رزگاربوانی ئێزیدی دەخرێنە بەر خوێندنی خێرا

دهۆك/ خوێندنگەیەك لەناو كەمپی كەبەرتوو تایبەت بە ئاوارەكان فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز - دهۆك

پەروەردەی قەزای شەنگال، دوو قوتابخانەی خوێندنی خێرا بۆ كچان و كوڕانی رزگاربوی دەستی داعش دەكاتەوە، دوای ئەوەی لە خوێندن دابڕان و بەهۆی هەڵكشانی تەمەنەوە لە قوتابخانە ئاساییەكاندا وەرنەگیرانەوە.

ئەو دوو قوتابخانەیە سەر بە خوێندنی كوردی پەروەردەی قەزاكەیە، بڕیارە بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 لەناو دوو كەمپی ئاوارەیی سنوری پارێزگای دهۆكدا خوێندكار وەربگرن.

"دڵخۆشم بە كردنەوەی قوتابخانەی خوێندنی خێرا، چونكە چەندین كەس بەهۆی تەمەنەوە ناتوانن درێژ بە خوێندن بدەن، بۆیە بە دڵنیاییەوە ناوی خۆم تۆماردەكەم و دەست بە خوێندن دەكەمەوە" عالیە بەرجس (23 ساڵ) وای وت.

ئەو كچە ئێزیدییە لەكاتی هێرشەكانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش" بۆ شنگال، لە قوتابخانەیەكی ناحیەی گرعوزێر پۆلی هەشتی بنەڕەتی تەواو كردووە و دەرچووە بۆ پۆلی نۆ، بەڵام رفێنراوە و دوای سێ ساڵ رزگاركراوە.

پێشتر بەڕێوەبەری خوێندنگەیەك وتی تەمەنت گەورە بووە و ناتوانین وەرتبگرین

"ساڵی رابردو ویستم بگەڕێمەوە بۆ خوێندن بەڵام بەڕێوەبەری خوێندنگە وتی تەمەنت گەورە بووە و ناتوانین وەرتبگرین" بەوتەی عالیە بۆ (كەركوك ناو)، كە ئێستا لەگەڵ خوشك و برایەكیدا لە كەمپی چەممشكۆ دەژیت، ئەوەش لە خێزانێكی 13 كەسی، بەوپێیەی دایكى لەگەڵ سێ خوشك و برایەكیدا لە ئەڵمانیایە، بەڵام باوكی لەگەڵ دوو برا و دوو خوشكیدا رفێنراون و چارەنوسیان نادیارە.

به‌پێی رێكار و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراق، هه‌ر خوێندكارێك بۆ دوو ساڵ له‌ خوێندن داببڕێت پێویسته‌ بچێته‌ خوێندنی ئێواران، هه‌ر خوێندكارێكیش بۆ چوار ساڵ داببڕێت مافی خوێندنی له‌ ده‌وامی به‌یانیان و ئێواراندا نامێنێت بۆیه‌ پێویسته‌ بچێته‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندنی خێرا.

له‌ عیراق خوێندنی خێرا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی به‌هۆكاری جیاواز له‌ خوێندن دابڕاون، به‌ڵام له‌ كه‌مپه‌كاندا نین.

xwendn shngal (1)
نه‌ینه‌وا/ 2019/ خۆپیشاندانێكی خوێندكارانی خانه‌سۆر بۆ داوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و كردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌ داخراوه‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش له‌ شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

شەهاب ئەحمەد، بەرێوەبەری كارگێڕی لە خوێندنی كوردی پەروەردەی شنگال –سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان- بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەگەڵ كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكاندا، ئەو دوو خوێندنگەیەش دەكرێتەوە بۆ ئەو كەسانەی بەهۆی گەورەیی تەمەنیانەوە نەیانتوانیووە درێژە بە خوێندن بدەن".

ئەو دوو قوتابخانەیە لە كەمپەكانی چەممشكۆ-ـی زاخۆ (زیاتر لە 21 هەزار ئاوارەی تێدایە) و شاریا-ـی سێمێل (زیاتر لە 12 هەزار ئاوارەیی تێدایە) دەكرێنەوە، هەر خوێندكارێكیش دوو پۆل بە ساڵێكی خوێندن تەواو دەكات؛ یەك و دووی بنەڕەتی پێكەوە، سێ و چوار پێكەوە، پێنج و شەش پێكەوە، حەوت و هەشت پێكەوە، بەڵام پۆلی نۆی بنەڕەتی بە یەك ساڵی خوێندن تەواو دەكرێت.

لێپرسراوەكەی پەروەردە مەرجەكانی وەرگرتن لەو دوو قوتابخانەیەی رونكردەوە؛ بۆ كوڕان تەمەنی 9 تا 22 ساڵ، بۆ كچان تەمەنی 9 تا 24 ساڵ وەردەگیرێن، بۆ ئەوانەی پێشتر لە خوێندنی عەرەبی بون هێشتا چاوەڕێی رەزامەندی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەكەن.

له‌ قه‌زای شنگال؛ دوو په‌روه‌رده‌ (كوردی و عه‌ره‌بی) هه‌ن، به‌ هه‌ردوكیان زیاتر له‌ 54 هه‌زار خوێندكاریان هه‌یه‌ و به‌شێكی زۆریان هێشتا له‌ كه‌مپ و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ئاواره‌ن –لە كەمپەكاندا 90 قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی هەن  كە نزیكەی 15 هەزار خوێندكاریان هەیە-.

دەبێت كرێی هاتوچۆ بۆ ئەو كەسانە دابینبكرێت كە لە شوێنەكانی دیكەوە روو لەو دوو قوتابخانەیە دەكەن

خدر دێرو، چالاكوانی ئێزیدی لە كەمپی چەممشكۆ، شەش خوشكەزای بەهۆی تەمەنەوە لە خوێندنی ئاسایی دابڕاون، چوار كچ و دوو كوڕ، بەوپێیەی رفێنرابون لەلایەن داعشەوە، "چەندجارێك هەوڵماندا بەڵام رێگەنەدرا بگەڕێنەوە بۆ خوێندن".

سەبارەت بە كردنەوەی دوو قوتابخانەی خوێندنی خێرا، دێرو دەڵێت "پێویستە پەروەردە هەموو ساڵێك خوێندنی خێرای هەبێت، چونكە ماوەی جارێك كەسانی دیكە لە دەستی داعش رزگاردەكرێن، دەبێت كرێی هاتوچۆ و پاس بۆ ئەو كەسانە دابینبكات كە لە شوێنەكانی دیكەوە روو لەو دوو قوتابخانەیە دەكەن".

چەكدارانی داعش لە ئابی 2014ـدا هێرشیانكردە سەر هاوڵاتیانی ئێزیدی لە شنگال و دەشتی نەینەوا، بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار كەس كوژران، لە نێویاندا منداڵ هەبون، جگە لە رفاندنی شەش هەزار هاوڵاتی كە لەو ژمارەیە نزیكەی دوو هەزار منداڵ رزگاركراون و تائێستاش لە كۆی رفێنراون زیاتر لە دوو هەزار و 700 كەس بێسەروشوێنن.

بەڕێوەبەری كارگێڕی خوێندنی كوردی پەروەردە دەڵێت لە هەوڵی دابینكردنی مامۆستا، وانەبێژ و پێداویستییەكانی دوو قوتابخانەكەدان و لە پلانیاندایە، بۆ داهاتوو خوێندنی خێرا بۆ قۆناغەكانی دواناوەندی تا 12ـی ئامادەییش بكەنەوە.

بەپێی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی، كە ساڵی 2021 له‌ په‌رله‌مانی عیراق په‌سه‌ندكرا، لە چوارچێوەی قەرەبوكردنەوەی رزگاربوانی دەستی داعش، پێویستە كارئاسانییان بۆ بكرێت تا بگەڕێنەوە بۆ خوێندن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT