لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكانەوە..
چالاكوانان و رۆژنامەنوسان روبەڕوی رفاندن و هەڕه‌شە دەبنەوە

بەغدا، 2ی تشرینی یەكەمی 2019، خۆپیشاندەرێك دووچاری تەنگەنەفەسی بووە فۆتۆ" ئەحمەد مساڵحە

زەینەب مەشات

چالاكوان عەلی مكدام شاری بەغدای به‌جێهێشت و نیشتەجێی یەكێك لە ئوتێلەكانی هەولێر بوو، لە ترسی ئەو هەڕەشانەی روبەڕوی بۆوه‌ لە كاتی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یه‌كه‌مدا، هاوشێوەی زیاتر لە 200 چالاكوان و رۆژنامەنوس كە دوچاری رفاندن یان دەستگیركردن بونه‌ته‌وه‌، یاخود لانیكەم هەڕەشەیان لێكراوە.

مكدام (21 ساڵ)، بەر لە سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانەكان دەستی بە چالاكی كردبوو، خۆیی و چەند هاوڕێیەكی لەكاتی ئامادەبونیاندا لە یارییەكی تۆپی پێی نێوان هەردوو یانەی زەورا و شورتە لە یاریگای شەعب لەبەغدا، ئه‌و دروشمانه‌یان بەرزكردەوە كە جەماوەری هاندەدا به‌شداری له‌ ناڕه‌زاییه‌كاندا بكه‌ن.

"خۆم و هاوڕێكانم بڕیارماندا ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندانەكان بكەین، سەرەتا لە ئەیلولی رابردوو لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستمانپێكرد، دوایئەوەی ئامادەبوانی یاریگای (شەعب)م هاندا بۆ بەشداریكردن لەخۆپیشاندانەكان، هەڕەشەكان دەستیانپێكرد"، مكدام وای وت.

لە تشرینی یەكەمی 2019دا، خۆپشاندانی فراوان لە بەغدا و چەند پارێزگایەكی تری عیراق دەستیپێكرد دژی ئەو گەندەڵییە بەربڵاوەی جومگەكانی حكومەتی گرتۆته‌وه‌، لەپێناو باشكردنی بژێوی خەڵك و رەخساندنی هەلی كار، هەرچەندە خۆپیشاندانەكان روبەڕوی شاڵاوی داپڵۆسین بونەوە بەڵام ئەوە خۆپیشاندەرانی سارد نەكردەوە لە بەردەوامیدان بە بزوتنەوە جەماوەرییەكەیان.

مكدام و ئەوانەی لەگەڵیدابون بەردەوامبون لە خۆپیشاندان، ئەو چالاكوانە، وەك خۆی دەڵێت، كاریدەكرد بۆ گەیاندنی دەنگی خۆپیشاندەران لەڕێی چاوپێكەوتن و لێدوانەكانی بۆ ژمارەیەك لەكەناڵە بیانی، عەرەبی و ناوخۆییەكان، بەڵام لە 8ی تشرینی یەكەمی 2019 كاتێك گەڕایەوە بۆ شوقەكەی، بینی هەموو شتێك بەسەریەكدا كەوتووە و هەموو كەلوپەلەكانی "شكێنرابوون".

"هەڕەشەكان لەوێ كۆتاییان نەهات، بەڵكو دواتر چەندینجار لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنی و هەروەها تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە هەڕەشەم لێكرا، ئەوەش ناچاریكردم بەرەو هەولێر هەڵبێم"، مكدام واده‌ڵێت.

WhatsApp Image 2020-05-11 at 8.18.58 PM
بەغدا، ئەیلولی 2019، بەرزكردنەوەی دروشمێك لەیاریگای شەعب بۆ هاندانی خەڵك بۆ بەشداریكردن لەخۆپیشاندانەكان سەرچاوەی فۆتۆ: عەلی مكدام

خۆپیشاندانەكانی سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌م بۆ هەشت رۆژ درێژەیانكێشا، له‌وماوه‌یه‌دا روبەروی سەركوتكردن بۆوه‌، لە ساڵیادی چلەی ئیمام حوسێن ناڕه‌زاییه‌كان وەستا، بەرلەوەی جارێكیتر لە 25ی هه‌مان مانگدا دەستپێبكاتەوە و تائێستاش بەردەوامە.

مكدام لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكان، لەهەولێرەوە گەڕایەوە بۆ بەغدا، لەگەڵ خۆیدا ژمارەیەك ماسكی دژەگازی فرمێسكڕێژی بۆ خۆپیشاندەران برده‌وه‌، كە بەو كۆمەكە كڕی بوی لە شوێنی نیشتەجێبونی خۆی لەهەرێمی كوردستان بۆ خۆپیشاندەرانی كۆكردبۆوه‌.

ئەو دەڵێت "لە 25ی تشرینی یەكەمەوە بۆ ماوەی دوو مانگ گۆڕەپانی تەحریرم به‌جێنەهێشت لە ترسی ئەوەی نه‌وه‌ك روبەڕوی دەستدرێژیی یاخود كوشتن ببمەوە، بەڵام گۆڕەپانی تەحریریش بووە جێی مەترسی بۆ سەر ژیانم، بەهۆی بەشێك لەو میلیشیا چەكدارانەی خزێنرابونە ناو خۆپیشاندەرانەوە، بۆیە ناچاربوم بە یەكجاری بەغدا به‌جێبهێڵم و چیتر نەگەڕێمەوە."

ماوەی دوو مانگ گۆڕەپانی تەحریرم به‌جێنەهێشت لە ترسی ئەوەی نه‌وه‌ك روبەڕوی دەستدرێژیی یاخود كوشتن ببمەوە

"میلیشیاكان هەڕەشەی كوشتنی كەسوكاریان لێكردم كە لە باشوری عیراق دەژین، ئەوانیش ناچاربون بەهۆی هەڕەشی كوشتنه‌وه‌ شوێنی نیشتەجێبونیان بگۆڕن و ڕویانكردە هەرێمی كوردستان."

 

200 رۆژنامەنوس و چالاكوان روبەڕوی هەڕەشە بونەتەوە

مكدام تاكە چالاكوان و رۆژنامەنووس نەبوو لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكانه‌وه‌ هەڕەشەی كوشتنی لێبكرێت، بەڵكو بەپێی ئامارێكی كۆمەڵەی بەرگریكردن لە ئازادی رۆژنامەنوسان؛ لەماوەی نێوان 1ی تشرینی یەكەمی 2019 تا 31ی كانونی دووەمی 2020، زیاتر لە "200 رۆژنامەنووس و چالاكوان" پێشێلكارییان بەرانبەر كراوە.

بەپێی ئاماری كۆمەڵەكە "سێ رۆژنامەنوس شەهیدبون، 37 حاڵەتی هەڕەشەی كوشتن دژی میدیاكار و رۆژنامەنوس و چالاكوانان تۆماركراوە، چوار حاڵەتی رفاندن، 10 حاڵەتی دەستگیركردن و 14 رۆژنامەنوس و چالاكوانیش لەكاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانەكان برینداربوون."

هه‌روه‌ها له‌ ئاماره‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ 91 حاڵەتی لێدان و رێگریكردن بەرانبەر چالاكوان و رۆژنامەنووسان و وێنەگری كەناڵەكانی راگەیاندن هه‌بووه‌، 20 جار هێرشكراوەتە سەر دەزگا میدیاییەكان و 20 نوسینگەی راگەیاندن داخراون.

img-20200102-183848-1
بەغدا، كانونی دووەمی 2020، گەنجێك مۆم لەبەردەم وێنەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریر دادەگیرسێنێت فۆتۆ: ئەحمەد مساڵحە

فەرمانی دەستگیركردن پاش دەستگیركردن دەردەكرێت

لەساڵی 2003ـەوە تائێستا حەوت جار دەستگیركراوە، بەڕادەیەك بەلایەوە بۆتە شتێكی ئاسایی. عەلی هاشم، چالاكوانێكی تری گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان بە (كەركوك ناو)ی وت "دەستگیركردنەكەم لە خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019 جیاوازبوو لەوانەی پێشوتر، لەڕاستیدا لە رفاندن دەچوو."

ئێوارەی 7ی تشرینی یەكەم، عەلی هاشم ئۆتۆمبێلەكەی لێدەخوڕی كاتێك ژمارەیەك چەكدار بەجلوبەرگی سەربازییەوە رایانگرت و بەوە تۆمەتباریانكرد ئەو ئۆتۆمبێلەی لێی دەخوڕێت دزراوە و وتیان؛ سەر بە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانن.

"بە تۆمەتێكی تاوانكاریی دەستگیریانكردم بەڵام لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا پێیانوتم تۆمەتەكەم هاندانی خەڵكە بۆ خۆپیشاندان". عه‌لی وای وت.

ئاماژەشی بەوەدا ئەو دەستگیركردنە لە "رفاندن" دەچوو، چونكە هیچ فەرمانێكی دادگایان پێنەبوو، جگە لەوەش كەسوكارەكەی تا یەك هەفتە نەیانزانی لەكوێ بەند كراوە.

عەلی هاشم، بەكەفالەتی دوو فەرمانبەری حكومی ئازادكرا كە نەدەبوو مووچەكەیان لە 500 هەزار دینار كەمتر بێت و غەرامەی 10 ملیۆن دینار بۆ هەر فەرمانبەرێك دیاریكرا، بۆ ئەوەی كەیسەكەی بمێنێتەوە لەسەر بنەمای ئەوەی بە كەفالەت ئازاد كراوە.

عەلی خۆی دووچاری لێدان و سوكایەتی نەبوو، بەڵام ده‌ڵێت "هاوڕێ دەستگیركراوەكانم دوچاری ئەم جۆرە پێشێلكارییانە بونه‌ته‌وه‌".

بۆمدەركەوت فەرمانی دادگا تایبەت بەدەستگیركردن لە دوای دەستگیركردنمان لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەردەكرێته‌وه‌، تائێستاش نازانین ئەو دەزگا ئەمنییانە كێن

وتیشی "بۆمدەركەوت فەرمانی دادگا تایبەت بەدەستگیركردن لە دوای دەستگیركردنمان لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەردەكرێته‌وه‌، تائێستاش نازانین ئەو دەزگا ئەمنییانە كێن، بەشێك دوپاتیدەكەنەوە كە سەر بە حەشدی شەعبین، بەشێكیش دەڵێن سەر بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانین."

عەلی هاشم بە دەستگیركردن و لێكۆڵینەوە رزگاری نەبوو، دوای ئەوەش میلیشیا چەكدارەكان بەردەوام لەنزیك ماڵەكەیدا دەگەڕان و پرسیاریان لەبارەوە دەكرد و هەڕەشەیان لێدەكرد، بەڵام هەموو ئەمانە نەبووە هۆی ئەوەی لەگۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان بكشێتەوە، وەك خۆی ده‌ڵێت.

ئه‌و وتی "زۆربەی ئەو هاوڕێیانەم كه‌ روبەڕوی دەستگیركردن و پێشێلكاری و هەڕەشە بونه‌ته‌وه‌ بەیه‌كجاری دیارنەمان، لەنێویاندا دكتۆر مەیسەم حلو كە بۆ ماوەیەكی زۆر دەستگیركرا، دوای دەركەوتنیشی رایگەیاند كە لەلایەن چەتەوە رفێنرابوو بەرانبەر بڕێك پارە، ئەوەش دوورە لە ڕاستییەوە، هەمووان دەزانن مەیسەم چالاكوانە و دەستگیركراوە و هەڕەشەی لێكراوە، بۆیە ناچاربوو بەتەواوی خۆی ون بكات، تەنانەت نۆرینگەكەشی به‌جێهێشت."

ژمارەیەكی زۆر لەپارێزەران كەیسی دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكانیان گرتەئەستۆ، لەوانە شەیما جابری كە بۆ (كەركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ "زۆربەی حاڵەتەكانی دەستگیركردن بەبێ فەرمانی دادگا بون، گەنجانمان ئاگاداركردەوە ئەگەر دەستگیركران مافی تانه‌گرتنیان هەیە چونكە ئەو دەستگیركردنانە بەبێ فەرمانی دادگا رویاندابوو، دواتر ئەو لایەنانەی خۆپیشاندەرەكانیان دەستگیركردبوو فەرمانی دادگایان بۆ دەردەكردن."

شەیما ئاماژەشی بەوەدا "زۆربەی دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكان روبەڕوی ئەشكەنجەی جۆراوجۆر بونەتەوە، تا فشاریان بخەنە سەر بۆ وژاۆكردن لەسەر هەندێ دۆكیومێنت و تیایدا دانبەوەدادەنێن كاری تیرۆریستییان ئەنجامداوە."

 التحرير
بەغدا، 8ی ئاداری 2020، یادكردنەوەی رۆژی جیهانی ژنان لەگۆڕەپانی تەحریر فۆتۆ: ئەحمەد مساڵحە

ژنانیش بەدەر نەبوون

چالاكوان و رۆژنامەنوسان بە هۆكاری جیاجیا هەڵاتون، بەشێكیان هەڕەشەی دەستدرێژی بۆ سەر كەسوكارەكەی لێكراوە، بەشێكیشیان روبه‌ڕوی هەڕەشەی كوشتن بونه‌ته‌وه‌، تیاندایە سزای لەسێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و كوژراون، نەسرین كه‌ خانمێكی میدیاكارە، پێیباشبوو به‌و ناوە خوازراوەوه‌ باسكردنی ئەو روداوانه‌ بكات لەدەستپێكی خۆپیشاندانەكانی تشرینە یه‌كه‌مه‌وە بەسەریدا هاتون.

نەسرین بە (كەركوك ناو)ی وت "كەسێكی نزیكم لەدەزگای ئاسایشی نیشتمانی پێیوتم پێویستە دەستبەجێ عیراق به‌جێبهێڵم، چونكە ژیانم لە مەترسیدایە، تەنانەت چەندجارێكیش هەوڵمدا بگەڕێمەوە بەڵام ئامۆژگارییان كردم نەگەڕێمەوە، جگەلەوەش چەندینجار لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هێرشمكرایەسەر".

نەسرین منداڵ و كەسوكاری به‌جێهێشت و رویكردە توركیا، تائێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ عیراق، وەك خۆی دەڵێت ناچاربووە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبوك لەكاربخات، "هەركات بمویستایە لە ئەكاونتی خۆمه‌وه‌ شتێك بڵاوبكەمەوە هەڕەشەم لێدەكرا و كەسێك نامەیەكی بۆ دەناردم، تەنانەت دوای ئەوەی عیراقیشم به‌جێهێشت."

دەسێكی نزیكم لەدەزگای ئاسایشی نیشتمانی پێیوتم پێویستە دەستبەجێ عیراق به‌جێبهێڵم، چونكە ژیانم لە مەترسیدایە

ژمارەیەكی زۆر لە خانمە میدیاكار و چالاكوانەكان رویانكردە تاراوگە، بەهۆی ئەوەی هیچ شوێنێك نەبوو لەنیشتمانەكەیاندا بتوانێت پارێزگارییان لێبكات، هەدیر قەیسی، رۆژنامەنوس و چالاكوانێكی كاریگەری حزبی شیوعی عیراقی یەكێكە لەو خانمانە.

"دوای 30ی تشرینی یەكەمی 2019، لەڕێی ئەكاونتەكەمەوە لە فەیسبوك هەڕەشەم لێكرا، لەبەرئەوەی بەڕونی و بە ڕاشكاوی رەخنەم ئاراستەی لایەنە سیاسییەكان و ئەوانە دەكرد كە لە دەرەوەی عیراقەوە سەپێنرابون، جگەلەوەش بەردەوام دەچوم بۆ گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان و تەنانەت شەوانیش لەوێ دەمامەوە" هەدیر وای وت.

كارەكە بە هەڕەشه‌ی سەر فەیسبوك نەوەستا، هەدیر بە (كەركوك ناو)ی وت "ژمارەیەك ده‌مامكدار هەڵیانكوتایە سەر ماڵمان و لەدایكمیان دا، بەدوای مندا دەگەڕان، منیش لەماڵەوە نەبوم، دواتر هەڕەشەی ئەوەیان لەباوكم كرد كە دەمكوژن، بۆیە به‌ناچاری چوم بۆ توركیا و نەگەڕامەوە."

مانگێك لەمەوبەر، هەدیر گەڕایەوە، بەڵام نەچوە ماڵی باوكی، ئه‌و ده‌ڵێت كۆمەڵێك چەكدار ناوبەناو سۆراخی دەكەن چ لەماڵی خۆیان یان لەماڵی پوری.

پێشتر (كەركوك ناو) لە بەدواداچونێكدا، قەبارەی ئەو پێشێلكارییانەی خستەڕوو كە بەرانبەر خۆپیشاندەران كراوە و گەیشتۆته‌ 650 كوژراو، 25 هەزار بریندار و پێنج هەزار كەمئەندام.

WhatsApp Image 2020-05-11 at 8.36.07 PM
بەغدا، نیسانی 2020، له‌ لافیتەیەكدا داوا لە نەتەوە یەكگرتوەكان دەكرێت گیانی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر بپارێزێت فۆتۆ: ئەحمەد مساڵحە

ئیدانەی نێودەوڵەتی

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری پەنابەران، لە 20ی كانونی یەكەمی 2019دا، نیگەرانی خۆی دەربڕی بوو سەباره‌ت بە بەردەوامی هێرشە كوشندەكان بۆ سەر بەرگریكارانی مافه‌كانی مرۆڤ و راوەدونانی چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی و خۆپیشاندەران لە عیراق.

