیی"ـیەوە كۆبوونەوەكەی بەجێهێشتووە.

ئەحمەد كەركوكی دواتر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "هەر رێكارێك رەتدەكەمەوە بۆ سنورداكردنی كارەكانی ئەندامی ئەنجومەن ئەگەر بنەمایەكی یاسایی رونی نەبێت"، ئەو پێیوایە رێگرییەكە پێچەوانەی یاسا و پەیڕەوە كە ئاماژە دەكەن بەوەی دانیشتنەكان بە ئاشكرا بكرێن، جەختیشیكردەوە سورە لەسەر مافەكانی بۆ "دۆکیۆمێنتکردن و گواستنەوەی گفتوگۆ و قسەكانی لە ئەنجومەن لە سنوری یاسادا".

لە كۆی 16 ئەندامی ئەنجومەن، 12 ئەندام بەشداری دانیشتنەكەی ئەنجومەنیان كرد دوای پاشەكشێی ئەحمەد كەركوكی، بەوپێیەی هەریەك لە راكان سەعید جبوری، سەرۆكی كوتلەی هاوپەیمانی عەرەبی و دوو ئەندامی كوتلەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادە نەبوون، كە زیاتر لە ساڵێك و هەشت مانگە بایكۆتیان كردووە.

نە ئەنجومەن و نە سەرۆكەكەی، هیچیان لە بارەی مشتومڕەكەی حافز و كەركوكی بڵاونەكردەوە، دانیشتنەكە درێژەی كێشا بۆ تاوتوێی چەند پرسێك، لەوانە پێداچونەوە بە لیژنەكاندا و لەو چوارچێوەیەشدا ئەحمەد رەمزی، بە سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری هەڵبژێردرا و سەوسەن جەدوع، بە سەرۆكی لیژنەی هاوسەنگی لە پارێزگای كەركوك، ئەو دوو ئەندامەی ئەنجومەن لە بەرەی توركمانی، پێشتر هیچ لیژنەیەكیان لانەبوو بەوپێیەی لە بەرەی بایكۆت بوون.

نەشئەت شاهوێز، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لە كوتلەی یەكێتیی بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەنجومەن كاری لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی لیژنەکان كرد، بە تایبەت دوای گەڕانەوەی هەندێک لەوانەی بایکۆتیان کردبوو، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یەکسان لیژنەكان دابەشبكرێن كە 14 لیژنەیە"، ئەو وتی بە هیوایە ئەندامانی دیکەش كە بایكۆتیان كردووە بگەڕێنەوە، ئەوانیش دوو ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستانن.

دەمانەوێت لیژنەكانی ئەنجومەن كە 14 لیژنەیە بە یەكسانی دابەشبكرێنەوە

لە كۆی 7 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناڕازی دژی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی، ئێستا پێنجیان بایكۆتیان شكاندووە (سێ عەرەب و دوو توركمان)، تەنیا فراكسیۆنی پارتی بە تەنیا ماوەتەوە و پێشتر لە 16ـی نیسان، بەشداری دانیشتنی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری نەكرد لە نێوان رێبوار تەها (یەكێتیی) و محەمەد سەمعان (بەرەی توركمانی).

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن و بەپێی یاسای پارێزگاكان، هەر ئەندامێكی ئەنجومەن ئەگەر چوار دانیشتنی لەدوای یەك یاخود یەك لەسەر چواری دانیشتنەكانی ئەنجومەن لە چوار مانگدا ئامادەنەبوو، بەبێ پاساوێكی رەوا، ئەوا بە دەستلەكاركێشاوە دادەنرێت. بەڵام ئەو رێكارە جێبەجێنەكراوە.

لە راگەیەندراوی ئەنجومەندا هاتووە، هەر لەو دانیشتنەدا، دەنگدراوە لەسەر پشتبەستن بە كۆبۆنی خۆراك و كارتی زانیاری نیشتەجێبوون وەك دوو بەڵگەنامەی سەرەكی لە یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی دامەزراندنی حەوت هەزار پلەی وەزیفی بە گرێبەست، كە چەندین مانگە فۆڕی ئەلیكترۆنی دامەزراندنەكە پڕكراوەتەوە و هێشتا ئەنجامەكەی رانەگەیەندراوە.

هەروەها دەنگیدا لەسەر گۆڕینی بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگە حكومییانەی چوار ساڵیان لە پۆستەكانیاندا تەواو كردووە، ئەگەر بە وەكالەت بێت یان هەمیشەیی، بە مەرجێك كاندیدی نوێ بۆ پۆستەكە لە هەمان نەتەوەی بەڕێوەبەرە لابراوەكە بێت، لەگەڵ مەرجەكانی دیكەی تایبەت بە لێهاتوویی و دەستپاكی.

تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە تایبەت بوو لە دۆسیەی دابەشكردنی زەوی رۆژنامەنووسان، مەروان عانی، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراق لقی کەرکوك، لە هۆڵی كۆبوونەوەكەدا ئامادەبوو، دەربارەی مافی رۆژنامەنووسان قسەیكرد و دواتر ئەندامان، دەنگیاندا بە جیاكردنەوەی زەوی رۆژنامەنوسان لە نەخشەی بنەڕەتی.

ئەنجومەنی پارێزگا لە راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت، بەردەوام دەبن لە ئەرکی چاودێری و تەشریعی، بە ئامانجی تاوتوێی ئەو بڕیار و رێكارانەی پەرە بە سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوەی كەركوك دەدات.

نەشئەت شاهوێز وتی "مەلەفی وانەبێژانی خۆبەخشمان لە بیر نەكردووە، لە دانیشتنەكەدا رێككەوتین لەسەر ناردنی نووسراوێك بۆ ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پاڵپشتی هەڵوێستی پارێزگاری ئێستا و پارێزگاری پێشوو كە پشتگیری و داوای جێبەجێكردنی داواكاری وانەبێژان دەكەن".

ته‌واوی پارێزگای كه‌ركوك (دانیشتوانەكەی زیاتر لە دوو ملیۆن و 34 هەزار كەسە)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسیشی له‌ چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140ـی ده‌ستوردایه‌ له‌ڕێی سێ قۆناغی ئاساییكردنه‌وه‌، سه‌رژمێری و راپرسی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT