بۆ ژنی دووەم لە كەركوكیت؟
"بگەڕێرەوە بۆ ماڵەوە"

فۆتۆ/ Thomas Curryer

لەیلا ئەحمەد

سەمیر محەمەد، چەند مانگێكە لە نێوان كەركوك و دوزخورماتوو هاتوچۆی دەكرد، بۆ ئەوەی ژنی دووەم بهێنێت. سێجار چووە بەردەم دادگای كەركوك و جارێكیش بۆ دوزخورماتوو. ئەم هاتوچۆیە دوای ئەوە هات نەیتوانی ئەو پرۆسەیە لە هەرێمی كوردستان تەواو بكات.

ئەو هەوڵانەی سەمیر محەمەد (50ساڵ)، بۆ مارەكردنی خاتونێكی شاری كەركوك، دوای ئەو بەربەست و رێگرییانە هات كە بە یاسا و لە هەرێمی كوردستاندا دژی ئەو پیاوانە دەكرێت كە دەیانەوێت ژنی دووەم بهێنن.

لە هەرێمی کوردستان نابێت پیاو ژنی دووەم یان زیاتر بهێنێت لەحاڵەتی هەبونی ژنی یەكەمدا، مەگەر بەڕێگەپیدانی دادوەربێت، ئەوەش لەچوارچێوەی چەند مەرجێکدا و بەپێی هەمواری جێبەجێکردنی یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959ی عێراق.

لەو هەموارەدا کە ساڵی 2008 پەرلەمانی کوردستان پەسەندیکردووە، دەبێت رەزامەندی هاوسەری یەکەم بەدەستبهێنرێت، هەروەها نەخۆشکەوتنی ژنەکە بەجۆرێک ببێتە ڕێگر لەسەرجێیی یان نەزۆکی یاخود ئومێدی چاکبونەوەی نەبێت.

هەروەها توانای دارایی پیاوەکە بۆ دوو ژن گونجاوبێت و پڕکردنەوەی بەڵێننامەی دادپەروەری لەنێوان ژنەکاندا و هەروەها نابێت ژنەکە پێشتر ئەو مەرجەی هەبوبێت کە هەوێی بەسەردا نەیەت.

بەوهۆیەوە سەمیر محەمەد نەیتوانیوە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان مارەبڕینەكەی ئەنجامبدات، بۆیە رویكردۆتەوە كەركوك. بەڵام رونكردنەوەی بۆ (كەركوك ناو) نەدا لەسەر ئەوەی ئایا كام لەو مەرجانەی سەرەوەی نییە.

buk
فۆتۆ: Andre Hunter

لەگەڵئەوەشدا وتی كە هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ ئەوەی پرۆسەكە سەركەوتوو بێت.

لە ئێستادا هەریەكە لە دادگای كەركوك و دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین هاوسەرگیری ژنی دووەم بۆ ئەو پیاوانە تۆمارناكەن كە تۆماری باری شارستانیان هەرێمی كوردستانە. لەوانەش سەمری محەمەد.

یادگار عەدالەت، پارێزەر لە دوزخورماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان بەنوسراو داوای لە دادگاكانی كەركوك و دوزخورماتوو كردووە كە مارەبڕین بۆ ئەو كەسانە نەكات كە باری شارستانیان هەرێمی كوردستانە".

یادگار جەختیكردەوە زیاتر لە دوو ساڵە كار بەو نوسراوە دەكرێت و دەیان داوای مارەبڕین بۆ ژنی دووەم رەتكراونەتەوە.

"رێژەی هاوسەرگیری دووەم بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە زۆر كەمبۆتەوە... بۆ نمونە سێ رۆژ لەمەوبەر ژن و پیاوێک لە قەزای چەمچەماڵەوە هاتنە دوزخورماتوو بۆ گرێبەستی هاوسەرگیری، بەڵام دادوەر رەتیكردەوە"، یادگار وای وت.

رێژەی هاوسەرگیری دووەم بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە زۆر كەمبۆتەوە

بەپێی هەمواری یاسای باری كەسێتی، سزای شەش مانگ بۆ ساڵێک زیندانی و 10 ملیۆن غەرامەی داناوە بۆ ئەو کەسانەی بەپێچەوانەی ئەو مەرجانەوە هاوسەرگیری دووەم ئەنجامدەدەن.

هەروەها بەپێی داواكەی ئەنجومەنی دادوەری بۆ دادگاكانی ناوچەكانی جێناكۆك، هەر كەسێك ئەگەر نیشتەجێی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆكیش بێت، بەڵام تۆماری باری شارستانی هەرێمی كوردستان بێت ئەوا ناتوانێت هاوسەرگیری دووەم ئەنجامبدات بەدەر لەو مەرجانەی ناو یاساكە.

بەڵام بەپێی یاسای باری کەسێتیی کارپێکراو لە دادگاکانی کەرکوک و عیراق، هاوسەرگیری دووەم تەنیا پێویستی بە ڕەزامەندی دادوەر هەیە بەدوو مەرج، ئەویش توانای باشی دارایی پیاوەکە و هەبونی بەرژەوەندییەکی گونجاو و شەرعی لەو پڕۆسەیەدا. ئەمەش جارێكی تر سەمیر محەمەد بێبەشدەكات لە ژنی دووەم.

بەدەر لەو مەرجانە، هەر لە دادگاکانی عیراق و بەپێی ئەو یاسایە، ڕێگە بەفرەژنی و زیاد لە هاوسەرگیرییەک دەدرێت ئەگەر لەگەڵ بێوەژناندا بێت.

بڕیاری دادگاكانی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك بۆ ئەوانەی خەڵكی شارەكانی هەرێمی كوردستانن یان باری شارستانیان لە ناوچەكانی جێناكۆك نییە، لەكاتێكدایە پێشتر زۆرینەی پیاوان بۆ مارەكردنی ژنی دووەم دەچونە كەركوك یان دوزخورماتوو.

یادگار عەدالەت وتی "ئەگەر کەسێک بیەوێت ژنى دووەم بهێنیت و باری شارستانی كەركوك یان ناوچەكانی تری جێناكۆك بێت، ئەوە رێی پێدەدرێت بەپێی یاساكەی عیراق".

لە ساڵی 2013 تا 2017 بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، تەنیا 589 پرۆسەی هاوسەرگیری ژنی دووەم لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، ئەوەش بەپێی ئەو مەرجانەی لە یاسای باری كەسێتی هەرێمدا هەیە و زۆرینەیان لە سلێمانی تۆماركراون.

سەید سیروان، پارێزەر لە دادگای كەركوك، بە (كەركوك ناز)ی وت "هێنانی ژنی دووەم لای ئێمە زۆرە، تەنیا بۆ ئەوانە نییە كە خەڵكی هەرێمی كوردستانن".

بڕۆوە بۆ ئەو شوێنەى كە لێوەی هاتویت، لای ئێمە ناتوانیت ژنی دووەم بهێنیت

سەمیر محەمەد، كە پیشەی فەرمانبەرە دوای ئەوەی بۆ جاری سێیەم لەگەڵ پارێزەرەكەی چووە بەردەم دادوەر لە كەركوك، بۆ ئەوەی ژنی دووەم مارە بكات، پێیانوت "بڕۆوە بۆ ئەو شوێنەى كە لێوەی هاتویت، لای ئێمە ناتوانیت ژنی دووەم بهێنیت".

ئەو وتی "سودی نەبوو، رەفزیان كردین، چومە دوزخورماتوش لەوێ وتیان ناتوانیت ژنی دووەم بهێنیت".

تێبینی: ناوی سەمیر محەمەد لەسەر داوای خۆی خوازراوە

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT