وەزیری بەرگریی و هادی عامری لە كەركوكن

نەجاح شەمەری، وەزیری بەرگری عیراق

كەركوك ناو

هەریەكە لە نەجاح شەمەری، وەزیری بەرگری عیراق و هادی عامری، ئەمنیداری گشتی رێكخراوی بەدر، لە كەركوكن، بە یاوەری عەبدولئەمیر یارەڵا، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، ئەوەش بە مەبەستی چاودێریكردنی قۆناغی شەشەمی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی نەسر.

قۆناغی شەشەمی ئۆپەراسیۆنەكە لە هەریەكە لە پارێزگاكانی كەركوك، سەڵاحەدین و ئەنبار بەڕێوەدەچێت، بۆ گەڕان و پشكنین بەدوای مۆڵگەی چەكدارانی داعش و دەستگیركردنی پاشماوەی چەكدارەكانیان.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 7ی تشرینی یەكەم، لە بارەگای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان – بارەگای سەرەكی پارتی لە گەڕەكی شۆراوی كەركوك – كۆبونەوەی وەزیری بەرگریی، هادی عامری و عەبدولئەمیر یارەڵا و ژمارەیەك فەرماندەی سەربازیی دەستیپێكرد، بۆ تاوتوێكردن و پلانی ئۆپەراسیۆنەكە و چاودێریكردنی.

لە پارێزگای كەركوك ئۆپەراسیۆنەكە لە هەریەكە لە قەزای حەویجە و ناحییەكانی رەشاد و ریاز بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ زنجیرە چیاكانی حەمرین لە نێوان هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و كەركوك.

ئەو ناوچانە لە حوزەیرانی 2014 كەوتنە دەست چەكدارانی داعش و بەشێكیان تا كۆتایی 2017 كۆنترۆڵنەكرانەوە.

ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی نەسر، لە ئەمساڵدا و لەو ناوچانە دەستیپێكردووە كە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بون، لەوانە پارێزگاكانی نەینەوا، ئەنبار، كەركوك، دیالەو سەڵاحەدین و تائێستاش بەردەوامی هەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT