كورد نیوەی پۆستەكانی نەینەوا لەدەستدەدات

نەینەوا/ شوباتی 2024/ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا + هەردوو لۆگۆی پارتی و یەكێتیی فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – نەینەوا

لایەنی كوردی لە نەینەوا، پۆستی جێگری پارێزگار و دوو تا سێ بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرێت لە ئیدارەی نوێی پارێزگاكەدا، لەكاتێكدا پێشتر دوو هێندەی ئەو پۆستانەی بەدەستەوە بوو.

تائێستا پێنج پۆستی باڵا لە نەینەوا یەكلابۆتەوە، ئەوانیش پارێزگار و هەردوو جێگرەكەی، لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەكەی، كە تەنیا یەك پۆست (جێگری پارێزگار) بەر كورد/ پارتی دیموكراتی كوردستان كەوت.

"دابەشکردنی پۆستەکان بەپێی ژمارەی کورسییەکانە، هەرچەندە هێشتا بەشی زۆری پۆستەکان دابەشنەکراون و نازانین چەند پۆست بەر كورد دەكەون، بەڵام لەوانەیە دوو تا سێ بەڕێوەبەری گشتی وەربگرین" بەوتەی ئەحمەد نازم دوبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە كوتلەی پارتی.

كورد لە خولی ئێستای ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا شەش كورسی هەیە (چوار پارتی و دوو یەكێتی) لە كۆی 29 كورسی ئەنجومەن، كە بە چوار لیست و هاوپەیمانی جیاواز و دەیان كاندیدەوە چوونە كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە نەك بە یەكلیستی.

دوبەردانی بە (كەركوك ناو)ـی وت "نەبونی یەكلیستی هۆكاری كەمبونەوەی كورسییەكانی كورد بوو".

لە هەڵبژاردنی 2013ـدا كورد 11 كورسی هەبوو لە كۆی 39 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لە 2009ـدا 12 كورسی هەبوو لە كۆی 37 كورسی و لە 2005ـدا، كە یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەن بوو كورد 31 كورسی لە كۆی 41 كورسی بەدەستهێنابوو.

بەپێی بەدواداچونێكی (كەركوك ناو)، كورد لە دوای 2013ـەوە بەپێی رێككەوتنێك پێكهێنەری سەرەكی حكومەتی نەینەوا بوو، جگە لە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگری یەكەمی پارێزگار، زیاتر لە هەشت پۆستی دیكەی باڵای بەدەستەوەبوو لەوانە دوو یاریدەدەری پارێزگار و بەڕێوەبەرایەتی گشتی، جگە لە ژمارەیەك قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە.

shexan 2023 (19)
نەینەوا/2023/دەنگدەرێكی كورد لە بەردەم بنكەیەكی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە شێخان فۆتۆ: كەركوك ناو

محەمەد  جاسم كاكەیی، سەرۆکی كوتلەی یەكێتیی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "کورد پێشتر لە ئەنجومەندا زۆرینە بوو، بەڵام ئێستا بۆتە كەمینە و .. بەبڕوای من یەك تا دوو پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لە ئیدارەی نوێ بەر كورد دەكەوێت".

زۆرینەی لایەنەكانی سوننە و شیعە، هەر یەكێكیان بە جیا دوای هەڵبژاردن لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا كۆبونەوە و دانوستانیان كرد، بەبێ پێچەوانەی پارتی و یەكێتییەوە، وەك دوو لایەنی براوەی كوردی بە جیا چوونە ناو گفتوگۆكانی پێكهێنانی ئیدارەی پارێزگاكەوە.

"زۆر هەوڵماندا لەگەڵ پارتی رێککەوتن بکەین و پێکەوە بەشداری دانیشتنەکانی وەرگرتنی پۆستەکان بکەین، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون، ئەوان پێیان باش بوو لەگەڵ کوتلەی نەینەوا موەحەدە بن و ئێمەش نزیكین لەکوتلەی چوارچێوەی هەماهەنگی" بەوتەی سەرۆكی كوتلەی یەكێتیی، محەمەد جاسم دەڵێت حزبەكەی بەڕێوەبەرێكی گشتی وەردەگرێت.

نەینەوا موحەدە (13 كورسی) لە شەش حزب و هاوپەیمانێتی عەرەبی سونە پێكهاتون لە بەرانبەردا زۆرینەی هێزە شیعەكان وەك چوارچێوەی هەماهەنگی ناویان دەهێنرێت؛ هەردوو بەرە سەرەكییە لەسەر دابەشكردنی پۆستە باڵاكان پێشتر رێككەوتن.

رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری ئیداری، - هێشتا لە پشكی كورد لەو پۆستەدایە و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی نوێ كەسی تر لە جێگاكەی دانەنراوە-، بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەگەر پۆستەكان لەسەر بنەمای ژمارەی كورسی دابەشبكرێن، ئەوا كورد زۆر پۆست لەدەستدەدات.. لە كاتێكدا كورد تائێستاش یەك نین و دابەشبون، پارتی لەگەڵ نەینەوا موەحەدەیە و یەكێتیی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی".

ئەو پێشنیازی كرد ئێستاش بۆ دانوستانی دابەشكردنی پۆستەكانی تری نەینەوا پارتی و یەكێتیی پێكەوە بەشداری بكەن.

تائێستا دیارنییە دانوستانەكان دابەشكردنی چەند پۆستی دیكە لە خۆدەگرێت، بەوپێیەی بەپێی یاسا پێویستە هەڵبژاردنی قەزاكانیش بەڕێوەبچن، كە هێشتا هیچ وادەیەكی بۆ دانەنراوە و روون نییە دەكرێت یان نا، لەكاتێكدا زیاتر لە 35 قەزا و ناحیە لە خۆدەگرێت.

ئەحمەد دوبەردانی دەڵێت "بەپێی یاسا دەبێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزاكان بەڕێوەبچن و قایقمام لەو ئەنجومەنانەدا هەڵبژێردرێن، بەوەش دابەشكردنی پۆستی قایمقام و ناحیەكان لە بەرژەوەندی كورد دەبن، چونكە ژمارەیەكی زۆری كورد لە دەشتی نەینەوا هەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT