كەیسی 65 گەنجەكەی كەركوك چی بەسەرهات؟

كەركوك/ 12ی تشرینی یەكەمی 2021/ ژمارەیەك وێنەی راگرتنی هاوڵاتیان لەلایەن بازگەی هێزە ئەمنییەكانەوە لە گەڕەكی شۆریجە

كەركوك ناو

پارێزەرێكی خۆبەخشی ئەو 65 گەنجەی لە هەردوو گەڕەكی رەحیماوا و شۆریجە لە مانگی رابردودا دەستگیركران، جەختدەكاتەوە لەوەی، كەیسەكانیان هێشتا لە دادگا دانەخراوە، بەڵام كاندیدێكی دەرچوو بۆ پەرلەمانی عیراق لە كەركوك، دەڵێت "كەیسەكان بەتەواوی داخراون و نوسراوی داخستنەكەم لایە".

لە رۆژانی 11ەو 12 تشرینی یەكەم، هێزە ئەمنییەكانی كەركوك ژمارەیەك گەنجی كوردییان لە هەردوو گەڕەكی رەحیماوا و شۆریجە دەستگیركرد، ئەوەش بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایش"ی شارەكە و رێگریكردن لە بە ئازادی كاركردنی هاوڵاتیان. دەستگیركردنەكە دوای ئەوە هات كە گەنجەكان ئاهەنگیان گێڕا بە بۆنەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكان و دواتر سەریكێشا بۆ بارگرژیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان.

هەرچەندە هەموو گەنجەكان لە رۆژانی دواییدا بە كەفالەت ئازادكران، بەڵام بەپێی وتەی ئاهەنگ ئەنوەر، یەکێک لەو پارێزەرانەی بە خۆبەخش بەرگری لەو گەنجانە دەكرد، هێشتا كەیسەكانیان لە دادگا دانەخراوە.

ئاهەنگ بە (كەركوك ناو)ی وت "تا ئێستا کەیسی ئەو گەنجانە لە دادگا دانەخراوە، بڕیارە لە مانگی داهاتودا بڕیار لەسەر داخستنی کەیسەکان بدرێت، یاخود دادگایی بكرێن".

جەختیشكردەوە "ئەگەر هەیە كەیسەكانیان بە تەواوی دابخرێن، بەڵام هێشتا دانەخراوە".

ئەگەر هەیە كەیسەكانیان بە تەواوی دابخرێن، بەڵام هێشتا دانەخراوە

بەڵام شاخەوان عەبدوڵا، كاندیدی دەرچوی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای كەركوك بۆ پەرلەمانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "خۆم ئیشم لەسەر ئەو كەیسە كردووە، لە رۆژی 10ی تشرینی دووەم، بە بڕیاری دادوەر كەیسەكە بەتەواوی داخراوە چونكە هیچ زیانێك لەو روداوەدا نەبووە".

جەختیشكردەوە لەوەی نوسراوی داخستنەكەی لایە، بەڵام وتی "بڵاویناكەینەوە".

لەو 65 گەنجە، 36یان لە گەڕەكی شۆریجە و 29ی تریش لە گەڕەكی رەحیماوا لەلایەن سوپا و لیوای تایبەتی 61وە دەستگیركرابون و دواتر رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی كران، دەستگیركردنەكەش بە ماددەی 222 لە یاسای سزادانی عیراقی.

سوارە ئەحمەد، ناوی خوازراوی یەكێك لەو گەنجانە، بە (كەركوك ناو)ی وت "من لەكاتی روداوەكە پەیوەندیم بە ئاهەنگ و كۆبونەوەكانەوە نەبوو، بەڵام لەو نزیكانە بوم و دەستگیریان كردم، هێشتا تەنانەت مۆبایلەكەشم وەرنەگرتۆتەوە... چومە بنکەی پۆلیسی ئازادی بۆ سۆراغی مۆبایلەكەم، بەڵام وتیان لای ئێمە نییە، رەنگە لای هێزەكانی لیوای تایبەتی 61ی بێت".

police.kirkuk
كەركوك/ 12ی تشرینی یەكەم/ هێزە ئەمنییەكانی پۆلیس لە گەڕەكی شۆڕیجە دوای دەستگیركردنی ژمارەیەك گەنج. فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی 222 لە یاسای سزادانی عیراقی، كە ئەو گەنجانەی پێ دەستگیركراوە، "هەر گردبونەوەیەك، ئامانج لێی ئەنجامدانی تاوان، یان كەتن، یان رێگریی لە جێبەجێكردنی یاسا و بڕیارەكاندا هەبێت، یاخود كاریگەری بكاتە سەر كارەكانی دەسەڵات، یان هاوڵاتیان لە ئازادی كاركردن بێبەش بكات، ئیتر ئەو كاریگەرییە بەهێز بێت، یان هەڕەشە، ئەوا ئەو كەسە سزادەدرێت بە زیندانی كە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، یان سزادی ماددی دەدرێت یان هەردوو سزاكە دەیگرێتەوە".

بەپێی مادەكە، سزاكە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە بانگەوازیان بۆ گردبونەوەكە كردووە، یان بەڕێوەیانبردووە، یان بەشدارییان تیادا كردووە و ئاگاداری ئامانجەكەی بوبن. هەروەها ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە لە گردبونەوەكە دورنەكەوتونەتەوە، هەرچەندە زانیویانە ئامانجەکەی چییە.

عامر نوری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئێمە هیچ هەماهەنگییەکمان لەگەڵ ئەو هێزەدا نییە كە ئەو گەنجانەی دەستگیركردووە، هەر بۆیە ناتوانین لێکۆڵینەوە لەو پرسە بکەین، بەڵام بەگشتی ئەو گەنجانە هیچیان لەسەر نەماوە".

وتیشی "رێنماییمان دابووە بنکەی پۆلیسی ئازادی کە پێویستە هەرچی کەلوپەلی تایبەتی ئەو دەستگیرکراوانە هەیە رادەستیان بكرێتەوە".

ئازادكردنی گەنجەكان بە كەفالەت، دوای ئەوە هات كە حزبە كوردییەكان ناڕەزاییەكانیان لەڕێی تەلەفونەوە گەیاندە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەڵام پارێزەرانی كەیسی ئەو گەنجانە ئەوكات بۆ (كەركوك ناو)، جەختیانكردەوە "ئازادكردنیان بە رێكاری یاسایی بووە نەك سیاسی"، وەك ئەوەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بانگەشەی بۆ دەكەن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT