14 حزب و هاوپەیمانێتی كێبڕكێی 12 كورسیی پەرلەمانیی پارێزگای كەركوك دەكەن، لە نێویاندا عەرەب بە زۆرترین لیست بەشدارن كە حەوت لیستە، كورد بە پێنج لیست و توركمان بە دوو لیستی جیا.
بەگشتی لەنێو هەموو ئەو لیستانەدا نۆ لیستیان ئەگەری بردنی كورسیی پەرلەمانیان هەیە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنەكانی پێشودا، لە نێویاندا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان.
عەرەب پەرتەوازەترینە
پێكهاتەی عەرەب كە بە حەوت لیستی جیا بەشداریی هەڵبژاردنەكە دەكەن، لە نێویاندا هاوپەیمانێتی عەرەبی، هاوپەیمانێتی عەزم، تەقەدوم، حەسم، رەوتی نیشتیمانی عەشایەری لە عیراق، حزبی عمران و رەفعەی وەتەنی، بەڵام چواریان ئەگەری بردنی كورسی پەرلەمانیان هەیە، لە پێشەوەی هەمویان هاوپەیمانی عەرەبی و تەقەدوم.
عەرەب لە هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی عیراقدا، 172 هەزار و 769 دەنگی بەدەستهێنا، ئەمجارە ترسییان هەیە بەهۆی ئەو پەرتەوازەییەوە دەنگەكانیان بەشێكی بفەوتێت، بەتایبەت ئەو لیستانەی ناتوانن دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن.
لە پارێزگای كەركوك، 958 هەزار و 141 هاوڵاتی لە بایۆمەتری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تۆماركراون و مافی بەشداریكردنیان لە دەنگدانی پەرلەمانی عیراق هەیە، بەو پێیە ئەگەر رێژەی بەشداریی لە سەدا 100 بێت، ئەوا بەهای كورسیەكی پەرلەمانی بە نزیكەیی 74 هەزار دەنگی پێویستە، بەڵام ئەگەر رێژەی بەشداریی لەسەدا 50 بێت، ئەوا بەهای كورسی دەبێتە 37 هەزار.
كورد؛ كێبڕكێیەكە لەنێوان سێ لیستە
دۆخی پێكهاتەی كورد بەروارد بە عەرەب باشترە، چونكە هەرچەندە بە پێنج لیستی جیا بەشداریی دەكەن، بەڵام لە ڕاستیدا كێبڕكێیەكە لە نێوان سێ لیستدایە و تەنیا ئەوان ئەگەری بردنی كورسی پەرلەمانیان هەیە.
حزبە كوردییەكان پێكهاتون لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، نەوەی نوێ، حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و بەرەی گەل، ئەم دووانەی دواییان هیوایان نییە بتوانن دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنن، بۆیە كێبڕكییەكە لەنێوان سێ لیستەكەی یەكەمدایە.
شێرزاد سەمەد، لێپرسراوی ژوری هەڵبژاردنی مەڵبەندی یەكێتی لەكەركوك، لە چاوپێكەوتنێكی (كەركوك ناو)دا وتی "هەوڵی زۆردرا و کۆبونەوەی زۆریش کرا، بۆ ئەوەی لایەنە كرودییەكان بە یەك لیست بەشداریی بكەن و دەنگەكانیان پەرتەوازە نەبن، بەڵام لایەنی بەرانبەر کە پارتی دیموکراتی کوردستانە رێککەوتنی بەشداریی هەڵبژاردنیان بە یەک لیستییان بەستەوە بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، کارتەکانیان تێکەڵ کرد".
لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "ئەگەر بە یەك بیست بەشداریمان بكردایە ئەو کورسییەکمان زیاتر دەهێنا، کە ئێستا پەرتەوازەین کورسییەک کەمتر دەهێنین".
بەڵام لوقمان حسێن، وتەبێژی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی "ئێمە هەردەم لەگەڵ یەکلیستی بووین، لەگەڵ یەکێتی و هەموو لایەنە کوردستانییەکانی دیکەش دانیشتنیمان کرد بۆ ئەوەی کورد بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکات، بەڵام یەکێتیی وەهایان پێباش بوو بە جیا بەشداری بکەین".
توركمان؛ دوو لیست و شەڕی دوو كورسی
توركمان لەم هەڵبژاردنەشدا نەیاتوانی یەكگرتووبن و بە ناچاری بە دوو لیستی جیا بەشداریی لە هەڵبژاردنەكە دەكەن، ئەوانی بەرەی توركمانی یەكگرتوو لە عیراق و هاوپەیمانی رزگاركردنی توركمان، ئەمەیان زیاتر توركمانە شیعە مەزهەبەكان سەرۆكایەتی دەكەن.
ئەو دوو بەرەیە لە هەڵبژاردنەكانی رابردودا هەردوكیان توانیویانە كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن و لە ئێستاشدا هەریەكە و شەڕی بەدەستهێنانی كورسییەكی پەرلەمانی دەكەن.
كۆی كاندیدەكانی پارێزگای كەركوك لەم هەڵبژاردنەدا 251 كاندیدن، كە 76 كاندیدی ژنن لە بەرانبەر 175 كاندیدی پیاو، واتە هەر كورسییەكی پەرلەمان زیاتر لە 19 كاندیدی بەردەكەوێت.
پاڵپشت بە یاسای هەڵبژاردنەكان، پارێزگاكە لە كۆی 329 كورسی پەرلەمان، تەنیا 13 كورسی بۆ تەرخانكراوە، كە لەو ژمارەیە كورسییەكیان بۆ كۆتای كریستیان و سێ كورسی بە كۆتا بۆ ژنان تەرخانكراوە.