هاوكات نوسینگەی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ هاوكاری عیراق (UNAMI) داوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی بەپەلە و سەربەخۆی كردووه‌ لەهەموو حاڵەتەكانی مردن كە پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەكانەوە هەیە لە1ی تشرینی یەكەمەوە.

هه‌ر له‌و راپۆرته‌دا داوای هه‌نگاوی به‌په‌له‌ بۆ رێگری له‌ كوشتنی ئه‌نقه‌ستی به‌رگریكارانی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كات، به‌پێویستی ده‌زانێت ده‌ستبه‌جێ رفێنراوان ئازادبكرێن و كۆتایی به‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی نایاسایی بهێنرێت.

 

دانپێدانانی لایەنی حكومی و چارەسەری بێ ئاسۆ

دوای كوژرانی زیاتر لە چوار رۆژنامەنوس و رفاندنی ژمارەیەكی تر، بەتایبەتی دوای تیرۆركردنی ئه‌حمه‌د عه‌بدولسه‌مه‌د، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانیی دیجلە لە بەسرە لە 10ی كانونی دووەمی 2020، وەزارەتی ناوخۆ بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دانیبەوەدانا كە چالاكوانان روبەڕوی پێشێلكاریی دەبنه‌وه‌ و دەزگا ئەمنییەكانیش بەتەنیا ناتوانن پارێزگارییان لێبكەن.

وەزارتی ناوخۆی عیراق بەهاوكاری سەندیكای رۆژنامەنوسان، كه‌ موئەیەد لامی نەقیبی سەندیكاكە پشتڕاستیكردۆته‌وه‌ "هەمئاهەنگیی هه‌ردولا هه‌یه‌ بۆ پێدانی مۆڵەتی چەكهەڵگرتن بەرۆژنامەنوسان، بەهۆی ئەو پێشێلكارییانەی دووچاری بون، هەروەها بەهۆی ئەوەی دەزگا ئەمنییەكان ناتوانن پارێزگارییان لێبكەن."

عەمید خالد مەحنا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ده‌ڵێت "بیرۆكەی هەڵگرتنی چەك لەلایەن چالاكوان و رۆژنامەنوسانەوە دوای گفتوگۆیەكی دور و درێژ لەنێوان سەندیكای رۆژنامەنوسان و وەزارەتی ناوخۆ گەڵاڵە بوو."

وتیشی "ئەمە بەواتای ئەوە نییە وەزارەت ناتوانێت چالاكوان و رۆژنامەنوسان بپارێزێت، بەڵام مسۆگەركردنی پاراستنیان وایخواستوە مۆڵەتی چەكهەڵگرتنیان پێبدەین بۆ ئەوەی لەهەر شوێنێك بن پارێزراوبن."

بیرۆكەی هەڵگرتنی چەك لەلایەن چالاكوان و رۆژنامەنوسانەوە دوای گفتوگۆی سەندیكای رۆژنامەنوسان و وەزارەتی ناوخۆ گەڵاڵە بوو

لەكاتێكدا هێشتا یاسایەكی تایبەت بەپاراستنی رۆژنامەنوسان لەپه‌رلەمانی عیراق دەرنەكراوە، مستەفا ناسر، سەرۆكی كۆمەڵەی بەرگریكردن لە ئازادی رۆژنامەنوسان دەڵێت "لەساڵی 2011ـەوە لەگەڵ په‌رلەمان بەهەموو شێوەیەك كاردەكەین لەپێناو دەركردنی یاسایەكی تایبەت بەپاراستنی رۆژنامەنوسان، بەڵام هەنگاوەكانمان دواخرا و ئاستەنگیان بۆ دروستبوو لەگەڵ سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمدا، بۆیە هەموو شتێك بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە."

دوای ئەو هەموو پێشێلكارییانە و نەبونی پارێزگاریی لەلایەن حكومەتەوە بۆ چالاكوانان و رۆژنامەنوسان، عه‌لی مكدام، ئێستا بیر لەوەناكاتەوە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا تا گره‌نتییەك به‌دەستنەهێنێت بۆ سەلامەتی گیانی خۆیی و كەسوكاری، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە "لەهەموو ساتێكدا ئەگەری ئەوە هەیە بكوژرێت.".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT